رۆژی 30-04-2018 ھەردوو لیژنەی تایبەتمەندی وەزارەتی داد- لیژنەی بریاری 1325 و لیژنەی داڕشتنی پلانی ستراتیژی،بەشداریان كرد لە وۆرك شۆپێك كە رێكخراوی سندووقی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ دانیشتوان –UNFPA ،سازیكردبوو، وۆرك شۆپەكە لە ژێر ناونیشانی "خۆپاراستن لە خراپ مامەڵەكردن و دەستدرێژی سێكسی PSEA - - بوو، لەپاڵ لیژنەكانی وەزارەتی داد، نوێنەرانی سەرۆكایەتی داواكاری گشتی لە ھەرێمی كوردستان و نوێنەرانی وەزارەتەكانی پەروەردە و پێشمەرگە و شەھیدان و ئەنجوومەنی باڵای خانمان و چەند ئاژانسێكی نەتەوەیەكگرتووەكانیش ئامادە بوون .
تیایدا خاتوو جێنێفەر لە رێكخراوی ناوبراو، بە درێژی باسی لە ئامانج لە خۆپاراستن و خراپ بەكارھێنانی دەسەڵاتی كرد كاتێك بۆ مەرامی تایبەتی و بۆ ئامانجی سێكسی لە دژی كەسانی تر بەكاردەھێنرێت، بەتایبەتی ئەوكەسانەی كە لێقەوماوون یان لەژێردەستی كەسانی بەرپرس و خاوەن پۆست و پێگەی ئیدارین و بەرپرسیارن لە كۆمەڵە كەسێك یان لە كۆمەڵە فەرمانبەرێكی پلە خوارتر، بەدرێژی باس لەو پێشێلكاریانە كرا كە لە ھەندێك كامپی ئاوارەكاندا لە عێراق و لە ناوچەكانی دیكەی جیھان دەكرێت، ئاماژە بە و كەیسانەش درا كە زۆر جار لەناو رێكخراوە ناحكومییەكان و ئاژانسە نێودەوڵەتییەكان یان لە فەرمانگە فەرمیەكاندا روودەدات و چۆنێتی روبەڕوبونەوەی ئەو حاڵەتانەش باسی لێوە كرا، دووپات لەوە كرایەوە كە رێكخراوە نێودەولەتییەكان بنەمای یاسایی و بنەمای كاركردن و مامەڵەكردنی ھەیە و ھەركارمەندێكی ئەگەر مامەڵەیەكی خراپ ئەنجام بدات روبەرووی لێپرسینەوەو زۆرجار دەركردنیش دەكرێتەوە .
چەندین مەشق و راھێنان لەسەر چۆنێتی بەرزكردنەوەی ھۆشیاری فەرمانبەران ئەنجامدرا بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو حاڵەتانەی كە تیایدا مامەڵەی خراپی تێدا ئەنجام دەدرێت، بە مەبەستی – ئیستیغلال و پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ ئەنجام دەدرێت بەمەبەستی دەسكەوتنی سێكس، بنەماكانی كارو رەفتاری دروستی كاربەدەستانی رێكخراوە نێودەولەتیەكان خرایە روو، ئەو حالەتە خراپانەی مامەڵەی ئەوانیش خرایە روو كە بە پێشێلكردنی مافەكان و شەرفی وەزیفی دادەنرێت ..
نوێنەرانی وەزارەتی داد و داواكاری گشتیش بە درێژی ئەو دەزگە و دادگە و یاساو دەستانەیان خستە روو، كە دێنەدەنگ ھەركاتێك لەبەرانبەر فەرمانبەرێكدا دەستدرێژی و مامەڵەی خراپ و خراپ بەكارھێنانی دەسەڵاتی وەزیفی بەكارھات.. دووپات لەوە كرایەوە كە ھەتا ئێستا بێدەنگ بوونی قووربانییەكان لەو كاتەیدا كە – تەحەرووشی سێكسیان – پێدەكرێت و بێدەنگیان لەكاتی خراپ مامەلەی بەرپرسانی سەرووی خۆیان، بەیەكێك لە گەورەترین كۆسپ و تەگەرەكانی بەردەم ئەم مەسەلەیە دادەنرێت، دووپاتیش لەوەكرایەوە كە پێویستە لە رێگەی ئەنجامدانی خولی ھۆشیاركردنەوەوە، فەرمانبەران لە مافەكانیان ئاگاداربكرێنەوە، چەند پێشنیارێكیش خرایە روو، لەوانە دانانی نوسینگە یان نوێنەری داواكاری گشتی یە لەھەر وەزارەتێك لە وەزارەتەكاندا، ھەروەھا پێشنیازی ھەمواركردنی ژمارەیەیك یاسا خرایەڕوو .
رێكخراوی سندووقی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ دانیشتوان - UNFPA - لەساڵی 1969ەوە كارەكانی خۆی دەست پێكردووە، ئاژانسێكی پەرەپێدانە ئامانجە سەرەكییەكانی بریتییە، لە پاڵپشتیكردنی مافەكانی ژن و پیاو منداڵ لە بەدەسخستنی ژیانێكی تەندروست و یەكسان كە تیایدا ھەلەكان بۆ ھەمووان یەكسان بێت، بەتایبەتی یەكسانی نێوان نێرو مێ، رێكخراوەكە ھاوكاری دەكات بۆ دانانی سیاسەت و ستراتیژ بۆنەھێشتنی ھەژاری، ھەوڵیش دەدات بۆ جێگیركردنی ئامارو ژمارەی دانیشتوان، ھاوكاری ولاتانی تازە پێگەیشتوو (لەسەرداوای خۆیان) دەكات تا لە چارەسەركردنی كێشەكانیاندا لەگەڵیاندابێت، یارمەتیدەریش دەبێت لە چارەسەركردنی كێشەی زۆری دانیشتوان،كاركردن بۆ باشتركردنی تەندروستی منداڵ خستنەوەش ئامانجێكی دیكەیەتی.










