ماوەى (زانکۆلاین) درێژ کرایەوە

zanko line1

وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند بڕیاردرا ماوەى (زانکۆلاین) تا ڕۆژى شەممە ڕێکەوتى (١٦/٩/٢٠١٧) درێژ بکرێتەوە.

عەباس ئەکرەم لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند لەپێناو پێدانى دەرفەتى زیاتر بەخوێندکاران بۆ پڕکردنەوەى فۆڕمى (زانکۆلاین) و بەرژەوەندى گشتى، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بڕیاریدا ماوەى زانکۆلاین بۆ ( ٤٨) سەعاتى دیکە واتە تا سەعات ١٢ى شەوى ڕۆژى شەممە ڕێکەوتى (١٦/٩/٢٠١٧) بۆ دەرچوانى خولى یەکەمى قۆناخى دوانزەى ئامادەیى درێژ بکاتەوە.

وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دوپاتیکردەوە ئەوە دواین درێژکردنەوەى (زانکۆلاین) دەبێت بۆ دەرچوانى خولى یەکەمى قۆناخى دوانزەى ئامادەی و، چیتر ماوەکە درێژ ناکرێتەوە، بۆیە داوا لەو دەرچوانە دەکەین کە تائێستا فۆڕمى زانکۆلاین یان پڕ نەکردۆتەوە پێویستە لەماوەى ئەم دوو ڕۆژەدا تەواوى هەوڵەکانیان بخەنەگەڕ بۆ پڕکردنەوەى فۆڕمى زانکۆلاین، چونکە ئەمە دواین دەرفەت دەبێت.