وەزیرى خوێندنى باڵا پیرۆزبایى دەستخۆشى و ئاراستەى زانکۆى سلێمانى دەکات

پیرۆزبای وه‌زیر بۆ زانكۆی سلێمانی

بەپێى ئەنجامی ڕیزبەندی وێبۆمێتریکس کە لە مانگی کانونی دوەمی ئەمساڵدا ڕاگەیەنرا، زانکۆی سلێمانی توانی بگاتە ئاستی ڕیزبەندی (٣٨٤٧) لە نێو زیاتر لە (٢٨٠٠٠) بیست و هەشت هەزار زانکۆی سەرتاسەرى جیهان، بە بۆنەیەوە د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دەستخۆشی و پیرۆزبایی لە سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەن و مامۆستایان و خوێندکاران و فەرمانبەرانی زانکۆی سلێمانی دەکات. کە ئەمە دەقەکەیەتى:

 

بۆ / بەڕێزان سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆی سلێمانی

بابەت / پیرۆزبایی

 

  وەک بەڕێزتان ئاگادارن لە دوایین ئەنجامی ڕیزبەندی وێبۆمێتریکس کە لە مانگی کانونی دوەمی ساڵی (٢٠٢٠) دا ڕاگەیەنرا، زانکۆی سلێمانی توانی بگاتە ئاستی ڕیزبەندی (٣٨٤٧) لە نێو زیاتر لە (٢٨٠٠٠) زانکۆی سەرتاسەرى جیهان، کە لە چوارچێوەی ئەم سیستمەدا ڕیزبەند دەکرێن.

بەم بۆنەیەوە دەستخۆشی و پیرۆزبایی لە سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەن و مامۆستایان و خوێندکاران و فەرمانبەرانی زانکۆی سلێمانی ئازیز دەکەین، هیوای سەرکەوتن و بەردەوامیتان بۆ دەخوازین، ئەم ئەنجامانە پێمان دەڵێن کە زانکۆکانی کوردستان هەنگاوی جدى ناوە بۆ دەرکەوتن و درەوشانەوە لەسەر نەخشەی ئەکادیمیای جیهانی و لە هەمان کاتدا ئاماژەیەکی دڵنیاکەرەوەیە کە زانکۆکانمان توانا و کارایی بەرچاویان هەیە کە لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست و لە سەر ئاستی جیهانیش بچنە ڕیزی زانکۆ پێشەنگەکانی دونیا، هاوکات ئەم ئەنجامە کۆمەڵگەی ئەکادیمی زانکۆی سلێمانی دەخاتە بەردەم بەرپرسیارێتییەکی نوێوە کە دەبێت ئەم سەرکەوتنە بپارێزن و باشتر سود لە ژێرخان و کامپەس و توانا مرۆییەکان و توانا زانستی و ئەکادیمییەکانی زانکۆ وەربگرن و بۆ پێشکەوتنی زیاتر هەنگاو بنێن، بێگومان وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەم ڕوەوە پشتیوانی زانكؤى سلێمانى و هەمو زانکۆکانی کوردستان دەبێت.

دوبارە دەستخۆشی و پیرۆزباییتان لێدەکەین ...

 

 

د. ئارام محمد قادر

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى