رۆژی 24-2-2020 لە دیوانی وەزارەتی داد، فرسەت ئەحمەد، وەزیری دادی ھەرێمی كوردستانی عێراق، پێشوازی كرد لە دادوەر، فارووق ئەمین شوانی، وەزیری دادی عێراقی فیدراڵ .
لە كۆبوونەوەیەكدا كە دادوەر/ سەردار یاسین، سەرۆكی ئەنجوومەنی شورای ھەرێمی كوردستانی عێراق و دكتۆر دیندار زێباری، بەرپرسی نووسینگەی رێكخەری راسپاردە نێودەولەتییەكان لە ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستان ئامادەیی بوون، وەزیری دادی ھەرێمی كوردستانی عێراق، لە بارەی ھەیكەل وكار و چالاكییەكانی وەزارەتی داد و، پلان و كارنامەی وەزارەت بۆ چوارساڵی ئایندە، پووختەیەكی بۆ وەزیری دادی عێراقی باسكرد و ئاماژەی بەوەدا : " وەزارەتی داد بۆ داھاتوو پلانێكی دەوڵەمەندی ھەیە، بۆ ھەمواركردنەوە و چاكسازی كردن لە یاساكانی وەزارەتی داد و یاسای ئەنجوومەنی شورا" .
لەو بارەوە وەزیری داد رایگەیاند: " بۆ ئەوەی بتوانین بە باشترین شێوە مافەكانی ھاووڵاتیان بپارێزین، پرۆگرامێكی چڕمان ھەیە بۆ پاڵپشتی كردنی زیاتری داواكاری گشتی و، پێمان وایە ئەو دەزگا گرنگە ئێستا كاراتر بووە"، ھەروەھا وەزیری داد وتی: " بڕیارمان داوە كە راپۆرتەكانی سەرپەرشتیاری دادی، بۆ ھەڵسەنگاندنی ئاست و توانای فەرمانبەران بەكاربھێنین " .
لە چوارچێوەی قسەكانیدا، وەزیری دادی ھەرێمی كوردستان دووپاتی كردەوە" پلانمان ھەیە كە زۆر شێوازی كلاسیكی كارگێڕی بگۆڕین و كەڵكێكی باش لە سیستمەكانی تەكنەلۆژیای زانیاریی وەربگرین، لەوبارەیەوە ئاماژەی بە پرۆژەی بە ئەلەكترۆنیكردنی دادنوسیەكان داو رایگەیاند، " ئێستا ھاووڵاتی لایەنی باشی بەئەلەكترۆنیكردنی دادنووسییەكانیان بۆ روون بۆتەوە و تا ئێستا 13 فەرمانگەی داددنوسی بە ئەلەكترۆنی كراوون، سەبارەت بە فەرمانگەكانی تۆماركردنی خانوبەرەش، ھەنگاوی باشمان ناوە و پلانمان ھەیە بۆ ئەوەی تەواوی سیستمەكەیان بكەینە ئەلەكترۆنی" .
فارووق ئەمین شوانی، وەزیری دادی عێراقییش كورتەیەكی لەبارەی ھەیكەلێتی وەزارەتی دادی عێراقی فیدراڵ خستەڕوو، ئاماژەی بەوە كرد كە لە ھەرێمی كوردستاندا زۆر قانوون ھەمواركراوەتەوە كە كارێكی باش و زیرەكانە بووە؛ ھەروەھا وتی كە : لە زیندانەكانی عێراقدا، 140 ھەزار گیراویان ھەیە، وێڕای بەدناووییان، ناچار بوون زیندانەكانی نوگرە سەلمان و ئەبوغرێب بكەنەوە، بەڵام پلانیان ھەیە سێ – چاكسازیی - ناوەندی گەورە - لە ھەرێمی كوردستان - و لە باشور و ناوەڕاستی عێراق دابمەزرێنن و، ئیتر ھەموو زیندانەكانی دیكە دابخەن".










