دروستکردنی پەیوەندی نێودەوڵەتی لەبواری گەشەپێدانی کوالێتی و ستانداردی خوێندن پێویستیەکی هەنووکەییە

IMG_5217.JPG

 وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: شارەزایان و توێژەرانی بوارەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژەر ئابووریناس و بزنسەکان هاوڕان، کە بەهۆی گەشەکردنی بەرچاوی تەکنەلۆژیا، پێشبینی دەکرێت زۆربەی هەرە زۆری ئەو کارانەی لە ئێستادا هەن لە دە ساڵی داهاتوو نەمێنن، ئەوەش پرسێکی نێودەوڵەتی گرنگە و ڕوبەروی هەموو کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی دەبێتەوە و، دەبیێت هەموان پێکەوە کار بکەین بۆ ئامادەکردن و پەروەدەکردنی نەوەی نوێ بۆ ئەوەی نەوەیەکی داهێنەر بن و بتوانن خۆیان هەلی کارکردن بخوڵقێنن.

ئەم ڕاگەیاندنەى د. یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەمیانەى وتارێکیدا هات کە کۆنفرانسێکى زانستى نێودەوڵەتى دەربارەى ئەندازیارى و تەکنەلۆجیاى سەردەم پێشکەشیکرد.

لەو کۆنفرانسەدا، کە ئەمڕۆ سێ شەممە، ڕێکەوتى (١٢/٤/٢٠١٦)  لەلایەن کۆلێژى ئەندازیارى زانکۆى سەڵاحەدین بۆ ماوەى (٣) ڕۆژ کارەکانى لە هۆڵى سێنتەرى ڕۆشنبیرى و کۆمەڵایەتى زانکۆى سەلاحەددین دەستى پێکرد، تیایدا (٨٨) توێژینەوەى زانستى نوێ کە یەکەم جارە لەو کۆنفرانسەدا لەلایەن بەشداربوانەوە دەخرێتەڕو، لەچەند وڵاتێکى عەرەبى و ئاسیایى و ئەوروپى لەسەر ئەستۆى خۆیان بەشدارییان کردوە.

 لەوتەکەیدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى خۆشحاڵى خۆى نیشاندا کە ژمارەیەک توێژەری زانکۆکانی کودستان, ئیتاڵیا , مالیزیا, رۆمانیا، کۆماری ئیسلامی ئێران و تورکیا، لەو کۆنفراسەدا کۆبوونەتەوەو گفتوگۆ دەربارەی بەرهەمى توێژینەوە زانستیەکان دەکەن، بۆ  ئەوەش وتى: لەسەردەمی جیهانیدا بەرهەمهێنانی مەعریفە پڕۆسەیەکی بێسنوورە و توێژەرانی دونیا بەهۆی گەشەکردنی تەکنەلۆژیای پەیوەندیکردن و پێکهینانی نیتۆرک و گروپ و ڕێکخراو توێژینەوەی نێودەوڵەتییەو پێکەوە کار دەکەن و ئاڵوگۆری زانیارى و، بەرهەمە زانستییەکان دەکەن و، پێکەوە ڕوبەرووی تەحەدیاتی سەدەی بیست و یەک دەبنەوە، وتیشى کاتێک سەیری گرووپی  توێژینەوەکان لە زانکۆکانی دونیا دەکەین دەبینین زۆرینەی هەرە زۆری ئەو گروپانەی فرە ڕەنگ و فرە نەتەوەو فرە کەلتورن، توێژەران لە هەموو کاتێک زیاتر دەرفەتی گەڕان و دەستکەوتنی کاریان لە وڵاتانی جیا  هەیە.

هەر لەوتارەکەیدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئاماژەى بەوەدا دروستکردنی پەیوەندی نێودەوڵەتی لەبواری گەشەپێدانی کواڵێتی و ستانداردی خوێندن و ( ناوەرۆکی پرۆگرامەکانی خوێندن) پێویستیەکی هەنووکەییە، چونکە لەم سەردەمەدا هەموو زانکۆکانی دونیا لەو راستییە تێگەیشتون کە بازاری کارکردن بووەتە بازارێکی نێودەوڵەتی،  بنەماکانی مافی مرۆڤ و ئاسانکارییە تەکنەلۆژیەکان و پەیوەندی و هاتوچۆ هەلی زیاتری ڕەخساندوە بۆ جوڵان و دەستکەوتنی هەلی کار لە جێگەی جۆراوجۆر دونیادا، بۆیە لە ئەمڕۆدا زۆربەی شارەزایان و توێژەرانی بوارەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵاو توێژەر ئابووریناس و بزنسەکان هاوڕان, کە بەهۆی گەشەکردنی بەرچاوی تەکنەلۆجیا, وا پێشبینی دەکرێت کە زۆربەی هەرە زۆری ئەو کارانەی لە ئێستادا هەن لە دەساڵی داهاتوو نەمێنن، ئەوەش خۆی لە خۆیدا پرسێکی نێودەوڵەتی گرنگەو ڕوبەڕوی هەموو کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی دەبێتەوە ، دەبیت هەمومان پێکەوە کار بکەین بۆ ئامادەکردن و پەروەدەکردنی نەوەی نوێ بۆ ئەوەی نەوەیەکی داهێنەر بن و بتوانن خۆیان هەلی کارکردن بخوڵقێنن و ئابوریەکی گەشەکردوومان بۆ بنیاد بنێن.

