لەئەنجامى تۆمارکردنى سکاڵا (١٥٧٦٣) خوێندکارى دیکە لە زانکۆکان وەرگیران

MHE-KRG LOGO

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وەرگرتنى (١٥٧٦٣) خوێندکارى تر لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان بەپێى ئەنجامى سکاڵاکانیان رادەگەیەنێت، هەروەها (٤٠٩١) خوێدکارى دیکەش کە داواى شوێن گۆڕینیان کردبوو بەپێى داواکارییەکانیان شوێنەکانیان بۆ گۆڕاوە.

عەباس ئەکرەم وتەبێژى وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی رايگەیاند دواى ئەوەى له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندی گشتی و، ڕەخساندنى دەرفەتی زیاتر بۆ دەرچوانى قۆناخى دوانزەى ئامادەیى، پلانى وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگەکان بۆ ساڵی خوێندنی (2018-2019) زياد كراو دەرگاى پێشکەشکردنى سکاڵا بۆ دەرچووانى قۆناخى دوانزەى ئامادەیى کرایەوە، لە ئێستادا وەزارەتەکەمان ئەنجامى سکاڵاکان رادەگەیەنێت کە بەم شێوەیەى خورارەوەیە:

  1. لەئەنجامى پێشکەشکردنى سکاڵادا (١٩٨٥٤) دەرچووى قۆناخى دوانزەى ئامادەیى بەهەردوو خول سکاڵایان تۆمارکردووە. لەو ژمارەیەدا (١٥٧٦٣) خوێندکار ئەوانەن کەناویان لەهیچ شوێنێک نەهاتبۆوە، (٤٠٩١) خوێندکاری دیکەش کە داواى گۆڕینى شوێنیان کردبوو شوێنەکانیان بۆ گۆڕدراوە.
  2. وەرگرتنى (١٥٧٦٣) خوێندکارى تر لە زانکۆ و پەیمانگەکان، کە پێشتر ناویان لە هیچ شوێن دەرنەچووبوو بەپێى ئەنجامى سکاڵاکان ناویان لەم شوێنانە گەڕاوەتەوە کە خۆیان داواکارییان بۆى پێشکەش کردبوو. لەم ژمارەیەدا (٦٧٤) خوێندکار لە دەرچووانى خولى یەکەمن.
  3. ئەنجامدانى شوێن گۆڕین بۆ (٤٠٩١) خوێندکار کە داوى شوێن گۆڕینیان کردبوو، بۆیە بەپێى داواکارییەکانیان شوێن گۆڕینیان بۆ کراوە.
  4. لە ئێستادا كۆى گشتى وەرگیراوان بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠١٨-٢٠١٩) بریتییە لە (٤٣٤٢٦) چل و سێ هەزار و چوار سەدو بیست و شەش وەرگیراوى خولى یەکەم و دووەمى قۆناخى دوانزەى ئامادەیى.
  5. لە وەرگرتنى (١٥٧٦٣) خوێندکار بڕیارى وەزارەت بۆ جیاوازى کەمترین کۆنمرەى وەرگرتن لەنێوان خولى یەکەم و خولى دووەم کە لە (٣) نمرە تێپەڕى نەبێت رەچاوکراوە.

 

  1. دەرچووانى قۆناخى دوانزەى ئامادەیى دەرچووانى خولى یەکەم و خولى دووەم ئەوانەى سکاڵایان تۆمارکردووە دەتوانن سەعات 9ى سەرلەبەیانى رۆژى یەکشەممەوە ڕێكه‌وتی (4/11/2018) به‌هه‌مان وشه‌ی تێپه‌ڕ و وشه‌ی نهێنی (پاسۆرد و یوزه‌رنه‌یم) ئەنجامى وەرگرتیان لە زانکۆو پەیمانگەکان له‌ وێبسایتی (www.regayzanko.com) به‌شێوه‌ی ئۆنلاین وەربگرنەوە.
  2. وەرگیراوان لەزانکۆ و پەیمانگەکان پێویستە دواى وەرگرتنەوەى ئەنجامەکان پەیوەندى بە بەش و کۆلێژەکان بکەن بۆ خۆتۆمارکردن و مامەڵەکانیان بۆ دەستکردن بە پرۆسەى خوێندن.

 

عەباس ئەکرەم وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى جه‌ختى لەسەر ئەوە کردووە وەک چۆن لەماوەى رابردوو دەرچوانى پۆلى دوانزەى ئامادەیمان دڵنیاکردەوە، كه‌ ستافی وه‌زاره‌ت له‌ هه‌وڵه‌كانى به‌رده‌وام دەبێت بۆ فەراهەمکردنى دەرفەتى خوێندن و چارەسەرکردنى هەموو ئەو بابه‌تانه‌ی کە پەیوەندارن بە وەرگرتنى قوتابیان و خوێندکاران لە زانکۆکان، لە ئێستاشدا ‌خەمخۆرى و پەرۆشیى وەزارەت وەک لایەنى سەرەکى ئەم پرۆسه‌یه‌ بۆ دەرچووان بە تەواوى روونبۆتەوە