د. یوسف گۆران: ئەجێندا و ئەکشن پلانمان بەرەوپێشبردنى سیستمی خوێندنى باڵا و بەرزکردنەوەی کوالێتى خوێندن بووە

ئاهه‌نگی ده‌رچوانی خولی ده‌رچوانی زانكۆی جیهان

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند بەشێکى زۆرى زانکۆ تایبەتەکان لە هەرێمى کوردستان بونەتە تەواوکەرى پرۆسەى خوێندنى باڵاى کوردستان، بۆ ئەمەش دەستخۆشی لە زانکۆی جیهان کرد کە بە پێی دواین ڕیزبەندی نیشتمانی بۆ زانکۆکانی کوردستان توانیویانە پلەیەکی باش بەدەستبهێنن و لە گروپی (B) ڕیزبەندی زانکۆکانی هەرێمی کوردستانن.

ئەم وتانەى د. یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەمیانى پێشکەشکردنى وتارێكیدا هات کە ئەمڕۆ دوشەمە ڕێکەوتى (١٥/٤/٢٠١٩) لە ڕێوڕەسمى ئاهەنگى دەرچوانى خولى هەشتەمى زانکۆى جیهان هەولێر پێشکەشیکرد.

لەو ڕێوڕەسمەدا کە بە چاودێرى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەڕێوەچوو و تیایدا ڕاوێژکار و ژمارەیەک لە سەرۆک زانکۆکان و بەڕێوەبەره‌ گشتیه‌كان و مامۆستاو خوێندکارو قوتابیان و کەسوکارییان ئامادەیبوون، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتارێكی پێشکەشکرد.

هەرێمى کوردستان پێویستی بەکەسانی دەوڵەمەند بە زانستی سەردەم هەیە

لەسەرەتاى وتاره‌کەیدا د. یوسف گۆران ڕایگەیاند ڕاستە ئەمڕۆ دوا ڕۆژی ژیانی ئەکادیمیتانە لە زانکۆ، لە هەمانکاتدا دەستپێکی کاروانی ژیانی پیشەییتانە کە  ئەمڕۆ هەرێمەکان پێویستی زۆری بە کەسانی دەوڵەمەند بە زانستی سەردەم هەیە بۆ ئەوەی لە بوارە جۆراوجۆرەکانی بازاری کاری هەرێمی کوردستان خزمەت بکەن، بۆیە لێرەوە سوپاسى زانكۆی جیهان دەکەین، كە توانيان بۆ ئەمساڵيش پۆلێك لە دەرچووان ئامادە بكەن بۆ بازاڕى كارى كوردستان، هەروەها  هیوام وایە كە ئێوە هەروەک چۆن لە بوارى تيۆرى و کرداریدا لە ناو زانكۆدا نموونەى دەرچووى سەركەوتوو بوون وەها لە ژيانى پيشەيى خۆتاندا پێشەنگ و كارمەندى نموونەيى بن، هەروەک وتیشى  ئاشکرایە کە ئێوە هەڵگری زانستن لە کۆمەڵێک بواری گرنگ و پەیوەست بە کاروبارەکانی ڕۆژانەی هاوڵاتیان بۆیە ڕۆڵى ئێوە بايەخی تايبەتى خۆى هەيە لە ناو كۆمەڵگاکەماندا، هەروەها پيشەی داهاتووی هەر یەک لە ئێوەی دەرچوو پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە پایە گرنگەکانی بەڕێوەبردنی وڵاتمان هەیە هەر لە ڕووی دارایی و کارگێڕی و یاسا و گەلێک بواری گرنگی دیکەی پەیوەست بە پێشخستنی وڵاتەکەمان، لە ڕێگەی دڵسۆزیتان و پاراستنی بەها و پڕەنسیپە ئەخلاقیەکانی بواری کارکردن لە پیشەی داهاتووتان دەبن بە هۆکارێکی گرنگ بۆ پێشخستنی وڵاتەکەمان.

