وەزارەتى خوێندنى باڵا: کرێى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان بەڕێژەى (٢٥%) کەمکرایەوە

كۆبونه‌وه‌ی وه‌زیر له‌گه‌ڵ زانكۆ تایبه‌ته‌كان

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: بە لەبەرچاوگرتنى بارو گوزەرانى هاوڵاتیانى هەرێمى کوردستان و لەبەر رۆشنایى کارنامەو پلانى حکومەت و وەزارەتەکەمان، بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠١٩-٢٠٢٠) لە سەرجەم قۆناخەکانى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان (ئەهلی) کرێى خوێندن بەڕێژەى (٢٥%) کەمدەکرێتەوە.

ئەو ڕاگەیاندنەى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەمڕۆ سێشەممە ڕێکەوتى (١٥/١٠/٢٠١٩) لەمیانى کۆبونەوەیەک هات لەگەڵ سەرۆک و نوێنەرى زانکۆو پەیمانگە تایبەتەکان لە هەرێمى کوردستان، کە هەریەک لە ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرانى گشتى وەزارەت ئامادەیبون.

لەسەرەتاى کۆبونەوەکەدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دواى بەخێرهێنان و خستنەڕوى بەرنامەو پلانى نوێى وەزارەت بۆ ساڵى نوێى خوێندنى (٢٠١٩-٢٠٢٠)، ئەرک و رۆڵى هەریەک لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکانى بەرزنرخاندو سوپاسى هەڵوێستى زانکۆکانى کرد بۆ پێشوازیکردن لە بڕیارى حکومەت و وەزارەت بەمەبەستى کەمکردنەوەى کرێى خوێندن.

گرنگى زیاتر بە کوالێتى خوێندن لە زانکۆ تایبەتەکان دەدەین

لە کۆبونەوەکەى لەگەڵ زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان، د. ئارام محمد ڕایگەیاند: بەشێک لە زانکۆ تایبەتەکانى هەرێمى کوردستان کواڵێتى خوێندن و ئاستى زانستیان باشەو جێگەى ڕەزامەندى وەزارەتەکەمانە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێویستمان بەوەیە گرنگى زیاتریان پێبدرێت، هیوادارین زانکۆکانى تریش ئەم ئەزمونى پێشکەوتن و بەرزکردنەوەى کوالێتى بەهەند وەربگرن و ژینگەیەکى لەبارو گونجاو بۆ فێرخوازانى هەرێمەکەمان بڕەخسێنین، بۆ ئەمەش هاوکارى و هەماهەنگى وەزارەتى بۆ زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان دوپاتکردەوە. وەزیرى خوێندنى باڵا ڕاشیگەیاند: لەکاتێکدا ئێوە دەتوانن لە بوارى دیکەى بازرگانى وەبەرهێنان بکەن، بەڵام هاتون بۆ پەرەپێدانى خوێندن و بەرزکردنەوەى ئاستى زانستى و ئەکادیمى وڵاتەکەمان خزمەت بکەن، ئەم ئەرکەتان لەلای وەزارەتەکەمان جێگەى ستایش و دەستخۆشییە.

پێداوچونەوە بەکرێى خوێندنى زانکۆ تایبەتەکان کرا

لەبەشێکى دیکەى وتەکەیدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: لە چوارچێوەى هێڵە گشتییەکانى کارنامەى کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان و پلانى وەزارەتەکەمان پێداچونەوە بە کرێى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە حکومى و تایبەتەکان لە ئەولەویاتى کارەکانمان بون، بۆ ئەمەش لە خوێندنى حکومى (پارالێل + ئێواران) کرێى خوێندن لە (٤٥%) کەمکرایەوە، لەدواین کۆبونەوەى ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵاش، کە ئەنجومەنەکە باڵاترین دەسەڵاتى بڕیاردرانە، بڕیاردرا کرێى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان بەڕێژەى (٢٥%) کەمبکرێتەوە. لەپاڵ ئەمەشدا وەک وەزارەت هاوکارو هەماهەنگتان دەبین و درێغى ناکەین بۆ پێشخستن و بەرەوپێشبردنى ئاستى زانکۆکانتان، سوپاس و دەستخۆشیتان ئاراستەدەکەین و هەوڵ و دڵسۆزیتان بۆ هەرێمەکەمان بەرزدەنرخێنین.

هەروەک وتیشى: سوپاسى ئەو زانکۆ و پەیمانگە تایبەتانە دەکەین کە لەلایەن خۆیانەوە کرێى خوێندنیان بەڕێژەیەک کەمکردۆتەوەو ڕەچاوى بارو گوزەرانى هاوڵاتیانى هەرێمى کوردستانیان کردوە کە ئەمەش لاى ئێمە جێگەى دەستخۆشیە. بۆیە ئەرکى ئێمەو ئێوە بەیەکەوە ئەرکێکى هاوبەش و هەماهەنگ دەبێت بۆ بەرەو پێشبردن و پێشخستنى ئاستى زانستى و ئەکادیمى زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان لە کوردستان و چارەسەرکردنى کێشەو گرفتەکانتان.

سەرۆک و نوێرنەى زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان گفتوگۆیان لەبارەى بڕیارەکە کرد

لەبەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا سەرجەم سەرۆک زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان ڕاو بۆچون و پێشنیازى خۆیان بۆ بەرەو پێشبردنى ئاستى زانکۆکانیان و کەمکردنەوەى کرێى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان خستەڕو.