کاتی دەوام موڵکی هاووڵاتییە، بەفیڕۆدانی شێوەیەکی دیکەی گەندەڵییە

18 شباط/فبراير 2020

 

وەزیری داد: " پێبەند بوونی فەرمانبەران بە دەوامەوە و رێزگرتنی موراجعی فەرمانگەکان و پاراستنی موڵکی هاوڵاتیان، مەرجەکانی فەرمانبەری باشە .

وەزیری داد: کاتی دەوامی ئێمە موڵکی هاووڵاتیانە، ئەگەر ئەو هاوولاتیە نەبوایە نە من دەبوومە وەزیر و نە ئێوەش دەبوونە بەڕێوبەرو فەرمانبەران.

وەزیری داد : موراجعیش دەبێت بزانێت فەرمانبەر ناتوانێت بەدەر لە یاسا کارێکی زۆرتریان بۆ بکات.

 ١٨-٢-٢٠٢٠، فرسەت ئەحمەد، وەزیری دادی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی سەردانێکیدا بۆ بەڕیوبەرایەتی تۆمارکردنی خانوبەرەی ١ی هەولێر، دووپاتی لەسەر پێبەندبوونی فەرمانبەران بە رەوشتی وەزیفی و یاسا و ئەمانەتی وەزیفی کردەوە .

وەزیری داد لەکاتی سەردانیکردنی بۆ یەک بەیەکی ژوورەکانی بەڕیوبەرایەتی تۆمارکردنی خانوبەرەی ١ی هەولێر، بۆ فەرمانبەرانی روون کردەوە کە " پێبەند بوونی فەرمانبەران بە دەوامەوە و رێزگرتنی موراجعی فەرمانگەکان و پاراستنی موڵکی هاوڵاتیان، مەرجەکانی فەرمانبەری باشە، بەلام ئەگەر فەرمانبەرێک ئەو بنەمایانە جێبەجێ نەکات و بە یاساکانەوە پێبەند نەبێت، وەکو وایە گەندەڵی کردبێت، نابێت پێمان وابێت گەندەڵی تەنیا بردنی پارەیە،  بەڵکو تەواو نەکردنی سەعاتەکانی دەوام و رێزنەگرتن لە هاوولاتی موراجع، روویەکی دیکەی گەندەڵیە و دەبێت بە یاسا و رێنماییەکان رووبەڕووی بوەستینەوە" .

وەزیری داد بۆ فەرمانبەرانی دووپاتکردەوە :" کاتی دەوامی ئێمە موڵکی هاووڵاتیانی موراجعە، ئەگەر ئەو هاوولاتیە نەبوایە نە من دەبوومە وەزیر و نە ئێوەش دەبوونە بەڕێوبەرو فەرمانبەران، دەبیت خۆمان بخەینە جێگەی ئەو هاوڵاتییەی کە لە هەلەبجەوە یان لە زاخۆوە دێت بۆ هەولێر، ئەگەر ئێمە لە شوێنی خۆمان دەوامی تەواوەتی نەکەین، ئەوا بارگرانییەکی زۆر بۆ هاووڵاتیان دروست دەکەین، ئەمە لەکاتێکدا ئەسڵ ئەوەیە کە ئێمە ئاسانکاری بۆ هاولاتی بکەین و رۆتین کەم بکەینەوە" . 

فرسەت ئەحمەد، وەزیری دادی هەرێمی کوردستان، لەو سەردانەیدا بۆ تاپۆی ١ی هەولێر،رایگەیاند: "  لەبەر ئەو هۆیانە و بۆ ئەوەی پەیامی حکومەتی هەرێمی کوردستان جێبەجی بکەین و بۆ هەموو لایەک رۆشن بێت، گشتاندمان کردووە بۆ هەموو فەرمانگەکانی وەزارەتی داد، لە هەموو شوێنێکی هەرێمی کوردستان و تیایدا دووپاتمان لەوە کردۆتەوە کە فەرمانبەری باش ئەوکەسەیە کە رێز لە هاووڵاتی دەگرێت و موعامەلەکەی بە خێرایی بۆ تەواو دەکات و دەوامی خۆی بە رێکوپێکی دەکات"  .

 هەرلەو چوارچێوەیەدا، وەزیری داد، کاتێکی زۆری تەرخان کرد بۆ وتویژکردن لەگەڵ  پارێزەران و هاووڵاتیانی موراجعی دائیرەکە و لە گلەیی و تێبینی و داواکانی پرسینەوە و، لە بارەی کێشەکانیانەوە، بەدرێژی روونکردنەوەی یاسایی پێدان و، بۆ موعامەلەی دووان لەو هاولاتیانەش بەڕیوبەری تۆمارکردنی خانوبەرەی ١ی هەولێری راسپارد کە بە پێی یاسا کارەکانیان بۆ یەکلایی بکاتەوە.

وەزیری داد ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە موراجعیش دەبێت بزانێت فەرمانبەر ناتوانێت بەدەر لە یاسا کارێکی زۆرتریان بۆ بکات، لەوەدا دەبێت ئەوانیش هاوکاری فەرمانبەران بن ،چونکە ئەگەر فەرمانبەر کارێکی نایاسایی بکات، ئەوا خۆی رووبەڕووی یاسا دەکاتەوە و سزا دەدرێت .

بەڕیوبەرایەتی تۆمارکردنی خانوبەرەی ١ی هەولێر یەک لە فەرمانگەکانی سەربە بەڕێوبەرایەتی گشتی تۆمارکردنی خانوبەرەی هەرێمی کوردستانە و رۆژانە زۆرترین موراجعی هەیە  و ١٢٠ فەرمانبەری هەیە و بەریوبەرەکەی ٤ یاریدەدەری هەیە و لە ریگەی ئامێری سکانەرەوە بە هەزاران بەلگەنامەی تاپۆی هاولاتیانیان خەزن کردوە و، بەمەبەستی بەئەلەکترۆنی کردنی نەخشەسازی زەویوزارەکانی سنوری پاریزگای هەولێر، سیستمی (GIS- سیستمی زانیاری جوگرافی) بەکاردەهێنن و لەوبارەوە کاری گرنگیان ئەنجام داوە. 

شایەنی باسە لەو سەرادنەدا، دادوەر/ عەبدولڕەحمان حەمە کەریم، بەڕێوبەری گشتی داد و نەریمان تاڵیب، وتەبێژی وەزارەتی داد، یاوەری وەزیری داد بوون .       

ناونیشان

ناونیشان: هەرێمی کوردستان-هەولێر

‌چواڕیانی فرنسوا میتران

 

پەیوەندی کردن

بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکانتان سەبارەت بە هەر کارێکی پەیوەست بە وەزارەتی داد یا هەر فەرمانگەیەکی تری سەر بە وەزارەت دەتوانن پرسیارو داواکاری و سکاڵاکانتان لە رێگەی ئەم فۆرمەوە بنێرن

: iraq, irbil
: 2245522 - 2245515 - 2245507
  نامەکەت نەگەیشت.   نامەکەتە بەسەرکەوتووی گەیشت.
Top