وەزیرى خوێندنى باڵا لەگەڵ یەکەمەکانى زانکۆکانى کوردستان کۆبۆوە

كۆبونه‌وه‌ی وه‌زیر له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری سێ یه‌كه‌مه‌كان21

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بە یەکەمەکانى زانکۆکانى ڕاگەیاند: من خۆم بە باڵیۆزى داواکاریەکەى ئێوە دەزانم و، لەسەرەتاى کارکردنمان دامەزراندنى ئێوە لە ئەولەویەتمان دابووە، دڵنیاشتان دەکەم داکۆکیکارى داواکاریەکەتان دەبم.

ئەم وتانەى د.ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەمیانى پێشوازى کردنى لە  یەکەمەکانى زانکۆکانى هەرێم هات کە ئەمڕۆ سێشەممە ڕێککەوتى (٢٤/٩/٢٠١٩) سەردانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستییان کردبو.

د.ئارام محمد قادر لەمیانى دانیشتنى لەگەڵ یەکەمەکانى زانکۆکانى هەرێم ڕایگەیاند: ئێمە وەک وەزارەت لەسەرەتاى کارکردنمان بەنووسراوى فەرمى داواى دامەزراندنى ئێوەمان کردووە، چونکە زانکۆکان پێویستیان بەتواناو لێهاتویى ئێوەیە بۆ ڕاییکردنى کاروبارە زانستى و کارگێڕییەکانى زانکۆکان.

وەزیرى خوێندنى باڵا وتیشى لێژنەیەکى تایبەت پێکهێنراوە بۆ دیراسەکردنى ئەم بابەتەو لە نزیکترین کاتیشدا بەبەشدارى نوێنەرى یەکەمەکانى زانکۆ کۆبوونەوەیەک بەڕێوەدەچێت، زیاتر وتی: بۆ پاڵپشتى داواى ئێوە، نامەیەکى جەختکردنەوە ئاراستەى سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران دەکەین.

لەبەرامبەریشدا یەکەمەکانى زانکۆکانى هەرێم سوپاسى دڵسۆزى و خەمخۆرى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستیان کرد وەک داکۆکیاکارێک لە داوا ڕەواکانیان و هەمیشە پاڵپشتى و پشتیوانیانە بۆ چارەسەرى کێشەکەیان و دامەزراندنیان.