بڕیارى نەمانى (٣) نمرە بە دەرچوانى (١٢)ى ئامادەیى ئەمساڵ جێبەجێی دەکرێ

wazareet

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایدەگەیەنێـت بڕیارى نەمانى سێ نمرە بە دەرچوانى قۆناغى دوانزەى ئامادەیى لە ئەمساڵدا جێبەجێ دەکەین، هەروەک بۆ هاندانى خوێندکارانیش بۆ دەرچون لە خولى یەکەم، ئەنجومەنى وەزارەت بڕیاریداوە بۆ ئەمساڵ ڕێژەى سەرووى (٥٥%) کورسیەکانى زانكۆ و پەیمانگەکان بۆ دەرچوانى خولى یەکەمى دوانزەى ئامادەیى دەبێت.

عەباس ئەکرەم وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، لە درێژەى پرۆژە چاکسازییەکانى وەزارەتەکەمان بۆ گۆڕانکارى لە سیستمى وەرگرتنى خوێندکاران لە زانکۆ و پەیمانگەکان و، بەمەبەستى زیاتر بەستانداردکردنى پرۆسەى وەرگرتن و، چەسپاندنى بنەماى زانستى و ئەکادیمى بۆ وەگرتن، لەهەمان کاتدا بۆ ڕەچاوکردنى بەرژەوەندى گشتى خوێندکاران، ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ساڵى ڕابردودا بڕیاریدا بەلادانى بەخشینى سێ نمرە بەدەرچوانى پۆلى دوانزەى ئامادەیى، بۆ ئەم مەبەستەش ئەو بڕیارە ئەمساڵ بەسەر خوێندکاران جێبەجێ دەکرێت و، چیتر پێدانى نمرە بە دەرچوانى پۆلى دوانزەى ئامادەیى جێبەجێ ناکرێت.

وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتیشى بەئامانجى هاندانى زياترى خوێندکاران بۆ دەرچونیان لە خولى یەکەمدا و، بەمەبەستى زوتر دەستپێکردنى دەوامى خوێندکارانى قۆناخى یەکەم لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان، ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بڕیاریداوە بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠١٧-٢٠١٨) ڕاگەیاندنى وەرگرتنى ناوى خوێندکارانى  بەدو قۆناخ بێت، بەشێوەیەک بۆ هەر قۆناخێکى دەرچون ڕێژەیەکى گونجاو لە پلانى وەرگرتنیان بۆ دانراوە، لەوانەش ڕێژەى سەروى (٥٥%)، کورسیەکانى خوێندنى قۆناخى یەکەم بۆ دەرچوانى خولى یەکەمى تاقیکردنەوەکانى پۆلى دوانزەى ئامادەیى ئەمساڵ تەرخان دەکرێت، هەروەک ڕێژەى خواروى (٤٥%)ى کورسیەکانى خوێندنیش کە لە قۆناخى دوەم ڕادەگەێندرێت بۆ دەرچوانى پۆلى دوانزەى ئامادەیى خولى دوەمى تاقیکردنەوەکانى ئەمساڵ دەبێت.   

ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە کۆبونەوەى ژمارە (١)ى ساڵى (٢٠١٦)، کە بەسەرپەرشتى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە ڕێکەوتى (١١/١/٢٠١٦) لە هۆڵى کۆبونەوەکانى دیوانى وەزارەت بەڕێوەچو، بڕیاریدا بەنەهێشتنى پێدانى (٣%) نمرە بەدەرچوانى پۆلى دوانزەى ئامادەیى، هەروەک بڕیارى ئەوەش درا کە ئەو بڕیارە بەسەر ئەو خوێندکارانە جێبەجێ بکرێ، کە لە ساڵى (٢٠١٦-٢٠١٧) پۆلى دوانزەى ئامادەیى تەواو دەکەن.