ڕونكردنەوەیەک لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى-یەوە

logoy wezaret

وێبسایتى (باسنیوز) بە هەڵە هەواڵێک لە لەبارەى بڕیارێکى دواین کۆبونەوەى ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بڵاوکردۆتەوە، بۆیە بەپێویستى دەزانین ئەم ڕونکردنەوەیە بۆ ڕاى گشتى کوردستان بڵاوبکەینەوە، کە ئەمە دەقەکەیەتى:

لە ڕێکەوتى (١١-٣-٢٠١٧) لە وێبسایتى (باسنیوز) هەڵە هەواڵێک لەبارەى رەخنەگرتن لە بڕیارێکى ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى بڵاوکراوەتەوە، کە تیایدا ئاماژە بەوە کراوە بڕیارەکەى وەزارەت دژى زمانى کوردییە، بۆیە لێرە ڕایدەگەیەنین:

  1. ئەم بڕیارە بڕيارى ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى-یە، کە پێکهاتەى ئەنجومەنەکە بریتیە لە ئەندامبونى تەواوى سەرۆک زانکۆ حکومیەکانى هەرێمى کوردستان و، لەو ئەنجومەنەشدا ئەم بابەتە تاوتوێکراو و بڕیارى لەبارەوە دەرچوە، لەهەمان کاتدا ئەم بڕیارەى ئەنجومەنى وەزارەت بۆ زیاتر بەرەو پێشبردن و بەرزکردنەوەى ئاستى زانستى خوێندکاران و قوتابیانە.
  2. لەلاى باسنیوز هەڵە تێگەیشتنێک لە بڕیارەکەى ئەنجومەنى وەزارەت هەیە، چونکە بڕیارەکە تەنها خوێندکارانى لقى زانستى و بەتایبەت ئەو خوێندکارانە دەگرێتەوە، کە کۆلێژەکانى (پزیشکى، ئەندازیارى، زانست) وەردەگیرێن، واتە بۆ بەش و کۆلێژەکانى دیکە ئەم بڕیارە جێبەجێ ناکرێت و نایانگرێتەوە.
  3. بڕیارەکەى ئەنجومەنى وەزارەت واژوى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوە زانستى لەسەر نیە، بەڵکو واژوى ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەسەرە، کە تەواوى سەرۆک زانکۆ حکومییەکان ئیمزایان لەسەر بڕیارەکان کردوە، كە ئەندامى ئەنجومەنەکەن و دەنگيان لەسەر داوە.
  4. یەکێک لە بەرنامە گرنگەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەم کابینەیەى حکومەتى هەرێمدا دەستپێکردنى (پرۆسەى ناساندنى نێودەوڵەتى زمانى کوردى) و بایەخدانە بەزمانى کوردى،  ئەم پرۆسەیە یەکێکە لە بەرنامە گرنگەکانى وەزارەت كە پڕۆژەى(Kurdish studies)یە، کە تایبەتە بەدابینکردنى زەمالەى زمان و ئەدەبى کوردى بۆ خوێندکارانى بیانى، کە لە ئێستادا سەرقاڵى وردەکارییەکانى ئەو پڕۆژەیەن و، بەهەمان شێوە لە دواین کۆبونەوەى ئەنجومەنى وەزارەت تاوتوێکراوە و، پڕۆژەکەش پەسند کراوە، ئەم پڕۆژەیە بۆ ئەوەى لە داهاتودا ژمارەیەک کورسى خوێندن ڕابگەێنین، بۆ ئەوەش لە کۆبونەوەکەدا چەند پێشنیازێک گەڵاڵە کران بۆ چۆنیەتى ڕاگەیاندن و بەڕێوەبردنى ئەو پڕۆژەکە، ئەم پڕۆژەیە بریتیە لە پڕۆژەیەکى نەتەوەیى وەزارەتەکەمان بۆ دابینکردنى زەمالەى خوێندنى کوردى بۆ خەڵکى بیانى بۆ ئەوەى بتوانن لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان بخوێنن، ئامانجی وەزارەتەکەشمان لە جێبەجێکردنى ئەم پڕۆژەیە ناساندن و بەنێودەوڵەتیکردنى زمانى کوردیە، بۆیە پێشبینیمان دەکرد سەرۆکی بەشی زمانی کوردی لە کۆلێژی بنەڕەتی زانکۆی سەڵاحەدین کە قسەى بۆ باسنیوز کردوە و، زانکۆکەى يەکێکە لە کۆڵەکەکانى جێبەجێکردنى ئەم پرۆژەیە دەستخۆشى لە وەزارەتەکەمان بکردایە و، ئامادەیى خۆى دەرببڕێت بۆ هاوکاریکردنمان لەم بەرنامە گرنگەدا ، بەڵام وادیارە بەڕێزیان ئاگادارى ئەم پرۆژە گرنگە نیە، یاخود بڕیارەکەى پێشتر بەتەواوەتى لە پڕۆژەکە تێنەگەیشتوە، چونکە ئامانجى ئێمە ئەوەیە زمانى کوردى تەنها زمانێک نەبێت کورد بیخوێنێت و قسەى پێ بکات و پێى بنوسێت، بەڵکو دەخوازین ببیێتە زمانێک لەڕووى نێودەوڵەتیەوە بخوێنرێت و ناساندنى نێودەوڵەتى بۆ بکەین.

لە كۆتایيدا وەزارەتەکەمان جەخت لەسەر ئەوە دەکات، کە وەک چۆن بۆ بەنێودەوڵەتیکردنى زمان و ئەدەبى کوردى وەزارەتەکەمان (پرۆسەى ناساندنى نێودەوڵەتى زمانى کوردى) هەیە، لە هەمان کاتیشدا لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستاندا پڕۆژەى تایبەتمان هەبوە بۆ بەرەوپێشبردنى زمانى کوردى بەتایبەت بۆ ئەو خوێندکار و مامۆستایانەى، کە کوردى زمانى دایکیان نیە، بۆ ئەوەى ئاشناى زمان و ئەدەب و فەرهەنگى گەلى کورد بکرێن.  بۆ ئەمەش ئەم پرۆژەیەى وەزارەتەکەمان سەرکەوتنى بەدەستهێنا لە ناوەندەکانى خوێندندا.