هۆڵەندا لەبوارى کشتوکاڵ و ئاڵوگۆڕى ئەکادیمى، هەماهەنگى لەگەڵ زانکۆکانى کوردستان دەکات

کۆبونەوە لەگەڵ کونسڵى هۆڵندا

وەزیرى خوێندنى باڵا و تویژینەوەى زانستى ڕایگەیاند لە ڕابردو وڵاتى هۆڵەندا لە قۆناخە سەخت و دژوارەکانى کە بەسەر گەلى کوردستاندا هاتوە هەمیشە هاوکار و هەماهەنگى خەڵک و حکومەتى هەرێمى کوردستان بوە،  لە قۆناخى ئێستاشدا بە پێشکەشکردنى شارەزایى لە بوار و کەرتە جیاوازەکانى خوێندنى باڵا دەتوانێت سود بە زانکۆکانى کوردستان ببەخشێت، بەتایبەت ئاڵوگۆڕى خوێندکاران و توێژەران و سود وەرگرتن لەئەزمونى هۆڵەندا بۆ هەماهەنگیکردن لەگەڵ بەش و کۆلێژە کشتوکاڵییەکان لە زانکۆکانى کوردستان.

ئەم وتانەى د. یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەمڕۆ سێشەممە ڕێکەوتى (٢٦/٢/٢٠١٩) لە میانەى پێشوازیکردنى وەفدێکى وڵاتى هۆڵەندا هات، کە پێکهاتبوو لە (ڤیلم کۆزاین) کونسوڵى گشتى هۆڵەندا لە کوردستان و، (دەیڤد فان کاپن) سەرۆکى وەفدى ڕێکخراوى (نۆفیک) و (سلیڤا فان رۆزێ) ڕاوێژکارى ڕێکخراوەکە.

لەو دیدارەدا کە د. ئامانج عەبدوڵا سەعید ڕاوێژکارى وەزیر ئامادەیبو، کونسوڵى گشتى هۆڵەندا ئامانجى سەردانەکەیانى بۆ وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەگەڵ وەفدى ڕێکخراوى (نۆفیک) خستەڕو، کە (نۆفیک) ڕێکخراوێکى تایبەتە بە کەرتى خوێندن و سەر بەوەزارەتى دەرەوەى هۆڵەندایە و، کاردەکات بۆ بەنێودەوڵەتیکردنى خوێندنی هۆڵەندا. بۆ ئەمەش سەرۆکى وەفدەکە باسى لە کارى هاوبەش و پێکەوەیى لەنێوان وڵاتەکەیان و هەرێمى کوردستان دوپاتکردەوە.

 

لە بەرامبەردا د. یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دواى بەخێرهاتنى وەفدەکە، باسى لەیەکەم سەردانى وەفدى وەزارەتى خوێندنى باڵا کرد لە ساڵى (٢٠١٥) بۆ وڵاتى هۆڵەنداو کۆبونەوە لەگەڵ وەزیرى خوێندنى ئەم وڵاتەو باسکردن لەبارەى بارودۆخى ئەوساى هەرێم و هۆڵەندا کە زیاتر ئەوکات باسمان لەبارودۆخى ئەمنى و ڕوبەروبونەوەى تیرۆر کرد، بۆ ئەوەش د. یوسف گۆران ڕایگەیاند: سوپاسى هەڵوێست و پشتگیرى ئەو وڵاتە دەکەین بۆ خەڵک و حکومەتى هەرێمى کوردستان و هاوکارییان لەڕوبەروبونەوەى تیرۆدا لە ناوچەکە.

لەبارەى سیستمى خوێندن و پێشکەوتنەکانى هۆڵەندا لە بوارى پەروەردە و خوێندنى باڵا و بەتایبەتیش کشتوکاڵ، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند دەخوازین بەهۆى پێشکەوتنى بەرچاوى ئەم وڵاتە لە بوارى خوێندنى باڵا بەتایبەت کشتوکاڵ هەماهەنگى و هاوکارى لەنێوان هەردولامان بەردەوام بێت،  هەروەها بتوانین لە داهاتودا پەیوەندییەکان فراوانتر بکەین بۆ پەرەپێدانى کەرتەکانى تر وەک: پشەسازى خۆراک و وزه‌ی به‌رده‌وام و ئەنجامدانى توێژینەوەى زانستى لە گشت بوارە جیاوازەکان لەو وڵاتە.

بۆ سود وەرگرتن لە ئەزمونى هۆڵەندا بۆ پەرەپێدانى زمانى ئینگلیزی وه‌ك زمانی دوه‌م، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دوپاتیکردەوە بەپێویستى دەزانین لەم بوارەدا وەک چۆن پڕۆژە و کارى بەردەوام لە وەزارەتەکەمان هەبوە، بەم شێوەیەش هاوکارمان بن بۆ ئەنجامدانى کارى هاوبەش بەمەبەستى پەرەپێدانى زمانى ئینگلیزى وەک زمانى دوەم و گۆڕینەوە و ئاڵوگۆڕى مامۆستایان و کردنەوەى خول و ڕاهێنان و پڕۆژەى هاوبەش لە نێوان هەردولا، بەو پێیەى ژینگەى هاوبەشى کارکردن و پێکەوەیى نێوانمان گونجاوە.

لە بەشێکى دیکەى وتەکەیدا د. یوسف گۆران باسى لە ڕێکەوتن و پڕۆژەى هاوبەش کرد لەگەڵ ژمارەیەک لە وڵاتان بەتایبەت لەبوارى خوێندنى باڵا ماستەر و دکتۆرا و ئاڵوگۆڕى زانستى و ئەنجامدانى توێژینەوەى زانستى، بۆ ئەوەش پێشنیازى خستە بەردەم وەفدى وڵاتى هۆڵەندا بۆ دروستکردنى پەیوەندى لە بوارى ئاڵوگۆڕى خوێندکاران و قوتابیان و توێژەران و هەماهەنگیکردن لەگەڵ کۆلێژ و بەشە کشتوکاڵییەکان لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان و، سوود وەرگرتن لە ئەزمونى هۆڵەندا بۆ پەرەپێدانى زمانى ئینگلیزى و ئەنجامدانى توێژینەوەى هاوبەش.

بۆ ئەوەش وەفدەکەى وڵاتى هۆڵەند دوپاتى گرنگى دانیان بە حکومەت و هەرێمى کوردستان ڕاگەیاند و دوپاتیان کردەوە مەبەستیانە لە بوارەکانى پەروەردە و خوێندنى باڵا و کشتوکاڵ بوارى دیکە هاوکارى پێشکەش بە هەرێم و خەڵکى کوردستان بکەن و، لە داهاتودا بەهاوبەشى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێمى کوردستان پڕۆژەى هاوبەشیان هەبێت لەگەڵ زانکۆکانى کوردستان.

لە کۆتایى کۆبونەوەکەدا ئەوە خرایەڕو وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەگەڵ زانکۆکان بژاردەى کارى پێکەوەیى دەرەخسێنێت، بەمەبەستى دروستکردنى هەماهەنگى بەردەوام و کارى داهاتوى پێکەوەیى لە نێوان هەردولا.