ئەجێندا ئەکشن پلانمان بەرەوپێشبردنى سیستم خوێندنى باڵا و بەرزکردنەوەی کوالێتى خوێندن بووە

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەر لە وتارەکەیدا وتى: لەگەڵ دەست بەکاربوونماندا لە کابینەى هەشتەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان, ئەجێندا و ئەکشن پلانمان دانا بۆ بەرەوپێشبردنى سیستم خوێندنى باڵا لە هەرێمى کوردستان و بەرزکردنەوەی کوالێتى خوێندن و گۆڕینى پڕۆگرامەکانى خوێندنى بەشە زانستیەکان بە جۆرێک لە گەڵ گۆڕانکاریەکان و پێشهاتەکانى دونیاو پێویستى بازارى کاری هەرێمی کوردستاندا بگونجێت و دەرفەتى هەلى کار بۆ دەرچووان بڕەخسێنێت.  هەروەها وەزارەتەکەمان کاری کردووە لەسەر گۆڕینی سیستمی پێداگۆجی (ڕێگەکانى وانەوتنەوە) و باشترکردنى کوالێتى خوێندن و گرینگیدان بە کردنەوەى دەرگاى زانکۆکان بە رووى زانکۆ جیهانیەکان و ئەنجامدانى توێژینەوە و ئاشناکردنى مامۆستایان بە بنەماکانى خوێندنى باڵا و بەرزکرنەوەى ئاستى زانستیان و هاندانیان بۆ فێربوونى زمانە بیانیەکان.

لە بەشێکى زۆرى زانکۆکان بۆلۆنیا پرۆسێس جێبەجێ دەکەین

هەر لە وتاره‌کەیدا د. یوسف گۆران ڕوو لە دەرچوانى زانکۆى جیهان باسى لە ڕیفۆرمەکانى وەزارەت کردو ڕایگەیاند، لە ساڵی ٢٠١٥ ستراتیژیەتێکی نوێی وەزارەتەکەمان ڕاگەیاند کە بریتبوو لە پڕۆژەی ( Bologna Process) وەزارەت هانی زانکۆکان دەدات کە سیستمی خوێندنی ئێستایان کە لە سەر بنەمای خوێندنی ساڵانە بنیات نراوە و سیستمێکی کۆنە، بە دەگمەن زانکۆکانی جیهان پەیڕەوی دەکەن، بیگۆڕن بۆ سیستمی بۆلۆنیا پڕۆسێس، دوای ڕاگەیاندنی ئەم ستراتیژیە نوێیەی وەزارەتمان، خۆشبەختانە بەشێکى زۆر لە زانکۆکان هەنگاوی گرنگیان نا بۆ جێبەجێکردنی سیستمی بۆلۆنیا پڕۆسێس بە جۆرێک کە لە ئێستادا زۆرێک لە زانکۆکان دەستیان کردووە بە جێبەجێکردنی ئەم سیستمە و هەندێک لە زانکۆکان سەرجەم بەشەکانیان پەیڕەوی بۆلۆنیا پڕۆسێس دەکەن، جێبەجێکردنی سیستمی بۆلۆنیا پڕۆسێس و سەرکەوتنی سیستمەکە لەو زانکۆیانە دا پیشانیدا کە ئێمەش کەسانی پسپۆڕ و مامۆستای بە توانامان لە زانکۆکانمان بە گشتی هەیەو کە هیچیان کەمتر نیە لە پسپۆڕانی زانکۆ جیهانیەکان، کە دەتوانن ئەزموونە سەرکەوتوەکانى وڵاتانی پێشکەوتوو بگوازنەوە بۆ زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و هەروەها قوتابی و خوێندکارانیش دەتوانن لەگەڵ ئەم سیستمە بگونجێن و سەرکەوتن بە دەست بهێنن.

زانکۆی جیهان بەپێی دواین ڕیزبەندی نیشتمانی بۆ زانکۆکان توانیویه‌تی پلەیەکی باش بەدەستبهێنێ

هەر لە درێژەی وتارەکەیدا د. یوسف گۆران ڕایگەیاند، وەزارەتەکەمان پڕۆژەی ڕیزبەندی نیشتمانی زانکۆکانی هەرێمی کوردستانی ڕاگەیاند کە بووە هۆی دروستبوونی پێشبڕکێی زانستی لە نێوان زانکۆکان کە ئەمەش کاریگەری ڕاستەوخۆی هەبوو لەسەر بەرزکردنەوەی ئاستی زانکۆکانی کوردستان لە ڕیزبەندی زانکۆکانی نێودەوڵەتی، لێرەوە بە پێویستی دەزانم کە دەستخۆشی لە زانکۆی جیهان بکەم کە توانیان لە ریزبەندیەکە پلەیەکی باش بەدەستبهێنن و بە پێی دواین ڕیزبەندی نیشتمانی بۆ زانکۆکانی کوردستان دەکەونە گروپی یەکەمی ڕیزبەندی نیشتمانی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان.

