رۆژی سێشەمە 13/3/2018 ، شاندێكی وەزارەتی دەرەوەی حكومەتی فیدراڵی عێراق، سەردانی وەزارەتی دادی ھەرێمی كوردستانی كردو لەلایەن دادوەر(عبدالرحمن سیوەیلی) بەڕێوبەری گشتی داد پێشوازی لێكرا، شاندەكەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق بە سەرۆكایەتی دكتۆر (ئەحمەد ئەلدلێمی)، سەرۆكی ئیدارەی كۆنسۆڵخانەكان لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق و ئەندامێتی (دورەید عەوادی) جێگرەكەی بوو .دانانی رێوشوێنی نوێ بۆ پەسەندكردنی ئەو بەڵگەنامانەی لە وڵاتانی دەرەوە دێنە ھەرێمی كوردستان و ئەوانەی لە ھەرێمەوە دەنێردرێتەوە دەرەوە و مامەڵەی ھاوولاتیانی پێ رایی دەكرێت، تەوەری سەرەكی دیدارو كۆبوونەوەكە بوو. بڕیاریش وایە بۆ ئاسانكاری زیاتری ئیشوكاری ھاووڵاتیان لە دەرەوە و ناوەوەی عێراق، دائیرەی كاروباری كۆنسۆڵخانەكان لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق، نووسینگەیەك لە ھەولێری پایتەختی ھەرێمی كوردستان بكاتەوە .بەڕێوبەری گشتی داد لە وەزارەتی دادی ھەرێمی كوردستان بۆ شاندی میوانی دووپات كردەوە كە ھەر ھەنگاو و بڕیارێكی نوێ لە بارەی ئیشوكارەكانەوە، پەیوەستە بەو بڕیارو رێنماییانەی كە وەزارەتی داد لە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستانەوە بە فەرمی بەدەستی دەگات، چونكە وەزارەتی داد بەشێكە لە دەسەلاتی جێبەجێكردن و راستەوخۆ فەرمان و بڕیارەكان لە ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستانەوە وەردەگرین .شیاوی باسە بەڕێوبەرایەتی پەیوەندییە یاسایی و دادییەكان لە دیوانی وەزارەتی داد، بەھاوكاری فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ھەرێمی كوردستان، بە پێی یاسا دەسەڵاتی پەسەندكردنی ئەو بەڵگەنامانەیان ھەیە كە پەیوەستە بەكاری ئەو ھاوڵاتیانەی كە لە دەرەوەی وڵات دەژین یان ئەوانەی نیشتەجێی ھەرێمی كوردستانن و لە دەرەوەی ولات كارێكی تایبەت بە ژیانی كۆمەڵایەتی یان بازرگانی یان خوێندنیان ھەیە .شیاوی باسە بڕیارە وەزارەتی دەرەوەی عێراق بۆ ھەمان مەبەست، شاندێكی تەكنیكی دیكەش رەوانەی وەزارەتی داد بكاتەوە. (عبد الرزاق عەلی) بەڕێوبەری پەیوەندییە یاسایی و دادییەكان و (نەریمان طالب) وتەبێژی وەزارەتی داد ئامادەی كۆبوونەوەكە بوون .










