رۆژی 26-3-2018 لە ھۆڵی كۆبوونەوەكان لە دیوانی وەزارەتی داد، بەڕێز دادوەر عەبدولڕ ەحمان سیوەیلی بەڕێوبەری گشتی داد، سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی ھاوبەشی كرد، كە خاتوو دڵخواز عەبدووڵا حەسەن ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای خانمان ئامادەیی بوو، لەگەڵ ئەندامانی ھەردوو لیژنەی تایبەتمەندی وەزارەتی داد، لیژنەی 1325 و لیژنەی پلانی ستراتیژی، لەكۆبونەوەكەدا پووختەیەك لە پلانی ستراتیژی گەشەپێدانی رەوشی ئافرەتان، تاوتوێ كرا .
لە سەرەتای كۆبونەوە و دیدارەكەدا، خاتوو دڵخواز عەبدووڵا حەسەن، پووختەیەكی سەبارەت بە پلانی ستراتیژی گەشەپێدانی رەوشی ئافرەتان پێشكەش كردو، ھێڵە گشتییەكانی پلانەكە و میكانیزمی جێبەجێكردنی و ئەركە گشتییەكانی ھەر وەزارەت و لایەنێكی بەشداربوووی خستە ڕوو، سەبارەت بە ئەركی وەزارەتی داد بۆ سەرخستنی ئەو پلانە، ئاماژە بەوەدرا، كە وەزارەتی داد لە چەندین رەھەندەوە، دەتوانێت رۆڵێكی كاریگەر بگێڕێت لە سەرخستنی پلانەكەدا، بەتایبەتی لە سەر ئاستی ئەنجامدانی چاكسازی لە یاساكانداو بڵاوكردنەوەی ھۆشیاری یاسایی و چالاكتركردنی رۆڵی داواكاری گشتی لە شیاندنی ئافرەتان و بەدواداچوون كردن بۆ سەپاندنی مافەكانیان ..
ھەرلە درێژەی كۆبونەوەكەدا، سەبارەت بە كۆی تەوەرو بەندەكانی پلانی ستراتیژی دیدوبۆچوون ئاڵوگۆڕكراو، لەسەر تەوەر و بابەتەكان گفتوگۆ ئەنجامدرا .
وەزارەتی داد یەكێكە لەو وەزارەتانەی حكومەتی ھەرێمی كوردستان كە لەگەڵ ئەنجومەنی باڵای خانمان و ژمارەیەك وەزارەتی دیكە و كۆمەڵێك لە رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی، ئەندامی بۆردی تایبەتە بە جێبەجێكردنی بڕیاری 1325ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەكگرتووەكان، ئەو بڕیارەی كە لە ساڵی 2000ەوە دەركراوەو تیایدا نەتەوەیەكگرتووەكان دانی بەوەدا ناوە كە ئافرەتان لە پێشەوەی ئەو توێژەدان كە لە كاتی شەڕەكاندا كاریگەرییەكی زۆریان دەكەوێتەسەر، بڕیارەكە تایبەتە بە رەوشی ئافرەتان و گرەنتی كردنیان لەكاتی ململانێ چەكدارییەكان و پاش تەواوبوونی شەڕو ململانێكان.
پلانی ستراتیژی گەشەپێدانی رەوشی ئافرەتان یش بەشێكە لە پلانێكی فراوان كە لەبەر رۆشنایی بریارە نێودەولەتییەكاندا ئامانجی گەشەپێدانی رەوشی ئافرەتانە و دیدگەیەكی كردۆتە ئامانجی خۆی كە بڕیارە تا ساڵی 2026 لە ھەرێمی كوردستاندا بھێنرێتەدی.