 

 

هەنگاوەکانى وەزارەت بۆ بەرزکردنەوەى ئاستى توێژینەوە زانستیەکان بەردەوامە

لە بەشێکى دیکەى وتاره‌کەیدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى رایگەیاند هەر لە درێژەی بایەخەکانمان بە توێژینەوەی زانستی و هاندانی توێژەران بۆ ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی ئاست بەرزو گرنگ و پەیوەندار بە چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و بەشداریکردنی جدی توێژەران لە بەرەو پێشبردنی زانست و مەعریفە لە هەرێمەکاماندا، لە هەفتەی ڕابردوودا وەزارەتەکەمان هەستا بە ئەنجامدانی وۆرکشۆپێک بە مەبەستی پێداچوونەوە بە ڕێنماییەکانی بەرزکردنەوەی پلەی زانستی کە ئەم هەنگاوەشمان هەر لە ڕوانگەی بەرزکردنەوەی ئاستی توێژینەوەکان دەست پێکردووە و هیوا خوازین لە داهاتوودا ئەو ڕێنماییانەی کە دەردەچن ببن بە دەرگایەک بۆ هاندانی توێژەرەکانمان بە مەبەستی بڵاو کردنەوەی توێژینەوەی ئاست بەرز و کاریگەر لە گۆڤارە زانستیە ئاست بەرزەکانی دوونیا کە توێژینەوەکانیان لەسەر بنەما و پێوەری ئاست بەرزی نێودەوڵەتی هەلدەسەنگێنرێت  وەک پێوەرەکانی فاکتەری کاریگەری (Impact factor) و (Citation) و (H. Index).   

زانکۆ تایبەتەکان تەواوکەرى پرۆسەى خوێندنى باڵا-ى کوردستانن

لە کۆتایى وتاره‌کەیدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دوپاتیکردەوە بەشێکى زۆرى زانکۆ تایبەتەکان لە هەرێمى کوردستان بونەتە تەواوکەرى پرۆسەى خوێندنى باڵاى کوردستان، بۆ ئەمەش دەستخۆشی لە زانکۆی جیهان کرد کە بە پێی دواین ڕیزبەندی نیشتمانی بۆ زانکۆکانی کوردستان توانیویانە پلەیەکی باش بەدەستبهێنن، هەروەک دووبارە پيرۆزبايى ئاڕاستەى مامۆستايان و دەرچووانیش کرد بەهیواى خزمەتکردنى بە هەرێمەکەمان.

١٢٩١ دەرچو بڕوانامەى دەرچونیان پێبەخشرا

لەبەشێکى دیکەى ڕێوڕەسمى ئاهەنگى دەرچوانى زانکۆى جیهان هەولێر، د. ئەمجەد صابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان هەولێر لە وتاره‌یەکدا دەستخۆشى لە وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى و هەنگاو و پرۆژەکانى وەزارەت کرد بۆ بەرزکردنەوەى ئاستى زانست و مەعریفە لە کوردستان، هەروەک د. ئەمجەد صابر دەلۆ وتیشى لە خولى هەشتەمى ساڵى خوێندنى (٢٠١٧-٢٠١٨)ى زانکۆى جیهان (١٢٩١) خوێندکارو قوتابى لە (١٥) بەشى زانستى بڕوانامەى دەرچونیان پێدەدرێت و کاروانى زانکۆکە بۆ خزمەتکردن بە بوارى خوێندن و بەرزکردنەوەى ئاستى زانستى و ئەکادیمى لە هەرێمى کوردستان بەردەوام دەبێت.

لە کۆتایى ڕێورەسمەکەشدا بڕوانامەى دەرچون بەهەریەک لە دەرچوانى خولى هەشتەمى زانکۆى جیهان هەولێر بەخشرا.