د. یوسف گۆران سوپاس و پیرۆزبایى ئاراستەى پرۆفیسۆر (د. شێرزاد نەجار) دەکات

shirzad nejar

د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەمیانى پێشکەشکردنى سوپاس و پیرۆزبایى بۆ پرۆفیسۆر د. شێرزاد ئەحمەد نەجار ڕایگەیاند: ئێوە لەو مامۆستایانە بون، کە ڕێگەتان نەدا ئاستى پڕۆسەى خوێندن لە کوردستان دابەزێت.

لەپێناو خۆتەرخانکردن و بەخشینى تەمەنیان بۆ ئەو بوارە گرنگەى کە ئاوەدانکردنەوەو پێشکەوتنى وڵاتى لەسەر بونیاد دەنرێت و، خزمەتکردن لە بوارى خوێندنى باڵا و وەرگرتنى پلەى زانستى (پرۆفیسۆر)، ئەمڕۆ چوارشەممە ڕێكه‌وتی (١١/٧/٢٠١٨) د. یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پێشوازی لە پرۆفیسۆر د. شێرزاد ئەحمەد نەجار کرد و، سوپاس و پیرۆزبایى وەزارەتەکەى پێشکەش کرد.

لە وتەیەکدا د. یوسف گۆران پیرۆزبایى لە بەدەستهێنانى پلەى زانستى (پرۆفیسۆر)ى لە د. شێرزاد نەجار کرد و ڕایگەیاند: خزمەت و شەونخونیتان بۆ پەرەپێدان و بەرزرکردنەوەى ئاستى زانست و مەعریفە لە زانکۆکانى کوردستان و، کارکردن و دڵسۆزیتان بۆ بەردەوامیدان بە پرۆسەى خوێندن و سەرخستنى ئەم بوارە گرنگە، شایانى ڕێز و پێزانینى هەمووانە، بۆیە دەتوانین بڵێین ئێوە لەو مامۆستایانە بون، کە ڕێگەتان نەدا ئاستى پڕۆسەى خوێندن لە کوردستان دابەزێت و، جێ پەنجە و قەڵەماکانتان لەنێو پەڕاو و سەرچاوە زانستییەکان دیار و بەرچاون بۆ نەوەکانى ئایندەمان، بۆیه‌ جێگەى فەخر و شانازى دەبن و، لە توێژینه‌وه‌ زانستیەکانیاندا سودى لێوەردەگرن.

لەبەرامبەردا، پرۆفیسۆر د. شێرزاد ئەحمەد نەجار دەستخۆشى ئاڕاستەى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کرد بۆ پێشکەشکردنى سوپاس و پیرۆزبایى وەزارەت و وتى: ئەمە هاندەرێکى مەعنەوى گرنگ دەبێت، بۆ ئەوەى بتوانین باشتر لە جاران خزمەت بە بوارى خوێندن و فێرکردن لە کوردستان بکەین و، ئەو ئەرکە گرنگەى لەسەر شانمانە بەباشى بیگەیەنین بە نەوەکانمان و، بتوانین داهاتویەکى گەش و پڕ لە زانست و زانیارى بگەیەنین، وتیشى ڕێزلێنان لە پرۆفیسۆرەکان و پێشکەشکردنى سوپاس و پێزانین لە ماوەکانى ڕابردودا لەلایەن وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى سەلمێنەرى ئەو ڕاستیەیە، کە وەزارەت بایەخ و پێزانینى بۆ هەمو ئەوانە هەبوە، کە خزمەتیان بە زانکۆ و بەرەوپێشبردنى ڕەوتى خوێندن و زانست لە کوردستان کردوە.