لە درێژەی هەوڵەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی داد بەتایبەتی بۆ كاراكردنی رۆڵی داواكاری گشتی لە نێو پڕۆسەی سەروەری كردنی یاسا و دادپەروەری، رۆژی یەكشەممە رێكەوتی 8/3/2015 لە هۆڵی (بیلكەند) بە چاودێری رێزدار نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و لە ژێر دروشمی (كاراكردنی داواكاری گشتی) وەزارەتی داد پانێلێكی یاسایی سازكرد بە نیازی ئامادە كردنی پڕۆژە یاسای داواكاری گشتی، ئەم پانێڵەی وەزارەتی داد ئەنجامدا بە ئامادە بوونی سنانی چلبی وەزیری داد و دادوەر ئەحمەد عەبدوڵڵا زوبێر سەرۆكی ئەنجوومەنی دادوەری و خاتوو سازگار عەلی ناجی سەرۆكی داواكاری گشتی و دادوەران ئازاد مەلافندی و دادوەر رەئووف رەشید و شێروان حەیدەری وەزیرانی پێشوتری وەزارەتی داد و هەروەها بەرێز نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر و ژمارەیەك ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان و بەرپرسانی رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی و ژمارەیەكی زۆر لە دادوەر و ئەندامانی داواكاری گشتی و پسپۆر و شارەزا لە بواری یاسا ناسی و دادپەروەری و تەواوی بەرێوەبەرانی گشتییەكانی جەمگەكانی وەزارەتی داد پەیمانگای دادوەری و سەرۆكی سەرپەرشتاری دادی و سەرۆك و ئەندامانی ئەنجوومەنی شورای هەرێمی كوردستان ئامادەی پانێڵەكە بوون.










