رۆژی 19-8-2019 لە دیوانی وەزارەتی داد، دادوەر/ عەبدولڕەحمان سیوەیللی بەڕێوبەری گشتی داد، پێشوازی كرد لە شاندێكی قۆنسۆڵخانەی ئەمریكا لە ھەولێر، كە پێكھاتب ئەندرۆ لینتەر، بەرپرسی بەشی سیاسی و ئابوری كۆنسۆلخانە و خاتوو/ دینیز بین، ئەندامی داواكاری گشتی و پاشكۆی قانوونی ئیف بی ئای لە قۆنسۆڵخانەی ئەمریكا لە ھەولێر و دلێر سابیر، پسپۆڕی سیاسیی لە بەشی سیاسی قۆنسۆڵخانەی ئەمریكا لەھەولێر.
لەسەرەتای دانیشتنەكەدا دادوەر عەبدولڕەحمان سیوەیللی بەڕێوبەری گشتی داد لە وەزارەتی داد ، سەبارەت بە پێكھاتەی وەزارەتی داد و دەسەڵاتەكانی كورتەیەكی پێشكەشكردن و ئاماژەی بەوەدا كە وەزارەتی داد لە بوارەكانی پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری و چاوخشاندنەوە بە یاساكان و كاری پشتڕاستكردنەوەی بەڵگەنامەكان و دادگای كارگێڕیدا، ئەرك و چالاكی ھەیە، ھەروەھا رایگەیاند كە : "ھەر لە ساڵی 2007ەوە، لە ھەرێمی كوردستاندا سیستمی جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكانی یاسادانان و جێبەجێكردن و دادوەری پەیڕەو دەكرێت و بەوھۆیەوە دادگاكان بوونە بەشێك لە دەسەڵاتی قەزایی و لە وەزارەتی داد جیابوونەوە، ئاماژەشی بەوەدا كە ئەو جیابوونەوەیە بەمانای دابڕانی تەواوەتی نییە چونكە لە نێوان وەزارەتی داد و ئەنجوومەنی دادوەریدا ھەماھەنگی پتەو ھەیە و ھەتا ئێستاش زۆرلە دەزگاكان بە ھاوبەشی بەڕێوە دەبرێن لە نموونەی ئەوانەدا، سەرۆكایەتی داواكاری گشتی و پەیمانگەی دادوەریی" .
بەرپرسی بەشی سیاسی و ئابوری قۆنسۆڵخانەی ئەمریكا لە ھەولێر بەناوی قۆنسۆڵخانەكەوە، سوپاسی وەزارەتی دادی كرد و دووپاتی لە بایەخ و گرنگی وەزارەتی داد كردەوە و رایگەیاند كە "كۆنسۆڵخانەی ئەمریكا بەبایەخەوە لە ھەبوونی پەیوەندی لەگەڵ وەزارەتی دادی ھەرێمی كوردستان دەڕوانێت".
پەیوەندی نێوان وەزارەتی دادی ھەرێمی كوردستان و وەزارەتی دادی حكومەتی فیدراڵی لە بەغدا و ھاوكاری نێوان دەزگە و فەرمانگەكانیان و چۆنێتی بەڕێوەچوونی كارەكانیان، تەوەری دیكەی دیدار و گفتوگۆكان بوو .
شایەنی باسە نەریمان تاڵیب وتەبێژی وەزارەتی داد ئامادەیی ئەو دیدار و كۆبوونەوەیە بوو .










