د. یوسف گۆران وهزیری خوێندنی باڵا و توێژینهوهی زانستی ڕایگهیاند: د.محمد سابير لە ماوەى کارکردنى ئەم چەند ساڵەم لەگەڵيدا بۆمان دهركهوت نمونەى ئەکادیمیستى دڵسۆز و خەمخۆر بووە لە کارەکەیدا.
ئەو وتانەى د. یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى سێشەممە ڕێكهوتی (9/7/2019) لەمیانەى مەراسیمى خانەنشینبون و ماڵئاوایكردن و ڕێزلێنان له د. محمد سابیر بەڕێوەبەرى گشتى خوێندن و پلاندانان و بەدواداچون هات.
لهو مهراسیمهدا، کە بە ئامادەبونى ژمارەیەک لە سەرۆک زانکۆکان و ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرانى گشتى وەزارەت بەڕێوەچو، د. يوسف گۆران وتى: من زیاتر لە چوار ساڵە بەئاسانى و بەخۆشى بەشێکى زۆرى ئەرکەکانم لەگەڵ د. محمد سابیر جێبەجێکردوە، ئەو نمونەى ئەکادیمیستى دڵسۆز بوە بۆ کارەکەى و حەکیمانە و هێمنانە چارەسەرى بۆ کێشەکان کردوە.
د. یوسف گۆران وتیشى: سوپاست دەکەین بۆ ئەو دەیان ساڵەى خزمەتکردنت بۆ پڕۆسەى خوێندن لە زانکۆکانى کوردستان کردوە، وتیشى: ئەمە مەراسیمى ماڵئاوایى نیە، بەڵکو ڕێزلێنانە لەو ماوە درێژەى خزمەتت بە پڕۆسەى زانست و خوێندن لە کوردستان کردوە.
لەبەرامبەردا د. محمد سابير لەپاڵ ئاراستەکردنى سوپاس و پێزانینى تایبەتى بۆ د. یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و ڕاوێژکار و سەرۆکى زانکۆکان و بەڕێوەبەرى گشتى و یاریدەرانى بەڕێوەبەرى گشتى و کارمەندان و ستافى وەزارەت وتى: من زۆر ئاسودە بومە بەو ئەرکەى کە پێم سپێردرابو، بۆیه هەمیشە بەڕۆحى برایەتى کارمان کردوە و، کارەکانیشمان لەچوارچێوەى یاسا و ڕێنماییەکان بوە، وتیشى: هیواخوازم پرۆسەى خوێندنى باڵا له كوردستان پێشکەوتنى بەرچاو بەخۆیەوە ببینێت و، ئاستى خوێندن لە زانکۆکانمان بگات بەئاستى نێودەوڵەتى.
هەر لەمەراسیمەکەدا د. یوسف گۆران له بهرامبهر كار و ههوڵ و ماندوبون و ئهو خزمهته زۆرهی پێشكهش بهپێشكهوتنی پرۆسهی خوێندنی باڵا له كوردستانی كردوه سوپاس و پێزانینى وەزارەتى پێشکەشى د. محمد سابير کرد. لەلایەن خۆشیانەوە هەریەک لە سەرۆک زانکۆکان و ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرانى گشتى و ئامادەبوان، سوپاس و پێزانینى خۆیان ئاراستەى د. محمد سابیر کرد بەبۆنەى خانەنشین بونى.
لە پەراوێزى مەراسیمەکەدا لەلایەن د. ئامانج عەبدوڵا سەعید ڕاوێژکارى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، چەپکەگوڵ و سوپاسى وەزارەت پێشکەش بە د. یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کرا، لەپاى زیاتر لە چوار ساڵى کارکردن لە وەزارەت و هەوڵەکانى لەپێناو پێشخستنى ڕەوشى خوێندنى باڵا لە هەرێمى کوردستان.