كۆنفرانسێكی فراوان كە بۆ یادكردنەوەی رۆژی جیھانی نەھێشتنی توندوتیژی سێكسی لەكاتی ململانێكاندا

01 تموز/يوليو 2018

رۆژی 25-06-2018 بە سەرپەرشتی دادوەر عەبدولڕەحمان سیوەیلی بەڕێوبەری گشتی داد، لیژنەی تایبەتمەندی وەزارەتی داد بۆ بڕیاری 1325 ولیژنەی تایبەت بە پلانی ستراتیژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی ئافرەتان، بەشداربوون لە كۆنفرانسێكی فراوان كە بۆ یادكردنەوەی رۆژی جیھانی نەھێشتنی توندوتیژی سێكسی لەكاتی ململانێكاندا، سازكرابوو .

ئەو كۆنفرانسە لەلایەن ئەنجوومەنی باڵای كاروباری خانمان و سندووقی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ دانیشتوان و رێكخراوەكانی یونیسێف و یۆنامی و یوئێن ئێفپی، ساز كرابوو، تیایدا لیژنەكانی تایبەت بە بڕیاری 1325 ی ژمارەیەك لە وەزارەتەكانی حكومەتی ھەرێمی كوردستان ئامادەی بوون .

كۆنفرانسەكە لە چەند بەشێك پێكھاتبوو، كە لە سەرەتادا، بە خوێندنەوەی زنجیرەیەك وتار دەستی پێكرد، لەناویاندا وتاری ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان خاتوو پەخشان زەنگەنە و وەزیری كاروباری شەھیدان مەحمود ساڵح و بەڕێز نیستۆر ئۆوموھای نوێنەری یوئێنئێفپی بوو كە وتەی نەتەوەیەكگرتووەكانی خوێندەوە و خاتوو سیھام مامەند لە فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە وتارێكی پێشكەش كرد.

دواتر سەبارەت بەو كاروچالاكیانەی تایبەت بە نەھێشتنی توندوتیژی سێكسی لەكاتی ململانێكاندا ئەنجامدراوون، پانێلێك بەڕێوەچوو، كە نوێنەری ھەرێمی كوردستان تایبەت بە توندوتیژی سێكسی لەكاتی جەنگدا- خاتوو ئەمەل جەلال بەڕێوەی دەبرد، تیایدا بەڕێوبەرانی گشتی كاروباری ئێزدییەكان و مەسیحییەكان و نوێنەرانی رێكخراوە نێودەولەتییەكان وتەی خۆیان ھەبوو.

لەدوا بەشی كۆنفرانسەكەدا، دەرگای وتووێژو راگۆرینەوە كرایەوەو شاندی وەزارەتەكان و ئامادەبووان دید و سەرنجی خۆیان خستەڕوو، لە شاندی وەزارەتی داد، ھەریەك لە دادوەران عەبدولڕەحمان سیوەیلی و دادوەر بەدرەدین كەریم، باری سەرنجی خۆیان خستەڕوو، دووپاتیان لەوەكردەوە كە یاساكانی ھەرێمی كوردستان پێویستیان بە چاكسازی و ھەمواركردن ھەیە بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەو بارودۆخە تازانەدا بسازێن كە رووداوەكانی پاش ھاتنی داعش و نەمانی داعش دروستیان كردووە، بەتایبەتی دەرەنجامی ئەو تاوانانەی كە داعش لە دژی گەلی كوردستان و ئێزیدییەكان بەتایبەت ئەنجامی داوە، سەبارەت بە چارەنوسی ئەو مندالانەی كە بەرھەمی ئەو تاوانانەن كە داعش دەرھەق بە كچان و ژنانی كوردی ئێزدی ئەنجامی داوون، دادوەر بەدرەدین كەریم پێشنیازو راسپاردەیەكی بۆ ئامادەبووان خستەڕوو، كە پێشوازییەكی گەرمی لێكراو، لە كارەكانی كۆنفرانسەكە و لە  ھەنگاوەكانی داھاتوودا جێگیركرا  .

ناونیشان

ناونیشان: هەرێمی کوردستان-هەولێر

‌چواڕیانی فرنسوا میتران

 

پەیوەندی کردن

بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکانتان سەبارەت بە هەر کارێکی پەیوەست بە وەزارەتی داد یا هەر فەرمانگەیەکی تری سەر بە وەزارەت دەتوانن پرسیارو داواکاری و سکاڵاکانتان لە رێگەی ئەم فۆرمەوە بنێرن

: iraq, irbil
: 2245522 - 2245515 - 2245507
  نامەکەت نەگەیشت.   نامەکەتە بەسەرکەوتووی گەیشت.
Top