پێشانگای حەوتەمی کتێب لە شاری سنە کۆتایی ھات
د سالار عوسمان: بە چەندین ناونیشانی جیاواز بەشداریمان کردووە و پەیوەندییە کلتووریەکان قووڵتر دەکەینەوە
رۆژی ٤ تا ١١ ی ئادار ، لە شاری سنەی رۆژھەڵاتی کوردستان حەوتەمین پێشانگای کتێب بەڕێوەچوو.
وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە شاندێکی باڵا و لە ڕێگەی ھەر چوار بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوەی ھەولێر ، سلێمانی، دھۆک و ھەڵەبجە و بە چەندین ناونیشانی کتێب بەشداری لەو پێشانگایە کرد.
لە دەسپێکی ڕێوڕەسمی کردنەوەی پێشانگاکەدا، د سالار عوسمان بریکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە وتەیەکدا، سوپاسی وەزارەتی فەرھەنگ و ئیرشادی کۆماری ئیسلامی ئێرانی کرد و بەشداریی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی ھەرێمی کوردستانی بە پێویستزانی و جەختیشی لەو ڕاستییە مێژووییە کردەوە، کە شاری سنە و تەواوی ڕۆژھەڵاتی کوردستان و ھەموو ئەو پەیوەندییە کلتووریانەیش کە لە نێوان ھەرێمی کوردستان و ڕۆژھەڵاتی کوردستاندا ھەیە، ڕەگوڕیشەیەکی مێژوویی قووڵیان بەیەکەوە ھەیە و لێک جیا نابنەوە.
سەرۆکی شاندی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، د سالار عوسمان ئامادەیی تەواوی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی دەربڕی بۆ ھەماھەنگیی پتر و قووڵکردنەوەی ئەو پەیوەندییە کلتوورییە و کارکردنی ھاوبەش لە سەرجەم بوارە کلتوورییەکاندا.
دوای تەواوبوونی مەراسیمی وتار، کە ھەریەک لە بریکاری وەزارەتی فەرھەنگ و ئیرشادی کۆماری ئیسلامی ئێران و پارێزگاری سنەیش وتاریان پێشکەیش کرد، بریکاری وەزارەت و شاندی یاوەری ، بە ھاوڕێیەتی لەگەڵ بریکاری وەزارەتی فەرھەنگ و ئیرشادی کۆماری ئیسلامی ئێران و پارێزگاری سنە شریتی پێشانگاکەیان بڕی و دواتر بەشە جیاجیاکانی پێشانگاکەیان بەسەرکردەوە و ھیوای سەرکەوتنیان بۆ خواستن.
لە ڕۆژانی مانەویاندا، د سالار عوسمان بە یاوەری شاندی وەزارەت سەردانی ھەریەک لە شاعیری بەنێوبانگی کورد جەلالی مەلەکشا و ھونەرمەندی پەیکەرتاشی بەنێوبانگی کورد ھادی زیائەدین و خاتوو سیمین چایەچی شاعیر و نووسەر کرد و ھیوای سەرکەوتن و بەخششی پتری بۆ خواستن.
شاندەکەی وەزارەت بەشداریان لە شەوە کۆڕێکی شیعر خوێندنەوەیش کرد، کە ( کافێ وشە ) بۆ چەندین شاعیر و ھۆزانڤانی باشوور و ڕۆژھەڵاتی کوردستان سازیان کردبوو، لەو شەوە شیعرەدا و لە وتەیەکدا، بریکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ویڕای دەستخۆشی لە بەڕێوەبەرانی ( کافێ وشە )، بەڵێنی پێشکێشکردنی سەد کتێبی کوردی و دە تابلۆی شارە کوردییەکانی ھەر چوارپارچەی کوردستانی بە ( کافێ وشە ) دا.
شاندەکەی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە درێژەی سەردان و چالاکییەکانیدا، ڕۆژی ٧ ی ئادار سەردانی سەرۆکایەتی دانشگای کوردستانی کرد و لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ سەرۆکی دانشگاکە و ئەندامانی ئەنجوومەنی دانیشگاکە. سەبارەت بابەتگەلی پێوەندی کلتووری، گۆڕینەوەی کتێب، کۆنفرانسی زانستی بیروڕایان ئاڵوگۆڕ کرد و دواتریش بەیەکەوە سەردانی بەشی کوردستانناسی - یان کرد و ویڕای دەستخۆشی ، ھیوای سەرکەوتنیان بۆ خواستن و ئامادەیی و ئەوپەڕی ھاریکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی ھەرێمی کوردستانیشیان بۆ زانکۆی کوردستان لە سنە و بەشی کوردستانناسی دووپاتکردەوە.
دواتر و ھەر لەو ڕۆژەدا شاندەکە سەردانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی فەرھەنگ و ئیرشادی پارێزگای کوردستان/ سنەیان کرد و لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتی و بەڕێوەبەرانی بەشە جیاوازەکان کۆبوونەوە و سەبارەت ( بەیپەڕی لێکترتێگەیشتن ) بیروڕایان ئاڵوگۆڕ کرد و ھەردوولا گەیشتنە ئەو بڕوایەی، کە پێویستە ھەموو ھەوڵێک بدەن لە پێناو خزمەتکردنی کلتووری کوردی و بەیەکەوەکارکردن لەو پێناوەدا.
ھەر لەو سەردانەدا، کە پێنج ڕۆژی خایاند، شاندەکە وێڕای بەسەرکردنەوەی ماڵی مەستوورەی ئەردەلان و ماڵی کورد و مۆزەخانەی سنە، بەشداریان لە چەندین پانێڵ و سیمینار کرد و چاویان بە چەندین نووسەر و شاعیر و ھونەرمەند و لئکۆڵەر و ئەکادیمیستی کوردی ڕۆژھەڵاتی کوردستان کەوت و ھیوای پەیوەندیی بەردەوام و بەیەکەوەکارکردنیان بۆ خواستن.
شایانی باسە شاندەکەی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، کە بە فەرمی داوەتکرابوون، لەم بەڕئزانە پێکھاتبوون
(د سالار عوسمان، جەمال حوسێن، محمد گەردی، نەوزاد جەلال، نامیق ھەورامی، محمد کوردۆ، تاریق ئاکرەیی، مەریوان حەلبجەایی، یوسف لەتیف، ئەمین حەمەد ، کاوە ئیسماعیل، سیزار جەودەت)