وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى زانکۆى گەرمیان بەسەر دەکاتەوە

Garmyan Universty

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەمیانى سەردانى بۆ زانکۆى گەرمیان دوپاتی کردەوە بۆ ئەوەى بتوانین پەرە بە زانکۆکانمان بدەین و، وەڵامی پێداویستییەکانی کۆمەڵگە بدەینەوە دەبێت لەمەودوا زانکۆکانى کوردستان بەرەو تایبەتمەندیەتى زانستى ببەین، هەر بۆ ئەوەش بوە وەزارەتەکەمان پشتیوانی کردنەوەی کۆلێژى پزیشکى لە زانکۆى گەرمیان دەکات.

ئەم دوپاتکردنەوەیەى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەمیانى سەردانێکی مەیدانی بۆ زانکۆی گەرمیان و بەڕێوەچونى کۆبونەوەیەکى ئەنجومەنى زانکۆکە هات کە لە کامپی نوێی زانکۆ ئەنجام درا.

لەو چوارچێوەیەدا و، لە یەکەم وێستگەى سەردانەکەیدا، کە د.ئامانج سەعید ڕاوێژکارى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هاوڕێیەتى دەکرد، د.یوسف گۆران وەزیرى خویندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى سەردانی سەرۆکایەتی زانکۆ و کۆلێژەکانى زانکۆی گەرمیانی کردو و، بەش و هوڵ و تاقیگەکانى بەسەرکردەوە، هەروەک لە نزیکەوە لە پێداویستى و کەموکوڕییەکانى کۆڵییەوە، بەتایبەت ئامادەکارییەکان بۆ کردنەوەى کۆلێژى پزیشکى زانکۆى گەرمیان و دەستنیشانکردنى شوێن و پێداویستى و ستافى کۆلێژەکە بەوردى تاوتوێکران.

دواتر بەسەرپەرشتى د. یوسف گۆران، کۆبونەوەى ئەنجومەنى زانکۆى گەرمیان بەڕێوەچو، لە کۆبونەوەکەدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند لەم سەردانەماندا بۆ زانکۆى گەرمیان لەنزیکەوە ئاگادارى ئەو ئامادەکاریانەى زانکۆکە بووین، کە کردویانە بۆ کردنەوەى کۆلێژى پزیشکى، هەروەک تەئکیدی کردەوە کە کردنەوەى ئەو کۆلێژە بۆ سنورەکە دەبێتە دەستکەوتێکى گرنگ و ستراتیژى و بایەخدان بەلایەنى پەرەپێدانی خزمەتگوزاری تەندروستى و پزیشکى لە سنورەکە،  لەهەمان کاتدا خزمەتێکە بە کەسوکار و بنەماڵەى قوربانى و شەهیدانى ئەم سنورە، کە لەسەر دەستى ڕژێمى بەعس ئازارو مەینەتى زۆریان چەشتوە و، شایەنى هەمو خزمەتێکن، کە ئەوەش وەک خەونێک بوە بۆ وەزارەتەکەمان و، تەواوى هەوڵەکانمان بۆ پشتگیرى کردنەوەى ئەم کۆلێژە دەخەینەگەڕ.

لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتى هەوڵى زۆرمان داوە بۆ بەستنەوەى بەش و کۆلێژەکانی زانکۆکان بە پێداویستیەکانى کۆمەڵگە، هەرچەندە کردنەوەى کۆلێژى پزیشکى لەزانکۆى گەرمیان کارێکى ئاسان نیە، بەڵام  بەشە پزیشکیەکان لە پێداویستییە سەرەکییەکانی ناوچەی گەرمیانن، هەر لەوتەکەیدا د.یوسف گۆران ڕو لە ئەندامانى ئەنجومەنى زانکۆى گەرمیان ڕایگەیاند: سیاسەتى وەزارەتەکەمان ئەوەبوە زانکۆکان بەپێى ناوچەکانیان تایبەتمەندی زانستيان هەبێت، چونکە لە ئیستادا زانکۆى گشتگیر (شمولى) لە هەمو جیهاندا باوى نەماوە، بەڵکو زۆربەى زۆرى زانکۆکانى جیهان بەرەو تایبەتمەندى و پسپۆڕى چون، هەر ئەوەش هۆکارى سەرکەوتنیان بوە، وتیشى بۆ زانکۆى گەرمیان تایبەتمەندیەتى هەنگاوی بنەڕەتی و شاڕێی سەرکەوتنە، بۆ ئەوەش دەبێت بزانین لە سنورى گەرمیان چ بەش و پسپۆڕییەک گرنگە بۆ گەشەپێدانی ئابوری ناوچەکە، بۆیە دەبێ زانکۆکە بۆ ئەم پسپۆڕى و تایبەتمەندیەتە زانستيانە خۆى ئاڕاستە بکات.

