د. ئارام محمد: هیوامان وایە لە چوار ساڵى ئایندە پرۆگرامى خوێندن لە زانکۆى ڕاپەڕین لەگەڵ تواناکانى گەشەکردنى ئابورى ناوچەکە و کوردستان یەکبخەین

وه‌زیری خوێندنی باڵا سه‌ردانی زانكۆی ڕاپه‌ڕین ده‌كات

لەکۆبونەوەى ئەنجومەنى زانکۆى ڕاپەڕین وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: لە چوار ساڵى ئایندە کار دەکەین بۆ بەستنەوەى پرۆگرامەکانى خوێندن لەگەڵ پێداویستیەکان و دروستکردنى پەیوەندى ڕاستەوخۆ لەنێوان زانکۆ و بازاڕى کار، چونکە بەرنامەى ئێمە لە چوار ساڵى کارکردن ئەوەیە بتوانین ئاستى متمانە بەخوێندنى باڵاى کوردستان بەرزبکەینەوە.

ئەم ڕاگەیاندنەى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەمڕۆ یەکشەممە ڕێکەوتى (١٥/٩/٢٠١٩) لەمیانى بەشداریکردنى هات لە کۆبونەوەى ئەنجومەنى زانکۆى ڕاپەڕین، کە هەریەک لە ڕاوێژکارو بەڕێوەبەرى گشتى وەزارەت و ڕاگرى کۆلێژەکانى زانکۆ ئامادەیبون.

زانکۆى ڕاپەڕین لە ٦ کۆلێژ و ٣٥ بەش پێکهاتوە

لە وتەیەکدا د. موفق خالد سەرۆکى زانکۆى ڕاپەڕین بەناوى ئەنجومەنى زانکۆ بەخێرهاتنى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و ستافى وەزارەتى کردو هیواى خواست ئەم سەردان و کۆبونەوەیە ڕەنگدانەوەى هەبێت لەسەر بەرەو پێشبردنى ئاستى زانکۆ و خستنەڕوى ئەو سەرنج و تێبینیەیانەى کە پەیوەستە بە کارى زانکۆ. هەروەک لە ڕێگەى پریزنتەیشنێکەوە پوختەیەکى لەبارەى کارى زانکۆ و پێکهاتەکەى و سیستمە نێودەوڵەتییەکانى کە لەم زانکۆیە جێبەجێ دەکرێت خستەڕو.

هاوکارى زانکۆى ڕاپەڕین دەبین بۆ پڕکردنەوەى پێداویستیەکانیان

لەلایەن خۆیەوە د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە وتەیەکدا خۆشحاڵى خۆى دەربڕى بە سەردانى زانکۆ و ڕاپەڕین لە ڕانیەى دەروازە، بۆ ئەمەش سوپاسى مامۆستاو فەرمانبەرو خوێندکاران و سەرجەم ئەو کەس و لایەنانەى کرد کە ڕۆڵیان هەبوە لە پێشخستنى زانکۆکە، وەزیرى خوێندنى باڵا دوپاتیکردەوە زانکۆى ڕاپەڕین بەشێکى بچوکە لە قەرزى حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ خەڵکى قوربانیدەرو تێکۆشەرى ئەم ناوچەیە، بۆیە دەمانەوێت ئاستى زانکۆکەتان پێشبخەین و گەشەى زیاترى پێبدەین و کار بکەین بۆ پڕکردنەوەى پێداویستییەکانى زانکۆ. وتیشى: هەرچەندە لەڕابردو کارى باش لەم زانکۆیە لەڕوى زانستى و جێبەجێکردنى سیستمە نێودەوڵەتییەکان ئەنجامدراوە، لە بەرنامەى وەزارەتەکەماندایە لەم کابینەیە هاوکارى تەواوتان بین بۆ ئەوەى ئاستى زانکۆکانمان پێشبخەین، بۆ زانکۆى ڕاپەڕینیش لە بەرەو پێشبردنى زانکۆ و بەرزکردنەوەى ئاستى زانستى مامۆستاو خوێندکارانمان پشتیوانتان دەبین.

