یاسای ژمارە(13 )ی ساڵی 2007
یاسای وەزارەتی داد لە هەرێمی كوردستان ـ عێراق
ماددەی یەكەم:
مەبەست لەم زاراوانەی خوارەوە، ماناكانی بەرامبەریانە بۆ مەبەستی ئەم یاسایە:
یەكەم : هەرێم : هەرێمی كوردستان ـ عێراق.
دووەم : وەزارەت : وەزارەتی دادی هەرێم.
سێیەم : وەزیر : وەزیری دادی هەرێم .
چوارەم : بریكاری وەزارەت : بریكاری وەزارەتی داد.
پێنجەم : ئەنجومەن : ئەنجومەنی وەزارەتی داد.
ئامانج و ئەركەكانی وەزارەت
ماددەی دووەم:
یەكەم : ئامانجی وەزارەت بەدیهێنانی دادپەروەرییە لە هەرێم و پاراستنی مافی هاووڵاتیانە لە ڕێگەی جێبەجێ كردن و ئامادەكردنی یاساكان و ڕێزگرتن لە ناوەڕۆكەكانیان بە جۆرێكی وا بەرگری لە مافی مرۆڤ بكات و لەگەڵا جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ و عەهد و پەیمانە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەكان پێیەوە بگونجێ.
دووەم : وەزارەت بۆ بەدیهێنانی ئامانجەكانی ئەم ئەركانە دەگرێتە ئەستۆ:
1- بە یاسا كردن و سەیركردنی ناكۆكییە كارگێڕی و دادوەریەكان و دەستەبەر كردنی یەكێتی یاساكاریی و دەربڕینی بیروڕا لەبارەی كاروباری یاسایی بۆ كوردستانی عێراق و دەزگاكانی.
2- تۆماركردنی تەسەروفی خانووبەرە و حوكمەكانی دادوەریی لەبارەی مافی عەقاری و ڕیكخستن و بەهێز كردنی تەسەروفی یاسایی و چەسپاندنی ئەو مافانەی لێیەوە دروست دەبن و سیفەتی فەرمیان بخرێتە سەر.
3- چاودێری كردنی كاروباری ناكامان لە ڕووی كۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری و پەروەردەیی و مرۆڤایەتیەوە بە هەماهەنگی كردن لەگەڵا لایەنە پەیوەندیدارەكاندا.
4- پاراستنی دەسكەوتەكانی مافەكانی هەرێم و مافی هاووڵاتیان و ئاسانكاریی كردنی رێكاری جێبەجێ كردنی حوكمەكان و بڕیارەكان.
5- ئامادەكردنی پلانی تایبەت بە وەزارەت و بەدوداچوونی جێبەجێ كردنەكەی.
6- دەركردن و بڵاوكردنەوە و دابەشكردنی رۆژنامەی فەرمی (وەقائعی كوردستان) بە هەردوو زمانی كوردی و عەرەبی بۆ دابین كردنی ئاگاداری فەرمانگە و دەزگاكانی هەرێم و هاووڵاتیان لە یاساكارییە دەرچووەكاندا.
7- ئامادەكردن و شیاندنی دادوەر و ئەندامانی داواكاری گشتی و كادیری یاسایی بۆ كارمەندانی وەزارەت و فەرمانگە و دەزگاكانی دیكەی هەرێم.
8- پێداچوونەوە و وردبینی كردن و پشكنینی تۆمارەكانی وەزارەت و هەموو فەرمانگەكانی، بۆ دابین كردنی دادوەریی و دەستپاكی و شیاویی لە جێبەجێ كردنی كارو چاڵاكیەكانی دا.
9- بەستنی كۆبوونەوە لە گەڵ دادوەرەكان بە دادوەرەكانی دادگای تەمییز و كارمەندانی فەرمانگەكانی دیكەی دادەوە، بۆ دەستەبەركردنی بەدیهێنانی ئامانجەكانی وەزارەت.
10- هەماهەنگی كردن لە گەڵ ئەنجومەنی دادوەریی و لایەنە پەیوەندیدارەكان بە مەبەستی پیادەكردنی یاساكان و بەدیهێنانی دادپەروەریی و ئامانجەكانی وەزارەت.
11- بەشداریكردن لە نرخاندنی یاسا كارپێكراوەكان بۆ زانینی ڕادەی گونجانی لەگەڵ واقعی پەرەسەندوو و پەیوەندیی بە مافی گشتی و بەرژەوەندی كۆمەڵگای كوردستانییەوە.
12- لێكۆڵینەوە لە دیاردە كۆمەڵایەتیە جیاوازەكان و بەشداریكردن لە چاودێری كردنی دیاردەی تاوانكردن و ناكۆكیەكان و چۆنیەتی چارەسەركردنیان بە هاوكاریكردن لە گەڵ فەرمانگەكانی دیكەی پەیوەندیدار لە هەرێمدا.
13- هاوكاری كردن لەگەڵا لایەنە دادیەكانی دەوڵەتی فیدرالی بۆ وەرگرتنەوەی تاوانكاران وجێبەجێكردنی حوكم وبڕیارەكانی دادوەری.










