دەرگاى زانکۆکان بەڕوى خوێندکارانى بیانى واڵایە

malizya-img-node.3411-01.png

د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: وەزارەتى خوێندنى باڵا لە هەوڵى بەردەوامدایە بۆ فراوانکردنى بازنەى پەیوەندییەکانى لەگەڵ وڵاتانى دنیا بەتایبەت ئەو وڵاتانەى خاوەن ئەزمونێکى دەوڵەمەند و سەرکەوتون لە بوارى خوێندنى باڵا .

ئەو ڕاگەیاندنەی د.یوسف گۆران لە میانەی دیدارێکیدا لەگەڵ (شوشیلل ئەزەم بن شوێپ) کونسڵى هەرێمى مالیزیا بۆ بوارى پەروەردەو خوێندنى باڵا لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و باکورى ئەفریقیا هات، کە ئەمڕۆ دوشەممە، ڕێکەوتی (٢١/١١/٢٠١٦) لە دیوانی وەزارەت بەڕێوەچو.

لەو دیدارەدا، کە د.ئامانج سەعید ڕاوێژکارى وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى و، د.جوان جەلال شەریف بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى نێردراوان و پەیوەندییە ڕۆشنبیرییەکان لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئامادەیبون گفتوگۆ لەبارەى چۆنیەتى فراوانکردنى بازنەى پەیوەندییە زانستیەکانى نێوان هەردولا کرا.

لەسەرەتاى دیدارەکەدا، د.یوسف گۆران بەخێرهێنانى وەفدى میوانى کرد و، وتى: یەکێک لە ئەرکەکانى وەزارەتەکەمان هەوڵدانە بۆ دروستکردنى پردى پەیوەندى لەگەڵ زانکۆکانى وڵاتانى جیهان، بەتایبەت ئەو وڵاتانەى کە خاوەن ئەزمونێکى سەرکەوتو و دەوڵەمەندن لە بوارى خوێندنى باڵا، وتیشى بڕوامان وایە مالیزیاش یەکێکە لەو وڵاتانەى خاوەن ئەزمونێکى نوێ و سەرکەوتوە لە بوارى خوێندنى باڵاو گەشەپێدانى مرۆیى، هەربۆیە دەمانەوێ ئەو پەیوەندییەى هەمانە زیاتر لەگەڵ مالیزیا گەشەى پێ بدەین.

وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى ڕونیشیکردەوە زۆر بوار هەیە، کە دەکرێ لە ڕێگەیانەوە پەیوەندییەکانمان باشتر بکەین، بەتایبەت لە بوارى ئەنجامدانى توێژینەوەى هاوبەش و گۆڕینەوەى ستافى زانستى و ڕەوانەکردنى خوێندکار و کرندنەوەى خول و وۆرکشۆپ، ئەوەشى ڕاگەیاند: وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى و زانکۆکانى کوردستان دەرگایان وڵایە بۆ پێشوازیکردن لە خوێندکارانى بیانى بۆ درێژەدان بەخوێندن لە زانکۆکانى کوردستان، هەربۆیە هەمو کارئاسانیەک بەو ئاراستەیە دەکەین، لە کۆتایشدا وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى داوایکرد پسپؤرانى بوارى تەکنەلۆجیا لە زانکۆکانى مالیزیاوە بێننە زانکۆکانى کوردستان بۆ ئەوەى ڕاهێنان بەمامۆستایان بکەن.

لە بەرامبەردا شوشیلل ئەزەم بن شوێپ کونسڵى هەرێمى مالیزیا بۆ بوارى پەروەردەو خوێندنى باڵا لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و باکورى ئەفریقیا، دواى ئەوەى خۆشحاڵى خۆى بەو پێشوازییە دەربڕى، وتى: نزیکەى (١٥) ساڵە لەم ناوچەیە کاردەکەم، بۆیە لێرە بەدواوە کۆتایى بەکارەکانم دێ، وتیشى خۆشحاڵم کە لەو ماوەیەدا توانیم بەردى بناغەى پەیوەندییەکى بەهێز لەگەڵ هەرێمى کوردستان دابنێین، هەروەک کورتەیەکى لەبارەى زانکۆکانى مالیزیا لە بوارى تەکنەلۆجیاو تەکنەلۆجیاى زانیارى کرد، کە لە ڕیزبەندى زانکۆ هەرە باشەکانى دونیادان، هیواشى خواست لە بوارى زانستە کردارییەکان و خوێندنى تەکنەلۆجیاو دڵنیایى جۆرى هەماهەنگى زیاتر هەبێ لە نێوان زانکۆکانى هەردولادا، لەهەمان کاتدا باسى لە ئەنجامدانى پڕۆگرامى هاوبەش لە نێوان وەزارەتى خوێندنى باڵاو زانکۆکانى مالیزیا کرد بەتایبەت زانستە کردارییەکان، کە وەک نمونە باسى لەوە کرد کە خوێندنى زانستە کردارییەکان دو ساڵ دەبێ لە زانکۆ و دو ساڵى دواترى لە کارگەو کۆمپانیاکان خوێندنەکانیان بەشێوەیەکى پراکتیکى تەواو دەکەن.