وەزیرى خوێندنى باڵا: حکومەتێکی بەهێز زامنی ساقامگیری ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی هەرێمەکەمانە

ئاهه‌نگی ده‌رچوانی زانكۆی سۆران0

وەزیرى خوێندنى باڵا لە مەراسیمى خولى دەیەمى زانکۆى سۆران ڕایگەیاند: سوپاسی سەرۆکایەتى حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین، کە لەماوەى ڕابردو پشتیوان بونە لە جێبەجێکردنی پلان و بەرنامەی وەزارەتەکەمان، هیوامان وایە هەموان پێکەوە کار بکەین بۆ سەرخستنی بەرنامەکانی حکومەت، چونکە حکومەتێکی بەهێز زامنی ساقامگیری ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی هەرێمەکەمانە .

ئەم وتانەى د.ئارام محەمەد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەمڕۆ سێشەممە ڕێکەوتى (٢٢/١٠/٢٠١٩) لەمیانى بەشدارى کردنى لە خولی (دەیەمی) دەرچوانی زانکۆی سۆران هات، کە بە ئامادەبونى ڕێبەر ئەحمەد وەزیرى ناوخۆ و ژمارەیەک لە پەرلەمانتاران و لێپرسراوانى ترى ناوچەکەو  سەرۆکى زانکۆى سۆران و ڕاوێژکارو بەڕێوەبەرانى گشتى وەزارەت و خوێندکاران و کەسوکارى خوێندکاران بەڕێوەچو.

لەمیانەى وتەیەکدا وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى لەدواى پیرۆزبایى کردن لەدەرچوانى زانکۆى سۆران وتى: جێگەی شانازییە ئەمرۆ لە خولی دەیەمی دەرچوانی زانکۆی سۆران، کە سۆران لانکەی خەبات و مەڵبەندی بیری ڕەسەنی کوردایەتی و شۆڕشگێری و قوربانیدانە، لە ٢١ بەشی زانستی لە پێنج فاکەڵتی ٨٩٤ رۆڵەی وڵاتەکەمان بڕوانامەى بەکالۆریۆس وەردەگرن و بەرەو کاروانی خزمەتکردن و ئاوەدانکردنەوەی زیاتری کوردستان بەڕی دەکرێن.

ڕوو لە دەچووانى زانکۆى سۆران، د.ئارام محەمەد قادر وتیشى: زانکۆکەتان لە ماوەی ١٠ بەهاری تەمەنیدا توانی کۆمەڵێک دەستپێشخەری ناوازەو مۆدێلێکی جیاواز لە بەڕێوەبردنی دامەزراوەی ئەکادیمی پێشکەش بکات، توانی بەسەرکەوتویی کار بکات بۆ پارێزگاری لە کواڵێتی خوێندن و فراوانکردنی ڕەهەندی نێودەوڵەتی و بنیادنانی ژێرخان و کامپەسێکی مۆدیرن، چوتکە زانکۆى سۆران زۆر بە وریاییەوە توانی سود لە توانا مرۆییە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان وەربگرێت و بیانکاتە هەوێنی پێشخستن و گەشەپێدانی، ڕاشیگەیاند: جێگەی دەستخۆشییە  زانکۆى سۆران توانی بۆ یەکەمین جار تاقیکردنەوەی ستانداردی توانستی زمانی ئینگلیزی  PTEبهێنێتە هەرێمی کوردستان، لە بواری توێژینەوە و پەرەپێدانیشدا، زانکۆکە بەشداری ڕەسەنی لە بەرهەمهێنانی ژمارەیەک توێژینەوەی ئاستبەرز کردوە کە لە گۆڤارە ئاستبەرزەکانی دونیا بڵاوکراونەتەوە.

د.ئارام محەمەد هەر لەوتەکەیدا ئاماژەى بە گرنگترین کارەکانى وەزارەت کرد لە کابینەى نوێیەمى حکومەتى هەرێم و،  وتى: بە هاوکاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و  ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیران توانیمان یەکەمانی ساڵی  ٢٠١٥ و ٢٠١٦ دابمەزرێنین، بۆ ئەوەش سوپاسی تایبەتی سەرۆکی حکومەت و جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانى کرد، کە پشتیوان بون لەجێبەجێکردنی پلان و بەرنامەکانی وەزارەتەکەمان.

لەلایەن خۆشیەوە د. موسڵیح مستەفا سەرۆکى زانکۆى سۆران لەوتەیەکدا لەپاڵ بەخێرهێنانى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زاسنتى ئاماژەى بەگرنگترین کارو پرۆژەکانى زانکۆى سۆران کردو بەڵێنى دوپاتکردەوە بەردەوام بن بۆ پێشخستنى ئاستى زانکۆکەیان.

لەبەشى کۆتایى مەراسیمەکەدا سوێندى دەرچوان خوێندرایەوەو لەلایەن سەرۆکایەتى زانکۆ بڕوانامە بە دەرچوانى خولى دەیەمى زانکۆى سۆران بەخشرا.

جێگەى ئاماژەیە زانکۆى سۆران لەساڵى ٢٠٠٩ بەبڕیارى حکومەتى هەرێمى کوردستان دامەزراوەو لە خولى دەیەکى دەرچوانى زانکۆکەدا (٨٩٤) خوێندکار بڕوانامەى دەرچونیان پێبەخشراوە، هەروەها زانکۆکە لە (٥) فاکەڵتى و (٢١) بەشى زانستی پێکهاتوە.

بۆ خوێندنەوەى دەقى وتارى د.ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى كلیك ( لێـــــــره‌ ) بكه‌.