نوفمبر 2016

زانكۆلاين سه‌ركه‌وتووه‌ و ناڕه‌زاييشی له‌سه‌ر نيه‌

newsitem-1111-14.09.2011-ku.jpg

 له‌ هه‌واڵێكی سايتی هاوڵاتیدا هاتووه‌ كه‌ "ناڕه‌زايی دژی پڕۆگرامی زانكۆلاين له‌ هه‌ڵكشاندايه‌". لێره‌دا به‌ پێويستی ده‌زانين كه‌ له‌و ڕوونكردنه‌وه‌يه‌دا بيسه‌لێمێنين كه‌ ڕاستیه‌كان و ئاماره‌كان پێچه‌وانه‌ی ئه‌و هه‌واڵه‌ن.

يه‌كه‌م: هه‌تا ئێواره‌ی ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌، ژماره‌ی 32368 قوتابی ناوی خۆیان تۆمار كردووه‌ و له‌وانه‌ 31671 قوتابی فۆڕمه‌كانیان به‌سه‌ركه‌وتوويی بۆ وه‌زاره‌ت ناردووه‌. ده‌رگای ناردنی فۆڕمه‌كانيش هه‌تا نيوه‌شه‌وی ڕۆژی هه‌ينی به‌ كراوه‌يی ده‌مێنێته‌وه‌. واته‌، سه‌ركه‌وتنی به‌رنامه‌كه‌ له‌ هه‌ڵكشاندايه‌ و وا چاوه‌ڕوان ده‌كرێت كه‌ سه‌د له‌ سه‌دی خوازياران فۆڕمه‌كانيان بنێرن.

دووه‌م: له‌ سه‌ره‌تای ڕاگه‌ياندنی پڕۆگرامه‌كه‌، كێشه‌ی پڕكردنه‌وه‌ی فۆڕم هه‌بوون چونكه‌ به‌رنامه‌كه‌ وه‌ك سه‌رجه‌م به‌رنامه‌ ئه‌ليكترۆنيه‌كان ته‌نيا فۆنتی يونيكۆد به‌كار ده‌هێنێ، بۆيه‌ش پێويسته‌ زانياريه‌كان به‌و فۆنته‌ داخل بكرێن. كه‌چی له‌ هه‌واڵه‌كه‌ی هاوڵاتيدا هاتووه‌ كه‌ به‌رنامه‌ی زانكۆلاين به‌رگه‌ی يونيكۆد ناگرێ، كه‌ ئه‌وه‌يش له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ نيشانه‌ی تێ نه‌گه‌يشتينی بابه‌ته‌كه‌يه‌‌.

سێيه‌م: بۆ خاتری كارئاسانيكردنی پێشكه‌ش كردن، فۆڕمێكی تايبه‌ت ئاماده‌ كرابوو كه‌ قوتابيان بتوانن كێشه‌‌ی داخل كردنی زانياريه‌كان به‌ ئيمه‌يل بۆ تيمی زانكۆلاين بنێرن و له‌وێشه‌وه‌ پسپۆڕه‌كان چاره‌سه‌ريان بكه‌ن. له‌ ماوه‌ی چوار هه‌فته‌ی ڕابوردوودا به‌ كۆی گشتی چوار هه‌زار فۆڕمی له‌و جۆره‌ پێشكه‌ش كران و هه‌ر يه‌ك له‌ كێشه‌كانيش له‌ ڕۆژی خۆيدا‌ چاره‌سه‌ر كراون. ئه‌و فۆڕمانه‌ فۆڕمی كێشه‌ و چاره‌سه‌رن نه‌وه‌ك فۆڕمی ناره‌خايی، هه‌روه‌ك له‌ هه‌واڵه‌كه‌ی هاوڵاتيدا هاتبوو.

چواره‌م: له‌ هه‌واڵه‌كه‌دا هيچ ئاماژه‌يه‌ك به‌ لايه‌نه‌ پۆزه‌تيڤ و سه‌ركه‌وتووه‌كانی زانكۆلاين نه‌كرابوو، كه‌ به‌ ڕای چاودێران زانكۆلاين شۆڕشێكه‌ بۆ گۆڕينی كه‌لتوری پێشكه‌شكردن له‌ ناوه‌ندی وه‌رگرتن. دياره‌ كه‌ به‌بێ لێكۆڵينه‌وه‌، نوسه‌ر و سه‌رچاوه‌كه‌ی حوكمی فه‌شه‌لیان بۆ زانكۆلاين ده‌ركردووه‌. به‌رێز دكتۆر ديلان (سه‌رپه‌رشتيار و هه‌ڵسوڕێنه‌ری زانكۆلاين) ڕۆژنامه‌نووسه‌كه‌ی هاوڵاتی بانگهێش كردووه‌ بۆ ئۆفيسه‌كه‌ی تاوه‌كو ئامار و وورده‌كاريه‌كانی سه‌ركه‌وتنی زانكۆلاينی بۆ ڕوون بكاته‌وه‌ به‌ڵام ڕۆژنامه‌نووسه‌ به‌ڕێزه‌كه‌ ئاماده‌ نه‌بووه‌ كاتی پێويست بۆ ڕاپۆرته‌كه‌ی ته‌رخان بكات و هه‌ر به‌و چه‌ند دێڕه‌ی كه‌ له‌ هه‌واڵه‌كه‌دا ئيكتيفای كردووه‌. لێره‌دا گومان له‌ بڕواپێكراويی سه‌رچاوه‌ی زانياريه‌كان ده‌كرێ به‌وه‌ی گوايا له‌ ناو وه‌زاره‌تدا كار ده‌كات.