خوێندنى باڵا لە نێوان هەرێمى کوردستان و فلیپین پەرەى پێدەدرێ

phiphin-img-node.3411-01.png

بەئامانجى دروستکردنى پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێمى کوردستان، (ئێلمەر کاتۆ) سەرۆکى نێردەى فلفین لە باڵێۆزخانەى فلفین لە بەغداد سەردانى وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى کرد.

لەو دیدارەدا، کە ئەمڕۆ دوشەممە، ڕێکەوتی (٢١/١١/٢٠١٦) بەئامادەبونى د.ئامانج سەعید ڕاوێژکارى وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى و، د.جوان جەلال شەریف بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى نێردراوان و پەیوەندییە ڕۆشنبیرییەکان لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئامادەیبون گفتوگۆ لەبارەى چۆنیەتى دروستکردنى پەیوەندیی نێوانیان کرا.

لەو چوارچێوەیەداو، لەسەرەتاى دیدارەکەدا (ئێلمەر کاتۆ) کورتەیەکى لەبارەى مێژوى پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئێراق خستەڕو، کە زیاتر لە (٤١) ساڵە بەردى بناغەى دانراوە، وتیشى لە ساڵى پارەوە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هەرێمى کوردستان دەستپێکردوە، ئەوەش لەسەر بنەماى ئەوەى کە زیاتر لە (٣) هەزار فلفینى لە هەرێمى کوردستان کاردەکەن، هەروەها باسى لە پەیوەندییەکانى وڵاتى فلیپین کرد لەناوچەکە کە تا ئێستا پەیوەندییەکان لە بوارى خوێندنى باڵاو پەروەردە وەک پێویست نیە، بۆیە هیواى خواست لە ڕێگەى ئەم دیدارەوە بتوانن پەیوەندى لە بوارى خوێندنى باڵا لە نێوان زانکۆکانى هەرێمى کوردستان و زانکۆکانى فلیپین دروست بکەن.

لە بەرامبەردا د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى پشتیوانى تەواوى بۆ دروستکردنى ئەو پەیوەندییە دوپاتکردەوەو، هیواشى خواست بەبەرنامەى هاوبەش بۆ ڕەوانەکردنى خوێندکارو هێنانى مامکۆستان و کردنەوەى خولى ڕاهێنان پەیوەندییەکانیان دەست پێ بکەن.