بۆ ناردنە دەرەوى ژمارەیەک لە پاڵێوراوانى تواناسازى وەزارەتى خوێندنى باڵا ڕێکەوتنی لەگەڵ ڕێکخراوى DAAD دەکات

دوێنێ 1/12/ 2010 دکتۆر گۆڤەند حسێن بەڕێوەبەرى گشتى ناردن و پەیوەندییەکان،بە نوێنەرایەتى وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى،ڕێکەوتنێکى لەگەڵ خاتوو ڕۆلاند سکرتێرى ڕێکخراوى DAAD، کەپێشتر وەزیرى خوێندنى باڵا  واژووى کربوو، ڕاگەیەندرا. بەپێى ئەم ڕێکەوتنە، ڕێکخراوى نابراو لە داهاتوەکى نزیکدا، نزیکەى 400 قوتابى لەوانەى ناویان لە بەرنامەى تواناسازیدا هەیە بۆ ماستەر و دکتۆرا، دەنێرێتە زانکۆکانى ئەڵمانیا.

ڕێکەوتننامەکە لە هۆڵى ڕۆشنبیرى زانکۆى سەڵاحەددین،لە میانەى کۆنفراسى تۆڕى زانکۆکانى ئەڵمانى – عێراقى بەڕێوە چوو، کە تیایدا دکتۆر ئەحمەد دزەیى سەرۆکى زانکۆى سەڵاحەددین و یاریدەدەرەکانى، ژمارەیەک لە ڕاگر و مامۆستایان ،هەروەها (ئەلکساندەر  هەریدى) بەرپرسى لقى ڕێکخراوى ناوبراو لەهەردوو وڵاتى ئێران و عێراق ئامادەببون.

DAAD ڕێکخراوێکى  بەناوبانگى جیهانییە لە بوارى خوێندنى باڵا و کەلتورى و ڕۆشنبیرى کاردەکات و ئامانجیان دروستکردنى پردی کەلتورییە لە نێوان زانکۆە و دەزگاکانى ئەڵمانیا لەگەڵ وڵاتانى تر.هەروەها لەگەڵ زانکۆ بەناوبانگەکانى جیهان پەیوەندى توندوتۆڵى هەیە.لەم ڕێکەوتنەى لەگەڵ وەزارەتى خوێندنى باڵا، لەبەرامبەر ناردنى ئەم خوێندکارانە، حکومەتى هەرێمى کوردستان تەواوى خەرجییەکان لە ئەستۆ دەگرێت. هەروەها بۆ سەرجەم خوێندکارانى پاڵێوراو بۆ بەرنامەى تواناسازى، کە تاکو ئێستا ژمارەیان گەیشتۆتە نزیکەى 1200 کەس ، لەلایەن حکومەتى هەرێمەوە ئاسانکارى تەواویان بۆ دەکرێت.