وەزارەتى خوێندنى باڵا و کۆمپانیاى هواوى چینى ڕێکەوتنامەیەکیان بۆ ڕاهێنانى خوێندکاران ئیمزا کرد

chin-huaui

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێمى کوردستان لەگەڵ کۆمپانیاى هواوى ڕێکەوتنامەیەکى بۆ ڕەوانەکردنى ژمارەیەک خوێندکار بۆ کۆمارى میللى چین بۆ ڕاهێنانى خوێندکاران ئیمزا کرد.

بەر لە ئیمزاکردنى ڕێکەوتنامەکە، لە دیدارێکدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەخێرهاتنى وەفدى میوانى کرد و، خۆشحاڵى خۆى بە فراوانبونى ئاستى پەیوەندییەکانیان لەگەڵ کۆمارى میللى چین دوپات کردەوە وتى: کۆمارى میللى چین لە بوارى خوێندنى باڵا و، تەکنەلۆژیاى زانیارى و پەیوەندى خاوەن ئەزمونێکى دەوڵەمەندە، بۆیە مایەى خۆشحاڵیە بۆ هەرێمى کوردستان کە پەیوەندییەکانمان لەگەڵتان فراوان دەکەین، هیواشى خواست ئەم ڕێکەوتنە دەرگایەکى فراوانتر بەڕوى ئاستى پەیوەندییەکانمان بکاتەوە.

لەو دیدارەدا کە ئەمڕۆ سێ شەممە، ڕێکەوتى (١٨/٤/٢٠١٧) لە دیوانى وەزارەت بەئامادەبونى د.ئامانج سەعید ڕاوێژکارى وەزیرى خوێندنى باڵا و تویژینەوەى زانستى و، د.محمد سابر بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى خوێندن و پلاندانان و بەدواداچون و، د.جوان جەلال بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى نێردراوان و پەیوەندییە ڕۆشنبیرییەکان و، د.خەتاب شێخانى بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى کارگێڕى و دارایى بەڕێوەچو، گفتوگۆى زیاتر لەبارەى ئاستى پەیوەندییەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و، کۆمارى میللى چین کرا.

بۆ ئەوەش (تان بانگلین) کونسڵى گشتى کۆمارى میللى چین، سوپاسى ئەو پیشوازییە کرد و وتى: ئێمەش خۆشحاڵین کە پەیوەندى زانستى لەگەڵ هەرێمى کوردستان و ، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەرەو فراوانبونى زیاتر دەچێ، هیواشى خواست ڕێکەوتنەکە ببـێتە هۆى باشکردنى ئاسۆى پەیوەندییەکانى نێوان هەردولا.

دوابەدواى دیدارەکەش، بەئامادەبون و چاودێرى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، (تان بانگلین) کونسڵى گشتى کۆمارى میللى چین، لەلایەن د.خەتاب شێخانى بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى کارگێڕى و دارایى و، نوێنەرى کۆمپانیاى هواوى لە ئێراق ڕێکەوتنامەیەک بۆ ڕاهێنانى خوێندکاران ئیمزا کرا.

دواى ئیمزاکردنى ڕێکەوتنامەکەش د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵەکانى ڕاگەیاندن لایەنەکانى ڕێکەوتنەکە و گرنگیەکەى ڕونکردەوە و وتى: ئەم ڕێکەوتنامەیە لە نێوان وەزارەتەکەمان و کۆمپانیاى هواوى کە ئیمزا کرا تایبەت بە ڕەوانەکردنى(١٠) خوێندکارى زانکۆکانى هەرێمى کوردستان بۆ ڕاهێنانى خوێندکاران لە بوارى گەیاندن و تەکنەلۆژیاى زانیارى، کە ساڵانە لەسەر ئەرکى کۆمپانیاى هواوى بۆ ماوەیەک دەچنە کۆمارى میللى چین و سەردانى دامەزراوە تەکنەلۆژیەکانى ئەو وڵاتە دەکەن، وتیشى گرنگى ئەم ڕێکەوتنە لەوەدایە کە خوێندکارەکان لە نزیکەوە دەتوانن ئاگادارى ئاستى پێشکەوتنى تەکنەلۆژیا تازەکانى کۆمارى میللى چین بن، لەهەمان کاتدا ئەم سەردان و بەسەرکردنەوەیە وا دەکات خوێندارەکانمان زیاتر پەرە بەتوانا زانستى و پیشەییەکانى خۆیان بدەن و، هەروەک دەبێتە دەرفەتێکیش بۆ ئەوەى باشتر دەرفەتى کار بۆ خۆیان بدۆزنەوە.

د.یوسف گۆران ئەوەشى ڕاگەیاند: لە چەند ڕۆژى ئایندەدا لە ڕێگەى کۆمیتەیەکى تایبەت و دیاریکردنى چەند میکانزمێکى گونجاو خوێندکارەکان لە زانکۆکان دەستنیشان دەکەین بۆ ئەوەى سەردانى ئەو وڵاتە بکەن.

کونسڵى گشتى کۆمارى میللى چین- بۆ رۆژنامەنوسان و میدیاکاران وتى:  ڕێکەوتنامەکەمان کە لەگەڵ وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێمى کوردستان ئیمزا کردوە گرنگى خۆى هەیە، چونکە کۆمپانیاى هواوى کۆمپانیایەکى گەورەى چینیە لە بوارى تەکنەلۆژیا، وتیشى ئامانجمان لە ئیمزاکردنى ئەو ڕێکەوتنامەیە بۆ خوێندن و فێرکردنە لە بوارى تەکنەلۆژیاى پەیوەندى، کە کۆمپانیاى هواوى یەکیکە لە کۆمپانیا بەناوبانگەکانى بوارى پەیوەندیکردن، هیواشى خواست لە داهاتودا ئەم هەماهەنگى و هاریکارییە بەردەوام بێ بۆ ئاستى فراوانترى پیشەى و زانستى.

ساڵى ڕابردو لەسەر پێشنیازى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بۆ زیاتر پتەوکردنى پەیوەندییە کەلتورى و زانستیەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و کۆمارى میللى چین یەکەمین گروپى خوێندکارانى زانکۆکانى هەرێمى کوردستان سەردانى کۆمپارى میللى چینیان کرد و دامەزراوە زانستى و کەلەپورى و کەلتورییەکانى ئەو وڵاتەیان بەسەرکردەوە.

Description: https://ssl.gstatic.com/ui/v1/icons/mail/images/cleardot.gif