وەزیری داد : هاووڵاتیان لایەنە باشەکانی بەئەلەکترۆنی کردنی دادنوسەکانیان بۆ دەرکەوتووە.

20 شباط/فبراير 2020

 

وەزیری داد: ئێمە بۆ خزمەتكردنی ھاوولاتیانی خۆمان ھاتووین . 

وەزیری داد: خۆڕاگری فەرمانبەران جێی ستایشە .  

وەزیری داد: ئەو باج و رسوماتەی ھاوڵاتیان دەیدەن، یەك لە سەرچاوەكانی موچەیە.

رۆژی 20-2-2020 ، وەزیری دادی حكومەتی ھەرێمی كوردستان، سەرۆكایەتی داواكاری گشتی لە ھەرێمی كوردستان و بەڕێوبەرایەتی گشتی فەرمانگە دادییەكانی ھەرێمی كوردستانی بەسەركردەوە و ھەمان رۆژ سەردانی دادگای تێھەڵچوونەوەی ناوچەی ھەولێری كرد .

لەو سەردانەدا وەزیری داد یەكەم جار بە یاوەری دادوەر/ ئازاد خۆشناو، سەرۆكی داواكاری گشتی ھەرێمی كوردستان و دادوەر/ عەبدولرەحمان حەمە كەریم، بەڕێوبەری گشتی داد و نەریمان تالیب وتەبێژی وەزارەتی داد، یەك بەیەك ھۆبە و بەش و بەڕێوبەرایەتییەكانی سەرۆكایەتی داواكاری گشتی ھەرێمی كوردستانی بەسەركردەوە و لەگەڵ فەرمانبەران و ئەندامانی داواكاری گشتی، رێوشوێنی بەڕێوەچوونی ئیشوكارەكان و پێشنیازو داواكارییەكانی تاوتوێ كرد .

وەزیری داد، لە وتەكانیدا لە كاتی وتوێژ كردن لەگەڵ فەرمانبەران و ئەندامانی داواكاری گشتی ستایشی خۆڕاگری فەرمانبەرانی كرد، كە وێڕای زەحمەتییەكان، توانیویانە درێژە بە دەوام و كاری خۆیان بدەن و داوای لێكردن كە خزمەتكردنی ھاوولاتیان بكەنە دروشم و نموونەی باڵای خۆیان، ھەروەھا وتی" ئێمە ھاتووین خزمەتی ھاوولاتی خۆمان بكەین، چونكە ئەو موچەیەی كە فەرمانبەرانی كەرتی گشتی وەریدەگرن، بەشێكی زۆری لەو رسومات و باجەوە دێت كە رۆژانە ھاوولاتیان پێشكەش بە حكومەتی ھەرێمی دەكەن، و رایگەیاند: " پێویستە لە پاراستنی مافی گشتی و مافی ھاولاتیاندا، داد و دادوەری بكەنە پێوەری خۆیان چونكە ، وەزارەتی ئێمە ناوی وەزارەتی دادە".    

دواتر وەزیری داد، سەردانی بەڕێوبەرایەتی گشتی فەرمانگە دادییەكانی كرد و، لەگەڵ ئازاد رۆستەم/ بەڕێوبەری گشتی فەرمانگە دادییەكان و فەرمانبەران و بەرپرسانی بەش و ھۆبەكان، وتوێژ و راگۆرینەوەی ئەنجامدا و داوای لە فەرمانبەران كرد بۆ زیاتر پێشخستنی كارەكانیان، زیاتر بیر بكەنەوە و ئایدیا و پێشنیازەكانیان بگەیەننە وەزارەت و دووپاتی لەوەكردەوە كە داوا و پێشنیازی ھەموو فەرمانبەرێك لە چوارچێوەی یاسادا لەبەرچاو دەگیرێت و جێی رێز و سوپاس دەبێت .

