هۆکارەکانی هەبوونی دیاردەی بەکارهێنانی تووندووتیژی لە دژی ئافرەتان و کاریگەری هەموارکردنە یاساییەکان لەسەر کەمکردنەوەی ئەو دیاردەیە لە هەرێمی کوردستان وچۆنێتی پاراستنی مافەکانی ئافرەتان، تەوەرە سەرەکییەکانی ئەو سیمینارە بوو کە بۆ دکتۆر/شاباڵ دزەیی، راوێژکار لە وەزارەتی داد سازکرابوو.
لە سیمینارەکەدا دکتۆر/ شاباڵ ئاماژەی بەوەدا کە لەناو کۆمەڵگەدا تووندووتیژی هەیە، بەڵام کاتێک زۆرتر لە دژی ئافرەتان بەکاردێت ئەوکاتە ئیتر دەبێتە دیاردە، پیاوان هەڕەشە لە ئافرەتان دەکەن، لیرەدا دەبێت پێناسەی پیاو بکەین، پیاو کێیە؟ (براو باوک و کوڕ مێردە) ئایە بۆچی دەبێت ئەوانە لە دژی ئافرەتانی نزیک خۆیان توندتیژ بن، توندوتیژییەکە بە شێوەی جەستەیی و مەعنەویی و سایکۆلۆژییە،دکتۆر/شاباڵ وتی: " لە هەرێمی کوردستان بەکارهێنانی توندوتیژیبە یاسا رێگەی لێگیراوە،بەلام بەهۆی چەندین رێکاری دیکەوە پیاوان بەردەوامن لە بەکارهێنانی توندتیژیی و فرەژنی کە ئەمەش دیسان زیانگەیاندنە بە ژنان و پێشێلکردنیمافەکانیانە،هۆکارێکی دیکەش بریتییە لە ژنان خۆیان کە زۆرجار لە دژی یەکترن" .
هەر لە چوارچیوەی سیمینارەکەدا دادوەر/ عەبدولڕەحمان حەمەکەریم/ بەڕێوبەری گشتی داد وتەیەکی پێشکەش کرد و ئاماژەی بە کوولتووری جوانی کوردەواریی داو باسی لە پێگەی ژنان لەناو ئەو کوولتوورەداکردو رایگەیاند: کولتووریی کوردەواریی بەهاو مانای جوان و بەرزی تیدایە، بەلام بەهۆی تێکەڵبوونی فەرهەنگ و کوولتووریی نەتەوە دراوسێکانی دیکە بە کولتووریی کوردییەوە،ئیتر کۆمەلێک دیاردەو دابوونەریتی خراپ تێکەڵ بە فەرهەنگی کوردەواریی بووە، کە یەکێک لەوانە بەکارهێنانی توندوتیژییە لە دژی ئافرەتان. دادوەر عەبدوڵرەحمان حەمەکەریم وتی؛(دەبێت بە یاسا و لە رێگەی چالاکیی فەرمی و نافەرمییەوە هەوڵی پاراستنی نەریتە جوان و بەرزەکان بدەین و خراپەکان بنەبڕبکەین،هەروەها وتی: نابێت لە روویی نەریت و ماف ورەفتارەکانەوە ژنانی کوردستان لەگەڵ ژنانی کۆمەلگەکانی ئەوروپا و ئەمریکا بەراورد بکەین،ئاماژەشی بەوەدا کە زۆر لە پیاوان دروشمی پاراستنی مافەکانی ئافرەتانیان بەرزکردۆتەوە بەلام لە ژیانی رۆژانەدا بە پێچەوانەوە لەگەڵ ژنان و کچانی دەوروبەری خۆیان دەکەن، دەبێت ئەو جۆرە پیاوانە واز لەو رەفتارە دژبەیەکییە بدەن) .
شایەنی باسە نەریمان تاڵیب وتەبێژی وەزارەت و ژمارەیەک لە بەڕێوبەران وکارمەندانی دیوانی وەزارەت لەو سیمینارەدا بەشداربوون و گفتووگۆو راگۆرینەوەیان سازکرد .










