ڕێکخراوى هارت لاند ئەلایندس: بازرگانیکردن بەئەندامانى جەستەى مرۆڤ و لەشفرۆشى ڕوى لە زیادبون کردوە

IMG_9821.JPG

 د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وەفدێکى (ڕێکخراوى هارت لاند ئەلایندس)ى ئەمریکى بەسەرۆکایەتى مەیس مەساعدى بەڕێوەبەرى پڕۆژەکان لە ڕێکخراوەکە کرد.

لە دیدارێکدا کە ئەمڕۆ چوارشەممە، ڕێکەوتى (١٨/٥/٢٠١٦) لە دیوانى وەزارەت بەڕێوەچوو، گفتوگۆ لەبارەى بارودۆخى مافى مرۆڤ و چۆنیەتى هۆشیارکردنەوەى تاکەکانى کۆمەڵگە کرا.

لەسەرەتاى دیدارەکەدا خاتوو مەیس مەساعدى دواى ئەوەى کورتەیەکى لەبارەى کاروچالاکیەکى ڕێکخراوەکەیان کرد، ئاماژەى بەبارودۆخى مافى مرۆڤ لە هەرێمى کوردستان بەتایبەت لە نێۆ کەمپەکان کرد و بۆ ئەوەش ڕایگەیاند: بەهۆى ئەو بارودۆخە سیاسى و ئابورییەى کە لە هەرێمى کوردستان هەیە، لەهەمان کاتدا بەهۆى ئەو ژمارەى زۆرەى ئاوارو پەناهەندەکان کە ڕوییان لە هەرێمى کوردستان کردوە بازرگانیکردن بەئەندامانى جەستەى مرۆڤ و لەشفرۆشى ڕوى لە زیادبون کردوە، بەتایبەت لە نێو کەمپەکان بۆ ئەوەش وتى: لە مانگى (١ و ٢/ ساڵى ٢٠١٦) زۆرترین کرێن و فرۆشتن بەگورچیلەوە کرا و نرخەکەى لە نێوان (٧ بۆ ١٢) هەزار دۆلار بووە، ڕونیى کردەوە کە بەپیى یاساکانى بەخشین ئەندامانى جەستەى مرۆڤ دەبێ بەبەخشین بێ و بێ بەرامبەر بێ بۆ کەسانى سودمەنیش لە هەمان خێزان بێ، بۆ ئەوەش داواى لە وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کرد هەماهەنگیان لەگەڵ بکەن بۆ ئەنجامدانى کاروچالاکى هاوبەش بۆ هۆشیارکردنەى خەڵک لەو جۆرە بازرگانیە.

لە بەرامبەردا د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دواى ئەوەى بەخێرهێنانى لێکردن، پیشنیازى کرد کە لە ڕێگەى کۆلێژەکانى یاسا و پزیشکى و توێژران لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان کار لەسەر ئەو بابەتە بکەن و تاکەکانى کۆمەڵگە بە مەترسیەکانى ئەو جۆرە بازرگانیە هۆشیار بکەنەوە.

ڕێکخراوى هارت لاند ئەلایندس)ى ئەمریکى لە بوارى ڕوبەڕوبونەوەى بازرگانیکردن بەمرۆڤ لە کوردستان و ئێراق کاردەکەن و بارگاى سەرەکى ڕێکخراوەکەشیان لە شیکاگۆیە، لەهەمان کاتدا لە بوارەکانى ماف مرۆڤ بەگشتى و مافەکانى ژنان و منداڵان بەتایبەت کاردەکەن.