رۆژی دووشەممە 23ی تەمووز بەرێز دادوەر عەبدولڕەحمان سیوەیلی بەرێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی داد حكومەتی هەرێمی كوردستان بە هاوكاری رێكخراوی (لێكۆڵەر) لە كۆبوونەوەیەكی بەرفراواندا لە دیوانی وەزارەت، سەرپەرشتی پلان و رێكاری كاراكردنی بڕیاری نێودەوڵەتی 1325 ئەنجوومەنی ئاسایشی كرد. كۆبوونەوەكە لە دووتەوەری سەرەكی ئەنجامدرا.
تەوەری یەكەم بریتی بوو لە رێكار و میكانزمی چۆنیەتی كاراكردنی بڕیاری 1325 نێودەوڵەتی وەكو بڕیارێكی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە بورای كاریگەری كێشە و ململانێیە سیاسی و چەكدارییەكان بەسەر ژیان و گوزەرانی ئافراتان.
جێگای ئاماژە پێكردنە كە بڕیاری 1325 ئەو بڕیارەیە كە لە ساڵی 2000 نەتەوەیەكگرتووەكان لە رێگای ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دانی نا بەوەی كە كێشە و ململانێی سیاسی و چەكدارییەكان كاریگەری راستەوخۆی بەسەر ژیان و گوزەرانی ئافرەت و خانەوادەكەیەوە هەیە، لەم روانگەیەوە نەتەوەیەكگرتووەكان بێ لەوەی دانی ناوە بەوەی كە كێشە و ململانێی سیاسی و چەكدارییەكان كاریگەری راستەوخۆیان هەیە بەسەر ژنگە و ژیانی ئافرەتان، بەڵكو ئافرەتانی بە كارەكتەرێكی خاوەن بەرژەوەند لەم مژارەدا ئەژماركردووە كە پێویستە پارێزگاری لە ماف و بەرژەوەندییەكانی بكرێ لە كێشە و ململانێیە چەكدارییەكاندا. بۆیە بە پێی بڕیاری 1325 نەتەوەیەكگرتووەكان لە هەوڵەكانی نەهێشتن و چارەسەركردنی كێشە و ململانێیە سیاسی و چەكدارییەكاندا بە پێویستی زانیوە كە دەبێ كە گرنگی بە تایبەتمەندی ئافرەتان بدرێ و مافەكانیان پارێزراوبێت. لەم رووەوە نەتەوەیكگرتووەكان لە ساڵی 2000دا بڕیاری 1325دەركر دەربارەی مژاری ئافرەت و ئاشتی و ئارامی، لە بڕیارەكەدا جەختی لەوەكردووە كە:
- پێویستە تایبەتمەندی ئافرەتان بپارێزرێ و بەشداری بە ئافرەتان بكرێ لە پڕوسەی پاراستنی ئاشتی و ئارامی، بەتایبەت لەو دەڤەرانەی كە دووچاری زیان بوونەتەوە لە ئەنجامی ناكۆكی و ململانێی سیاسی و چەكداری.
- رۆشنبری كردنی هێزەكانی پاراستنی ئارامی و پۆلیس و دەسەڵاتی دادوەری بە تایبەتەمەندایە دۆخی ئافرەتان لە كێشە و ململانێیە سیاسی و چەكدارییەكاندا و پەیرەوكردنی رێكاری پێویست بۆ پاراستن و پێگیریكردن بە مافی ئافرەتان و كچان.
- دابین كردنی پێداویستییە تایبەتەكانی ئافرەتان و كچان لە كێشە و ململانێیە سیاسی و چەكدارییەكاندا.
- پاڵپشتی كردنی رۆڵی ئافرەتان لە بواری چاودێری سەربازی و پۆلیسی مەدەنی و چاودێرانی مافەكانی مرۆڤ.
- بەشداریكردنی ئافرەتان لەو كۆمەڵگایانەی كە دووچاری ململانێی چەكداری بوونەتەوە و گوێگرتن لە دەنگی ئافرەتان لەمیانەی پرۆسەی چارەسەركردنی كێشەكان و پێویستە ئافرەتان ببن بە بەشێك لە هەموو قۆناغەكانی دروستكردنی بڕیار لە پێناو نەهێشتن و چارەسەركردنی ململانێكان و بونیادنانی ئاشتی بەردەوام.
لەم روانگەوە وەزارەتی دادی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەكۆبوونەوەی بەرفراوانی خۆیدا بە هەماهەنگی رێكخراوی (لێكۆڵەر) بە پێویستی زانی كە بڕیاری نێودەوڵەتی 1325 كارابكرێ و گرنگی بە رۆڵی ئافرەتان بدرێ لە مژاری پاراست و دابین كردنی مافی ئافرەتان و كچان لە كۆمەڵگای كوردستاندا بەتایبەت كە ساڵانی رابردوو (2014-2017) كوردستان رووبەرووی شەڕ و ململانێی تیرۆرستانی (داعش) ببووەوە و ژمارەیەكی زۆری كچ و ئافرەتانی كورد بوونەتە قوربانی ئەم جەنگە.
تەوەری دووەمی ئەم كۆبوونەوەیە، بریتی بوو لە تاوتۆكردنی ژیان و گوزەرانی ئەو ئافرەتانەی بوونەتە قوربانی كارە تیڕۆرستییەكانی (داعش) و چارەسەركردن و بەرهەڤ كردنی ژینگەیەكی ئارام و لەبار بۆ ئاسایی بوونەوەی ژیان و گوزەرانی قوربانیانی شەڕی (داعش) لە رووی جەستەیی و دەروونی و كۆمەڵایەتی و بژێوی ژیان. بۆ ئەم مەبەستە ئامادەبوانی كۆبوونەوەكە چەندین تێبینی و پێشنیاریان خستەروو. هەروەها ئامادەبووانی كۆبوونەوەكە كار و رەفتارەكانی تیرۆرستانی (داعش) دژی ئافرەتان كوردی ئێزدی شەرمەزار و پڕۆتستۆكرد و بەپێویستیان زانی كە ئەم تاوانانەی تیرۆرستانی (داعش) لە نێوەندە نێودەوڵەتییەكاندا بە تاوانی جەنگ و جینۆساید بناسرێن و گەڕان و بەدواداچوون بۆ ئەنجامدەرانی تاوانەكان بكرێ و بەسزای خۆیان بگەیێنن.
شایانی باسە، كۆبوونەوەكە بە سەرپەرشتی بەرێوەبەری گشتی وەزارەتی داد و هەماهەنگی رێكخراوی (لێكۆڵەر) و بەشداری بەرێوەبەرانی بەرێوەبەرایەتییكانی وەزارەتی داد ئەنجامدار. هەروەها زۆرێك لە نوێنەرانی وەزارەتەكانی حكومەتی هەرێم و نوێنەری ئەنجوومەنی باڵای خانمان و نوێنەرانی ژمارەیەكی زۆری رێكخراوە ناحكوومییەكان بەشداری ئەم كۆبوونەوە بوون.










