حكومەتى هەرێم (١١) ملیار دینار بۆ گەشەپێدانى زانکۆى هەڵەبجە تەرخان دەکات

halabjja

بەمەبەستى گەشەپێدان و بوژانەوەى زانکۆى هەڵەبجە، لەسەر داواى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان بڕى زیاتر لە (١١) ملیار دینارى بۆ زانکۆى هەڵەبجە تەرخان کرد.

عەباس ئەکرەم وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: دوا بەدواى نوسراوى وەزارەتەکەمان بە ژمارە (١٢١٣٤) لە ڕێکەوتى (١٤-٨-٢٠١٦)، کە بە ئیمزاى د. یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بۆ سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران بەرز کرایەوە، نوسراوەکە تایبەت بو بە دابینکردنى بودجە بۆ چەند پڕۆژەیەکى خزمەتگوزارى لە زانکۆى هەڵەبجە.

وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئاشکرایکرد: لە ڕێکەوتى (٧/٥/٢٠١٧) سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران بە نوسراوى ژمارە (١٩٦٧) ڕەزامەندى نیشاندا بە خەرجکردنى بڕى (١١,٣٠٠,٠٠٠,٠٠٠) یانزە ملیار و سێ سەد ملیۆن دینار بۆ جێبەجێکردن و تەواوکردنى دو پڕۆژەى ستراتیژى بۆ زانکۆى هەڵەبجە.

عەباس ئەکرەم ڕونیکردەوە، پڕۆژەکان بریتین لە جێبەجێکردنى پڕۆژەى بیناى سەرۆکایەتى زانکۆى هەڵەبجە، کە بڕى (٦,٣٠٠,٠٠٠,٠٠٠) شەش ملیار و سێ سەد ملیۆن دینارى بۆ تەرخانکراوە، هەروەها پڕۆژەى بیناى (بەشى ناوخۆیی ٢) قۆناغى سێییەم، بۆ ئەوەش بڕى (٥٠٠٠,٠٠٠,٠٠٠) پێنج ملیار دینارى بۆ تەرخانکراوە. وتیشى نوسراوەکەى سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران گەیشتۆتە وەزارەتەکەمان، دواى ئەنجامدانى ڕێککارى پێوست دەست دەکرێت بە جێبەجێکردنى پڕۆژەکان.

لە مانگى شوباتى ئەمساڵدا لەمیانى سەردانێکى د. یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بۆ زانکۆى هەڵەبجە بڕیارى چارەسەرى بەشێک لە کێشە کارگێڕى و داراییە پێویستەکانى زانکۆکە درا، هەروەک تەرخانکردنى بودجە بۆ جێبەجێکردنى پڕۆژەکانى زانکۆى هەڵەبجە هۆکارێکى باش دەبێت بۆ کەمکردنەوەى بەشێک لە کێشەو گرفتەکانى ئەم زانکۆییە.