لەدرێژەى وتەکەیدا د. یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا وتوێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: خۆشحاڵ بوم کە ژمارەیەکی بەرچاو توێژینەوەی کاریگەر و گرنگم لەم کۆنفراسەدا بینی، کە تایبەت بون بە بوارەکانی ئەندازیاری شارستیانی، بەنداو، ئاودێری، تەلارسازی، میکانیک، کارەبا و ئەندازیاری کۆمپیوتەر و سۆفتوێر، ئەوەشى ڕاگەیاند: کە لەگەل ئەوەی سەدەی بیستەم شاهێدی دەستکەوتە گرنگەکانی بواری ئەندازیاریی بوو، بەڵام دەبیت ئەو ڕاستییە لە یاد نەکەین  لەسەدی نوێدا بواری ئەندازیاری لەسەر ئاستی جیهان ڕوبەڕوبوونەوەی گەورەی لە پێشەدایە، دانیشتوانی گۆی زەوی لە زیادبووندان و چاوەڕوانییەکانی مرۆڤایەتییش بۆ باشکردنی کواڵێتی ژیان زیاتر بووە.

مرۆڤایەتی ئێستا لە هەموو کات زیاتر لە ژێر هەرەشەی پیسبوونی ژینگەو گەرمبوونی گۆی زەوی و کارەساتی سروشتی بەرزبونەوەی ئاستی ئۆقیانووسەکان و بڵابوونەوەی پەتای سەرتاسەری دایە, ئەم (فاکتانەش) پێویستیان بە توێژینەوەو کاری زانستی نوێ هەیە بە تایبەت بەرپرسیاریێتیەکە ڕوبەڕوی زانایانی بوارە جیاکانی ئەندازیاری دەبێتەوە.

د.یوسف گۆران وتیسى راپۆرتە زانستییەکان ئەو ڕاستییەمان پێدەڵین، کە سەرچاوە سرووشتیەکانی ئەم هەسارەیەی ئێمە کۆتاییان دێت, چونکە زۆر بەخێرایی و بە خراپی لەلایەن مرۆڤەوە بەهەدەر دەدرێت, ئەم پرسانەش چاوەروانی چارەسەری ئەندازیارین،  بە تایبەتی دۆزینەوەی سەرچاوەی دیکەی وزە وەک سۆڵەر ئێنەرجی دەبێت بکرێتە سەرچاوەیەکی ئابوری هەرزان بۆ بەدەستهێنانی ووزە. جەختى لەسەر ئەوەش کردەوە کە پێویستى زۆریان بەهەنگاوی نوێی بوارە جیاکانی ئەندازیاری هەیە بۆ خزمەتکردنی بوارەکانی دیکەی زانست و توێژینەوە بەتایبەت ( سودوەرگرتن لە ئەندازیاری کۆمپیوتەر، میکانیک، کارەباو و ئەلیکترۆن) بۆ دۆزینەوەی ڕیگەی نوێ بۆ دەستنیشانکردن و چارەسەرکردنی نەخۆشی و گەشەپێدانی تەکنەلۆژیاکانی بواری تەندروستی.

 لەکۆتایى وتەکەیدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دوپاتى کردوە کە ئەو نمونانە مشتێکن لەو ئەرک و بەرپرسیارێتانەی ڕوبەڕوی زانایانی بواری ئەندازیاری دەبنەوە، هیواشى خواست توێژەرانی کوردستان هاوشانی زانایانی ئەندازیاری لەسەرتاسەری دونیا بەشداری ئەو ئەرک و بەرپرسیارێتییە بکەن.

هەر لە کۆنفرانسەکەدا د. ئیبراهیم حەمەرەش یاریدەدەرى سەرۆکى زانکۆ بۆ کاروبارى زانستى بەناوى زانکۆى سەڵاحەدین-ەوە مەبەستى ئەنجامدانى کۆنفرانسى زانستى نێودەوڵەتى دەربارەى ئەندازیارى و تەکنەلۆجیاى سەردەم ڕونکردەوە کە بۆ دروستکردنى لینکێکە لەنێوان کۆلێژى ئەندازیارى بەزانکۆى سەڵاحەدین و زانکۆ پێشکەوتووەکانى دیکەى جیهانى بۆ دابینکردنى نوێترین و پێشکەوتوترین زانستەکانى ئەندازیارى و تەکنەلۆجیاى سەردەم دەربارەى پرۆگرامى خوێندن و نوێترین ئامێرەکانى تاقیگەکان.