لەبارەى پێداویستى زانکۆکان بۆ کردنەوەو فراوانکردن یاخود کەمکردنەوەى بەش و کۆلێژەکان، د. یوسف گۆران ڕایگەیاند: بۆ فراوانکردنى بەش و کۆلێژەکان یا کردنەوەو داخستنى هەر بەش و کۆلێژێک دەبێت پشت بە بنەماو ڕوپێوی و پێوەری زانستی ببەسترێت، بەشێوەیەک ببێتە هۆى ئەوەى دابەشکردنی توانا مرۆییەکان و کردنەوەی  بەشەکان لەگەڵ پێداویستیەکان بگونجێن، جەختى لەسەر ئەوەش کردەوە، کە دەبێت بە شێوەیەکی بەردەوام پەرە بە توانای مامۆستایان بدەین و بۆ گەشەپێدانی زانست و زانکۆکانمان ئامادەیان بکەین، هەروەک دەبێت ئەو ڕاستییەمان لە پێش چاو بێت کە لە ئێستادا نەوەیەک لە ڕێگەیە بەرەو زانکۆکان، کە زیرەک و زمان زانن و لە بواری بەکارهێنانی تەکنۆلۆجیا شارەزا و لێهاتون، بۆ ئەوەش وتى: دەبێت مامۆستاکانمان وا ڕابهێنین بۆ ڕێبەرایەتیکردنی ئەم نەوەیە، کە هەر ئەوەش سیاسەت و ستراتیژى وەزارەتەکەمانە لەئێستادا، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتیشى هەرچەندە ئەم سیاسەتەمان بێ ناڕەزایى و بەرەنگارى نەبوە، بەڵام بۆ بەرزکردنەوەى کوالێتى زانکۆ و مامۆستاکانمان بەردەوام دەبین.

بۆ بایەخدان و پەرەپێدانی توانای مامۆستاکانى زانکۆى گەرمیان، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بڕیاریدا بە کردنەوەى خولى ڕاهێنان و گەشەپێدانى مامۆستاکان بەتایبەت بۆ پەرەپێدانى توانستى زمانى ئینگلیزى لەلایەن کەسانى شارەزاو پسپۆڕو و لێهاتوى بوارەکە.

لە کۆتای وتەکەیدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پشگیری تەواوى بۆ داواکارى و کارەکانى زانکۆى گەرمیان دوپاتکردەوە، بەشێوەیەک گرنگى بە کوالێتى و بەرزرکرنەوەى تواناکان بدەن.

هەر لەکۆبونەوەکەى ئەنجومەنى زانکۆى گەرمیان، سەرۆکى زانکۆى گەرمیان لە وتەیەکدا سوپاسى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و پشتگیرى و هاوکارییەکانى کرد بۆ زانکۆى گەرمیان بەتایبەت لە ئامادەکارییەکانى تایبەت بەکردنەوەى کۆلێژى پزیشکى لە زانکۆى گەرمیان و دەستنیشانکردن و پێداویستیەکان.

زانکۆى گەرمیان لە (٧) کۆلێژ و (٢) بەش کە بریتین لە بەشەکانى یاسا و ئەندازیارى پێکهاتوە و، ژمارەى مامۆستاکانى (٢٢٥) مامۆستا، هەروەک نزیکەى (٥٠٠٠) هەزار خوێندکارى هەیە.