د.یوسف گۆران: دەخوازین زانکۆکان ببنە ناوەندێک بۆ ئامادەکردنى کادیرى لێهاتوو بۆ کۆمەلگە

senterekan001

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: ئامانجى وەزارەت لە کردنەوەى سێنتەرەکانى بەکارخستن، بەستنەوەى ناوەندەکانى خوێندنە بە بازارى کارى کوردستان.

ئەو ڕاگەیاندنەى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، ئەمڕۆ دوشەممە، رێکەوتى (٢٦/٢/٢٠١٨) لە میانەى سەرپەرشتیکردنى کۆبونەوەیەکى هات، لەگەڵ بەڕێوەبەرى سێنتەرەکانى بەکارخستن لە زانکۆکانى کوردستان بەڕێوەچو.

لەو کۆبونەوەیەدا، کە بەئامادەبونى د.خەتاب شێخانى بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى کارگێڕى و دارایى و، د.جوان جەلال شەریف بەرێوەبەرى گشتى فەرمانگەى نێردراوان و پەیوەندییە ڕۆشنبیرییەکان بەڕێوەچو، هەڵسەنگاندن بۆ کار و چالاکیەکانى سێنتەرەکانى بەکارخستن و ، ئاستەنگ و بەربەستەکان کرا.

لەو چوارچێوەیەدا و، لەسەرەتاى کۆبونەوەکەدا، د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دواى بەخێرهێنانى ئامادەبوان، بەگرنگیەوە باسى لە سێنتەرەکانى بەکارخستن کرد و ڕایگەیاند: کردنەوەى سینتەرەکانى بەکارخستن یەکێک بوو لە پڕۆژە ستراتیژییەکانى سەرۆکایەتى حکومەتى هەرێمى کوردستان و، وەزارەتەکەمان، وتیشى ئامانجى سەرەکیمان لە کردنەوەى ئەو سێنتەرانە لە زانکۆکان بەستنەوەى زانکۆکانى کوردستانە بەبازارى کارى کوردستان، بەشێوەیەک ئەو زانست و پڕۆگرامەى خوێندکاران لە زانکۆکان وەریدەگرن و فێرى دەبن بۆ بازارى کارى کوردستان سودى هەبێ.

هەر لە وتەکانیدا، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتى: ماوەى سێ ساڵە ئەم پڕۆژەیە جێبەجێکراوە، بۆیە لێرەوە دەبێ هەڵسەنگاندن بۆ کارەکانتان بکەین و، بزانین لەو ماوەیەدا چیتانکردوە، بۆیە پرسیارەى ئەوە دەکەین ئایا سێنتەرەکانى بەکارخستن ئەو ئامانجانەى خۆى پێکاوە کە لە پێناوى دامەزراون؟، کێشەو  بەربەستەکان چین؟، پاشان دەمانەوی بزانین هەڵسەنگاندنى ئێوە بۆ پڕۆسەکە چیە؟.

لە کۆتایى وتەکانیشدا، د.یوسف گۆران ڕایگەیاند: ئێمە دەمانەوی دەرچوان کە زانکۆ تەواو دەکەن، تەنها نەبێتە خاوەن بڕوانامەى دەرچون، بەڵکو بەهۆى ئەو زانست و زانیاریى و سکیڵەى لە زانکۆ فێرى دەبێ سود بە خۆى و بە کۆمەڵگەکەى و بازارى کارى کوردستان بگەێنێ.

هەر لەو کۆبونەوەیەدا، بەڕێوەبەر و سەرپەرشتیارى سێنتەرەکانى بەکارخستن لە زانکۆکانى کوردستان، دواى ئاماژەکردن بە کێشە و ئاستەنگ و گرفتەکان، بۆچون و ڕا و پێشنیازەکانیان بۆ چۆنیەتى زاڵبون بەسەر کێشە و ئاستەنگەکان و زیاتر کاراکردنى سێنتەرەکان خستەڕو.

لە کۆتایشدا، د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى جەختى لە چارەسەرکردنى کێشەکان کردەوە و، ڕاشگەیاند: لێرەوە دەبێ بەرچاوتان ڕون بێ و پشت بەخۆتان ببەستن و، کارەکانتان دەچێتە قۆناخێکى تازەوە.