وەزیرى خوێندنى باڵا: لە چەند ڕۆژی داهاتو ڕێنماییەکانى خوێندنى ماستەر و دکتۆرا بڵاودەکەینەوە

ئاهه‌نگی ده‌رچوانی زانكۆی گه‌رمیان

وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى لە پێنجەمین خولى دەرچوانى زانکۆى گەرمیان ڕایگەیاند: لە ماوەی (١٠٠) ڕۆژی ڕابردودا هەنگاوی گرنگمان ناوە بۆ ڕیفۆرم و چاکسازی ڕاستەقینە لە بواری خوێندنی باڵا، کارمان کردوە بۆ ڕەخساندنی زیاتری دەرفەتی خوێندنی بۆ گەنجانی وڵاتەکەمان و چەسپاندنی بنەماکانی دەرفەتی یەکسان و کەمکردنەوەى کرێى خوێندن لە زانکۆکان.

ئەو ڕاگەیاندنەى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەمیانى پێشکەشکردنى وتارێکدا هات کە ئەمڕۆ یەکشەممە ڕێکەوتى (٢٠/١٠/٢٠١٩) لەشارى کەلار لە خولى پێنجەمى دەرچوانى زانکۆى گەرمیان پێشکەشیکردو تیایدا (١٣٧٩) رۆڵەى وڵاتەکەمان لە (٢٩) بەشى جیاجیا بڕوانامەى بەکالۆرۆسیان وەرگرت.

لە وتەکەیدا د. ئارام محمد قادر ڕوو لە دەرچوانى زانکۆى گەرمیان ڕایگەیاند: سەربەرزم ئەمرۆ لە گەرمیانی لانکەی خەبات و درێژەپێدانی کوردایەتی و مەڵبەندی ئەنفال و قوربانیدان  شۆڕشگێڕی و لە ڕێوڕەسمی دەرچوانی پێنجەمین خولی زانکۆکەتان (خولی زانست... بەرخودانە... ژیانە) بەشدارین.  بۆ ئەمەش وتى: ئاهەنگی دەرچوونی ئەم گەنجانە هاوکاتە لەگەڵ تێپەڕبونی (١٠٠) ڕۆژ بەسەر دەستبەکاربونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە لەو ماوەیەدا جێگەی شانازییە چەندین هەنگاوى گرنمان ناوە، لە هەنگاوی یەکەمدا بڕیارمان دا بە کەمکردنەوەی کرێی خوێندنی پارالێڵ و ئێواران بە ڕێژەی (٤٥٪) بۆ هەمو زانکۆ حکومییەکان و هەمو قۆناخەکانی خوێندن، هەروەها بڕیارماندا بە کەمکردنەوەی کرێی خوێندن لە سەرجەم زانکۆ تایبەتەکانی کوردستان بە ڕێژەی (٢٥٪) بۆ هەمو بوارەکان و قۆناغەکانی خوێندن،  هەروەها ئەمساڵ بۆ یەکەمینجار توانیمان زۆرترین ڕێژەى دەرچوان لە کۆلێج و بەشەکانی زانکۆ حکومییەکان وەربگرین،

کە لە ئەنجامى سکاڵاشدا ئەمڕۆ توانیمان (١٥٧٩) خوێندکارى دیکە لە ئەنجامى پێشکەشکردنى سکاڵا لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان وەرگیران، بەمەش هیچ دەرچویەکی ئامادەیی لەدەرەوەی پلانی وەرگرتن نەماوەتەوە.

هەر لە ئاهەنگى دەرچوانى زانکۆى گەرمیان، وەزیرى خوێندنى باڵا ئاشکرایکرد: هەر لە ماوەی دەستبەکاربوونمان توانیمان چارەسەری گرفتی هەمو کاندیدانی ماستەرو دکتۆرا بکەین و خۆشبەختانە ئێستا هەموو کاندیدەکان گرفتەکانیان چارەسەر کراوەو دەستیان بە خوێندن کردوە.

هاوکات توانیمان لە ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا ڕێنماییەکانی خوێندنی ماستەرو دکتۆرا هەموار بکەینەوەو دەرفەتی بەرفراوان بۆ دەرچوانی زانکۆکانمان بڕەخسێنێت، لێرەوە دەتوانم مژدەی ئەوەتان پێ بدەم کە لە چەند ڕۆژی داهاتودا ڕێنماییەکان بڵاو دەکەینەوەو دواتریش دەرگای پیشکەشکردنی داواکاری دەکەینەوەو ئێوەی دەرچوانی ئەمساڵیش لە هەموو زانکۆکان ئەوانەی هێشتا دانەمەزراون دەتوانن داواکاری بۆ خوێندنی ماستەر پێشکەش بکەن. وەزیرى خوێندنى باڵا وتیشى لە چەند رۆژى ڕابردودا سێ یەکەمەکانى زانکۆکانى هەرێمى کوردستان کە ژمارەیان (١٢٤٩) دەرچوە، بڕیارى دامەزراندنیان لەلایەن ئەنجومەنى وەزیران بۆ دەرچو، بۆ ئەم مەبەستە سوپاسى هەریەک لە بەڕێزان سەرۆک و جێگر و ئەندامانى ئەنجومەنى وەزیران دەکەن بۆ هەوڵ و رۆڵیلن بۆ دامەزراندنى سێ یەکەمەکان، کە هەریەک لە سێ یەکەمەکان دەتوانن لە بوار و پسپۆڕیەکانیادا خزمەت بە هەرێمەکەمان و پێشخستنى ئاستى زانستى بکەن.

وەزیرى خوێندنى باڵا ڕوو لە دەرچوان ڕایگەیاند: خەونی ئێوە بەدەستهێنانی هەلی کارو ئابوریەکی سەقامگیرە، بەڵام گرنگە  ئەو ڕاستیەتان لە پێش چاو بێت کە هیچ کات حکومەت بە تەنیا ناتوانێت دەرفەتی کار بۆ هەمو دەرچوانی زانکۆکان فەراهەم بکات، بەڵکو دەبێت کەرتی تایبەت و کەرتی پیشەسازی لەم پرۆسەیەدا بەشداربن، پلانمان هەیە "بۆ هاوکاری ئێوە" پشتیوانی زیاتر لە سێنتەرەکانی بەکارخستن بکەین لە زانکۆکانی کوردستان، بۆ ئەوەی ئەم سێنتەرانە بتوانن لە دوای دەرچونتان لە زانکۆ هاوکارتان بن لە ڕێنوێنی و ڕاهێنان و پەرەپێدانی تواناکانتان.

هەر لە ئاهەنگى دەرچوانى زانکۆى گەرمیان، د. سیروان حەسەن سەرۆکى زانکۆ گەرمیان لە وتەیەکدا ئاماژەى بە ژمارەى دەرچوان و بەش و کۆلێژەکانى زانکۆ و ئاستى زانکۆى گەرمیان و ئەو پرۆژەو بەرنامانەى پێشکەشى دەکات خستەڕوو، هەروەک باسیشى لە پێداویستییە گرنگەکان کرد بۆ پێشخستنى زانکۆى گەرمیان و کرانەوەى زیاترى نێودەوڵەتى.

بۆ خوێندنه‌وه‌ی ده‌قی وتاری د.ئارام محد قادر وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌ ئاهه‌نگی ده‌رچوانی زانكۆی گه‌رمیان كلیك (لێـــــــره‌) بكه‌.