وەزیری داد رایگەیاند: سیستمی بەئەلەكترۆنیكردنی دادنوسەكان ئەزموونێكی گرنگە و ئێستا ھێواش ھێواش ھاولاتیان ھەست بە لایەنە زۆر باشەكانی ئەو سیستمە دەكەن و ئاماژەی بەوەدا كە خۆی راستەوخۆ ھەموو دادنوسەكانی ھەولێری بەسەركردۆتەوە و لەبارەی لایەنە باشەكانی ئەو سیستمەوە  لە نزیكەوە گوێی لە ھاولاتیان بووە كە زۆربەیان باسیان لە خێرایی و رێكوپێكی و متمانەی زۆری ئەو سیستمە نوێیەیان كردووە و وتی" زۆر گرنگە ئەو لایەنە باشانەی لە بەكارخستنی ئەو سیستمەوە دەركەوتوون، زیاتر روون بكرێتەوە بۆ ھاولاتیان و رای گشتی .         

وەزیری داد ھەمان رۆژ، سەردانی دادگای تێھەڵچوونەوەی ناوچەی ھەولێری كرد و لەلایەن، دادوەر/ ئیبراھیم خۆشناو، سەرۆكی دادگای تێھەڵچووونەوەی ھەولێرەوە پێشوازی كرا، ئامانج لەو سەردانە بۆ ئاڵوگۆڕكردنی بیروبۆچوون بوو لەبارەی ژمارەیەك بابەتی ھاوبەشی نێوان دادگاكان و فەرمانگەكانی سەربە وەزارەتی داد، شیاوی باسە ژمارەیەك لە دەزگاكانی سەربە وەزارەتی داد، ھەتا ئەمڕۆش بەشێوەیەك لە شێوەكان، پەیوەندیان لەگەڵ دادگاكان و ئەنجومەنی دادوەریدا ھەیە، لەوانە دەزگای دادواكاری گشتی و پەیمانگەی دادوەری و بەڕێوبەرایەتی جێبەجێكردن.

ئەنجوومەنی دادوەری بەرزترین دەسەڵاتی دادوەریە لە هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتی سێیەمە لە پاڵ دەسەڵاتی یاسادانان (پەرلەمان) و دەسەڵاتی جێبەجێ کردن (حکومەت) ، هەتا ساڵی 1992 دەسەڵاتێکی دادوەری سەربەخۆ لە هەرێمی کوردستان نەبوو کاری سەرجەم دادگاکانی کوردستان بە یاسای ژمارە  (160)ی ساڵی (1979) رێکدەخران و سەر بە وەزارەتی دادی بەغدا بوون .

بەڵام لە دوای راپەرینی ساڵی 1991ی گەلی کوردستان و دوای ئەوەی لە ساڵی 1992  ئەنجوومەنی نیشتمانی کوردستان هاتەکایەوە ، یاسای دەسەڵاتی دادوەری ژمارە (14) ی ساڵی 1992 لە لایەن پەرلەمانی کوردستانەوە دەرچوو کە لە رێکەوتی (14/1/1993) کاربەم یاسایە کرا و سەرۆکایەتی دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان لە ژێر رۆشنایی ئەم یاسایە دامەزرا  و سەربە وەزارەتی دادی هەرێمی کوردستان بوو.

بەلام لەگەڵ دەرچوونی یاسای دەسەڵاتی دادوەری ژمارە (23)ی ساڵی (2007)  کە لە رێکەوتی 5/11/2007 کاری پێ کرا، دەسەڵاتێکی دادوەری سەربەخۆ لە رووی دادپەروەری و کارگێری و داراییەوە دامەزرا و بە پێ ی یاسای ژمارە 23 ى ساڵی 2007 ، دەسەڵاتی دادوەری بە تەواوەتی جیابۆتەوە لە دەسەڵاتی جێ بە جێ کردن و ئەنجوومەنی دادوەری لێکەوتەوە، بەڵام ھێشتا ژمارەیەك دەزگا ھەنە كە پەیوەندی ھاوبەشیێتیان لەگەڵ وەزارەتی داد ماوە .

 

 

ناونیشان

ناونیشان: هەرێمی کوردستان-هەولێر

‌چواڕیانی فرنسوا میتران

 

پەیوەندی کردن

بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکانتان سەبارەت بە هەر کارێکی پەیوەست بە وەزارەتی داد یا هەر فەرمانگەیەکی تری سەر بە وەزارەت دەتوانن پرسیارو داواکاری و سکاڵاکانتان لە رێگەی ئەم فۆرمەوە بنێرن

: iraq, irbil
: 2245522 - 2245515 - 2245507
  نامەکەت نەگەیشت.   نامەکەتە بەسەرکەوتووی گەیشت.
Top