وەزارەتى خوێندنى باڵا (٥٠٠) توێژینەوەى پێشکەش بەزانکۆى کەرکوک کرد

DSC_2202.JPG

 بەمەبەستى هاریکاریکردن و پتەوکردنى پەیوەندییەکانى نێوان وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، زانکۆکانى کوردستان لەگەڵ زانکۆى کەرکوک، لەسەر ڕاسپاردەى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، وەفدیکى وەزارەت بەسەرۆکایەتى م.فوئاد عەلى سمایل جێگرى بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى توێژینەوەو پەرەپێدان و، د.ئەحمەد فتح اللە بەڕێوەبەرى نوسینگەى وەزارەت لە شارى کەرکوک و، م.حەسیب ساڵح بەڕێوەبەرى کاروبارى زانستى لە وەزارەت، سەردانى زانکۆى کەرکوکیان کرد و، (٥٠٠) توێژینەوەیان پێشکەش بەزانکۆى کەرکوک کرد.

لەو سەردانەیاندا دواى ئەوەى لەلایەن د.عەباس تەقى سەرۆکى زانکۆى کەرکوک و ستافى زانکۆ بەگەرمى پێشوازییان لێکرا، لە دیدارێکدا گفتوگۆ لەبارەى دۆخى خوێندنى باڵا لە شارى کەرکوک و چۆنیەتى پتەوکردنى پەیوەندییەکانیان لەگەڵ زانکۆکانى هەرێمى کوردستان کرا.

لە بەشیکى دیکەى دیدارەکەدا وەفدى وەزارەت ئامانجى سەردانەکەیان بۆ زانکۆى کەرکوک ڕونکردەوە کە جەختکردنەوەیە لە سەر پتەوکردنى زیاتر پەیوەندییەکانى نێوانیان، هەر لەو چوارچیوەیەدا وەفدى میوان داوایان لە سەرۆکى زانکۆى کەرکوک کرد لە کاتى کاندیدکردنى کاندیدەکانیان بۆ خوێندنى باڵا لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان، گرنگى بەو بابەت و کێشانە بدەن کە ڕەنگدانەوەى شارى کەرکوکەو خزمەت بەشارەکە دەکات، هەروەک داواشیان کرد هەر بابەت و کێشەیەک کە بەگرنگى دەزانن بۆ پارێزگاى کەرکوک توێژینەوەى لەسەر بکرێت بەنوسراوى ڕەسمى بەرزى بکەنەوە بۆ وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە هەرێمى کوردستان، تا لەلایەن وەزارەتەوە ئاڕاستەى زانکۆکان بکرێت بۆ ئەوەى توێژینەوەى زانستى لەبارەوە ئەنجام بدەن.

لەبەرامبەردا سەرۆکى زانکۆى کەرکوک، بەگرنگیەوە پێشوازى لەو بایەخدانەى وەەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێمى کوردستان کرد کە بە زانکۆى کەرکوکى دەدات.

دوا بەدواى دیدارەکەش لە مەراسیمیکى تایبەتدا لەلایەن سەرۆکى ئەندامانى وەفدى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە هەرێمى کوردستان (٥٠٠)  نامەى ماستەرو تێزى دکتۆراى زانکۆکانى هەرێمى کوردستان پێشکەش بەسەرۆکى زانکۆى کەرکوک کرا، کە (٣٠٠)یان لە بوارەکانى زانستە پەتى و پزیشکیەکان بو و، (٢٠٠) دانەشیان لە بوارە جیاکانى زاستە مرۆڤایەتیەکان بون، بۆ ئەوەش سەرۆکى زانکۆى کەرکوک سوپاسى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کرد، هەروەک ئامادەیى زانکۆکەشیانى پیشاندا کە لە داهاتوەیەکى نزیکدا بەهەمان شێوە ژمارەیەک لە توێژینەوەکانى خۆیان پێشکەش بەزانکۆکانى هەرێمى کوردستان بکەن.