وەزارەتى خوێندنی باڵا داوای دامەزراندنی سێ یەكەمەكانی زانكۆ و پەیمانگەكان دەكات

logo

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى داواى دامەزراندنى دەرچوانى سێ یەکەمەکانى زانکۆ و پەیمانگەکانى ساڵى خوێندنى (٢٠١٤-٢٠١٥) دەکات.

عەباس ئەکرەم وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند وەزارەتەکەمان لە نووسراوێكدا بە ژمارە (2161) كە دوێنێ دووشەممە ڕێکەوتى (6ی شوباتی 2017)، بە ئیمزاى د. یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی كوردستان دەرچوەو بۆسەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بەرزكراوەتەوە، تیایدا داواى دامەزراندنى دەرچوانى سێ یەکەمەکانى زانکۆ و پەیمانگەکانى ساڵى خوێندنى (٢٠١٤-٢٠١٥) دەکات، كە ژمارەکەیان (1197)دەرچوە.

وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتیشى: لەکاتى دامەزراندنى دەرچوانى سێ یەکەمەکانى زانکۆ و پەیمانگەکانى ساڵى خوێندنى (٢٠١٣-٢٠١٤)، كە (1433) دەرچو بوو، لە فرمانى دامەزراندنەکەیاندا ئاماژە بۆ ئەوە کرابو، کە وەزارەتى دارایى و ئابورى بەهەماهەنگى لەگەڵ وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە چوارچێوەى بودجەى ساڵى (٢٠١٦)دا میلاکى پێویست بۆ سێ یەکەمەکانى سەر ئاستى زانکۆ و پەیمانگەکان بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠١٤-٢٠١٥)دابین دەکات.

وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا ڕونیشیکردەوە بەهۆى ئەوەى ماوەى دو ساڵە دامەزراندنى (معید)ەکان ڕاگیراوە و، (معید)ەکانى پێشتریش کە دامەزرابون لە ئێستادا زۆربەیان لە خوێندنى باڵا ماستەر وەرگیراون بۆیە کۆلێژ و پەیمانگەکان پێویستییەکى زۆریان بە دامەزراندنى ئەم (معید)انە هەیە، هەربۆیە وەزارەتەکەمان داواى دامەزراندنى سێ یەکەمەکانى زانکۆ و پەیمانگەکانى هەرێمى کوردستان بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠١٤-٢٠١٥) دەکات، کە ژمارەکەیان (١١٩٧) دەرچوە.

 

بۆ بینینى دەقى نوسراوەکەى وەزارەتى خوێندنى باڵا کلیک لێرە بکە و نوسراوەکە دابەزێنە...