زانکۆى ڕاپەڕین دەبێت کارامەیى بۆ پێداویستى بازاڕى کارى ناوچەکە بەرهەم بهێنێت

هەر لە وتەکەیدا بۆ ئەندامانى ئەنجومەنى زانکۆى ڕاپەڕین، د. ئارام محمد قادر ڕایگەیاند: هەڵکەوتەى ڕانیە و سروشت و پێکهاتەکەى بۆ هەرێمى کوردستان گرنگ و پڕبایەخە، لە چوار ساڵى ئایندە کار دەکەین بۆ ئەوەى پرۆگرامەکانى خوێندن لەم زانکۆیە لەگەڵ پێداویستیەکانى ئەم ناوچەیە ڕێکبخەین و پەیوەندى راستەوخۆ لەنێوان زانکۆو بازارى کارو ئابورى و پێداویستى ناوچەکە برەخسێنین، چونکە پێمانوایە زانکۆ تەنها شوێنێک نیە بۆ بەخشینى بڕوانامە، بەڵکو دەبێت زانکۆ کارامەیى و پسپۆڕى بۆ پێداویستى بازاڕى کار بەرهەم بهێنێت، لەو چوارچێوەیەشدا وتى: دەمانەوێت دەستى کارى تازە لەزانکۆى ڕاپەڕین بۆ ناوچەکە دروست بکەین، بۆ ئەم پرسە وەک وەزارەت هاوکارى سەرەکیتان دەبین بۆ خزمەتکردن بە زانکۆکەتان. زیاتر وتیشى: بەرنامەى ئێمە لە چوار ساڵى کارکردندا ئەوەیە بتوانین ئاستى متمانە بەخوێندنى باڵاى کوردستان و زانکۆکان بەرزبکەینەوە، ئێوەش لەڕێگەى پلانى چوار ساڵى کارکردن ئەو پرۆژەو بەرنامانە بخەنە کارى سەرەکیتان کە هۆکارە بۆ پێشخستنى زانکۆ و پرۆگرامەکانى خوێندن هاوتەریب بێت لەگەڵ بازاڕى کار.

سەرەڕاى بەربەستەکان، ڕیفۆرم لەکەرتى خوێندنى باڵا پێویستیەکى ژیارییە

سەبارەت بە ڕیفۆرم لە کەرتى خوێندنى باڵاى کوردستان، د. ئارام محمد لە وتەیەکدا ڕایگەیاند: بۆ سێکتەرى خوێندنى باڵا ڕیفۆرم بابەتێکى گرنگى ژیارییە، بۆ هەر پرۆژەو کارێک کە مەبەست لێى بەرزکردنەوەى ئاستى زانستى و ئەکادیمى زانکۆکان بێت سەرەڕاى بەربەستەکان، بەڵام درێغى ناکەین، بۆ سەرکەوتنى ڕیفۆرم و جێبەجێکردنى پرۆژەو بەرنامە زانستییە ئاست بەرزەکانیش، پێویستە زانکۆکان بە تونا مرۆییەکانیان و ئەو پسپۆڕى و شارەزاییەى تیایاندایە لەگەڵمان هاوکارو هەماهەنگ بن.

وەزیرى خوێندنى باڵا لەنزیکەوە لەگەڵ خوێندکارانى زانکۆ گفتوگۆى ڕاشکاوانەى ئەنجامدا

لە بەشێکى دیکەى سەردانەکەى بۆ زانکۆى ڕاپەڕین وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى سێنتەرى ڕاوێژکارى زانکۆلاینى زانکۆى بەسەرکردەوە، کە لەم سێنتەرەدا ڕێنمایى و ڕێنوێنى دەرچوانى دوانزەى ئامادەیى دەکرێت بەمەبەستى رێنیشاندانیان بۆ پڕکردنەوەى فۆڕمى زانکۆلاین، بۆ ئەمەش د. ئارام محمد لە نزیکەوە لەگەڵ دەرچوانى دوانزەى ئامادەیى گفتوگۆى کردو گوێى لە داخوازى و پێشنیازەکانیان گرت و هیواى سەرکەوتنى بۆ خواستن بۆ دواڕۆژێکى ڕوون لەزانکۆ و پەیمانگەکاندا. هەر لە زانکۆى ڕاپەڕین و لەمیانەى بەسەرکردنەوەى بەش و کۆلێژەکان و کافتریاى زانکۆ، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەگەڵ خوێندکارانى زانکۆى ڕاپەڕین گفتوگۆ و ڕاوێژى ڕاشکاوانەى کرد، هەروەک باسکردن لە ئاستى زانستى زانکۆ و ئاستى خزمەتە ئەکادیمیەکانى زانکۆى ڕاپەڕین بۆ بەرەو پێشبردنى ئاستى مامۆستاو خوێندکاران بەشێکى دیکەى گفتوگۆى د. ئارام محمد بو لەگەڵ خوێندکاران.