رۆژی ١٧-١٠-٢٠١٩ دادوەر/ عەبدولڕەحمان حەمەکەریم، بەڕێوبەری گشتی داد بە سەرۆکایەتی شاندێکی وەزارەتی داد، سەردانی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد و لەگەڵ سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە کۆبوونەوە .
وێڕای پیرۆزباییکردن لە سەفین دزەیی و خواستنی هیوای سەرکەوتن لە پۆستە نوێیەکەیدا بەڕێوبەری گشتی داد بە وردیی باسی لە چۆنێتی بەرەوپێشبردنی کارە هاوبەشەکانی نێوان وەزارەتی داد و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کرد و لەوبارەیەوە ژمارەیەک پێشنیازی خستەڕوو بۆ ئەوەی بەهەردوولا بتوانن باشترین و زۆرترین خزمەت بە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان لە ناوخۆ و دەرەوەی هەرێمی کوردستان بگەیەنن، بە تایبەتی ئەو هاوڵاتیانەی کە بەمەبەستی پەسەند کردن و پشتڕاستکردنەوەی بەڵگەنامە فەرمییەکانیان لە دەرەوە و ناوەوەی هەرێمەوە، سەردانی وەزارەتی داد و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان دەکەن .
هەرلەو کۆبوونەوەیەدا دووپات لەوە کرایەوە کە پشتڕاستکردنەوەی ئەو بەڵگەنامانە کارێکی گرنگ و هەستیارە، چونکە پەیوەستە بە پاراستن و زامنکردنی سەروماڵی هاوڵاتیان و ئاسانکارییە بۆ ئیشوکاری ئەو هاوڵاتییە کوردستانیانەی کە لە تاراوگە دا دەژین هەربۆیە خزمەتکردنی ئەوان هۆکارە بۆ پابەندبوونی زیاتری ئەوان بە خاک و وڵاتی خۆیانەوە .
سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان لەلای خۆیەوە ستایشی کارەکانی هەردوو تیمی کرد و لەوبارەیەوە رایگەیاند بەمەبەستی زیاتر خزمەتکردنی هاوولاتیان، خوازیاری ئەوەن کەڵک لە ئەزموون و شارەزایی یاسایی و قەزایی فەرمانبەرانی وەزارەتی داد وەربگرن و دووپاتی لەوە کردەوە کە بۆ رێگرتن لەهەر هەوڵێکی تەزویرکردن و پێشکەشکردنی بەڵگەنامەی ساختە، ئامادەیی هەموو هاوکارییەکن لەگەڵ وەزارەتی داد، بەتایبەتی بەڕێوبەرایەتی پەیوەندییە یاساییەکانی وەزارەتی داد .
هەروەها رایگەیاند بەکەڵک وەرگرتن لە بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێرو بەخدا، فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم لە هەوڵی ئەوەدایە کە هەموو ئەو مافە دەستووریی و یاساییانەی خۆی بەدەست بهێنێت کە لە بواری دیبلۆماسێت و پەیوەندییەکانی دەرەوەدا، دەستوور زامنی کردوە و لەوبارەیەوە چەندین پرۆژە و هەنگاوی نوێیان بەدەستەوەیە .
شیاوی باسە مافپەروەران عەبدولڕەزاق جەلال تەها، بەڕێوبەری پەیوەندییە یاساییەکان و نەریمان تاڵیب، وتەبێژی وەزارەتی داد، ئامادەی دیدار و سەردانەکە بوون .










