بەنوێنەرایەتى سەرۆکى حکومەت؛ وەزیرى خوێندنى باڵا کۆنگرە و پێشانگەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستى بۆ خوێندن و تەکنەلۆجیا کردەوە

کۆنگرە و پێشانگەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست لە بۆ خوێندن و تەکنەلۆجیا و خوێندكاران/قوتابیان

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: پێویستە هەموو جێگایەکی وڵاتەکەمان بکەینە ژینگەیەک بۆ خوێندن و فێربوون و داهێنان، بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجانەش پێویستمان بە هاوکاری و هەماهەنگی زیاتری نێوان وەزارەتی پەروەردەو خوێندنی باڵای حکومەتی عیراقی و هەرێمی کوردستانە.

ئەم وتانەى د.ئارام محەمەد قادر وەک نوێنەرى بەڕێز مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕێکەوتى (٥/٩/٢٠١٩) لەمیانى کردنەوەى کۆنگرەو پێشانگای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ خوێندن و تەکنۆلۆجیاو خوێندکاران و قوتابیان هات، کە ژمارەیەک لەوەزیرانى حکومەتى عێراق و هەرێمى کوردستان و کونسوڵ و نوێنەرى وڵاتان ئامادەیبوون.

لەمیانەى پێشکەشکردنى وتەیەکیشدا د.ئارام محمد قادر بەناوی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: ئەم بۆنەیە دەرفەتێکی گونجاو بێت بۆ دروستکردنی دیبەیتێکی نیشتیمانی دەربارەی گرفتەکانی سیستمی پەروەردە و خوێندنی باڵا لەسەر ئاستی عیراق و هەرێمی کوردستان، ڕوونیشى کردەوە: پەروەردە و خوێندنی باڵا بنەمای سەرەکی گەشەپێدانی هەمە لایەنەی هەر وڵاتێکە، بۆ ئەوەش وتى: هەموومان دەبێت پێکەوە کار بکەین بۆ داڕشتنەوەی نەخشەڕێگای ڕیفۆرم و چاکسازی ئەم کەرتە گرنگە، و سیستمی خوێندمان، فەلسەفە و ناوەرۆکی پرۆگرام و سیستمی پێداگۆجیمان پێویستی بە دووبارە هەڵسەنگاندن و پێداچوونەوە و ڕیفۆرم هەیە.

هەر لە وتەکەیدا د.ئارام محمد قادر وتیشى: پرۆسەی خوێندن لەژێر کاریگەری گەشەکردنی تەکنۆلۆجیا و گۆڕانکارییە ئابوورییەکانی سەدەی بیست و یەک و دەرفەت و پێداویستییەکانی بازاڕی کار هەمیشە لە گۆڕانکاریدایە، لەم ڕوانگەیەوەش وەزیرى خوێندنى باڵا رایگەیاند: ئێمەش پێویستمانە بە دیدو دونیابینییەکی کراوە خۆمان بۆ گۆڕانکاری چاکسازی ئامادە بکەین.

 

لەبارەى داڕشتنەوەى سیستمى پەروەردەو خوێندن لە زانکۆکان، د.ئارام محمد وتى: گرنگە سیستمی پەروەردەیی و خوێندنی زانکۆکانمان بە جۆرێک دابڕێژینەوە کە قوتابی و خوێندکار بکەینە سێنتەری پرۆسەی فێربوون و بواری بیرکردنەوە و داهێنان و کارسازی و بنیادنانی کارامەیی تێڕوانینی ڕەخنەیی زیاتر بۆ ڕۆڵەکانمان برەخسێنینن، وتیشى: پێویستە گرنگی زیاتر بە خوێندنی تەکنیکی و ڤۆکەیشناڵ بدەین و ناوەرۆکی پرۆگرامەکانی خوێندنمان زیاتر ببەستینەوە بە پێداویستییەکانی بازاڕی کار و سێکتەرەکانی کۆمەڵگا و بزنس و پیشەسازیی.

لەو چوارچێوەیەشدا وەزیرى خوێندنى بالا وتى: ئێمە وەک حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو زەمینە سازییەک بۆ هاوکاری و هەماهەنگی و کاری پێکەوەیی دەڕەخسێنین، هیوادارم خوشک و برایانمان لە حکومەتی عیراقی فیدراڵ لەم پرۆسەیەدا هاوکار و پشتیوان بن، وتیشى: زۆر گرنگە هەمیشە ئەو ڕاستییەمان لەپێش چاوبێت کە دوای ئەو نەهامەتیانەی لە مێژوودا بەسەر گەلانی عیراقدا هاتووە، بزانین کە شاڕێی بنیادنانی خۆشگوزەرانی و ئارامی و سەقامگیری سیاسی و کۆمەڵایەتی بریتییە لە داڕشتنەوەی سیستمێکی پەروەردەیی مۆدێرن و پێشکەوتوو.

جێگەى ئاماژەیە کۆنگرەو پێشانگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ خوێندن و تەکنۆلۆجیا و خوێندکاران و قوتابیان بۆ ماوەى چوار ڕۆژ لە هۆڵى پێشانگه‌ى نێودەوڵەتى هەولێر بەردەوام دەبێت و کەتیایدا چەندین پانێڵ و دیبەیت و گفتوگۆى کراوەى زانستى لەلایەن پسپۆران و ئەکادیمیستان پێشکەشدەکرێت.

 

بۆ خوێندنه‌وه‌ی ده‌قی وتارى د. ئارام محمد قادر نوێنەرى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە کۆنگرە و پێشانگەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست لە بۆ خوێندن و تەکنەلۆجیا و خوێندكاران/قوتابیان كلیك (لێـــــــــــــــــــــــــره‌) بكه‌