د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕاگەیاند: ئێمە بەگرنگیەوە لە بەپڕۆسەى بەئەلیکترۆنیکردنى دامەزراوەکانى خوێندنى باڵا دەڕوانین، چونکە هەنگاوێکى گرنگى بەشەفافیکردنە، جگە لەوەش دەبێتە هۆکارێکى سەرەکى بۆ کارئاسانیکردن و ڕایکردنى کاروبارى خوێندکاران و مامۆستایان و کارمەندان و هاوڵاتیان.
ئەو راگەیاندنەى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، ئەمڕۆ سێشەممە، ڕێکەوتى (٦/٢/٢٠١٨) لە میانەى سەرپەرشتیکردنى کۆبونەوەیەکى هات، کە تایبەت بو بە دواین هەنگاوەکانى بەئەلیکترۆنیکردنى کاروبارەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا.
لەو کۆبونەوەیەدا، کە بەئامادەبونى ڕاوێژکاران و، بەڕێوەبەرە گشتیەکانى دیوانى وەزارەت بەڕێوەچو، د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە وتەیەکیدا دیدگاى وەزارەتى بۆ چۆنیەتى باشتر ڕایکردنى کاروبارەکانى وەزارەت خستەڕ و ڕاگەیاند: لە ماوەى ڕابردودا قۆناخى یەکەمى پڕۆسەى بەئەلیکترۆنیکردنى وەزارەتەکەمان کە تایبەت بەیەکسانکردنى بڕوانامەکان تەواو کرد، وتیشى لە قۆناخى دوەماندا لایەنى بەڕێوەبردن و داتاو زانیارى و ئاڵوگۆڕکردنى نوسراوەکان هەمویان کراونەتە ئەلیکترۆنى، چونکە بەشێکى زۆرى کێشەکانمان لە ڕێگەى ئەو سیستمەوە دەتوانین چارەسەر بکەین و کاتى زۆریشمان بۆ دەگەڕێتەوە، ئەوەشى ڕاگەیاند: لە داهاویەکى نزیکدا دەستبەکاربونى ئەو قۆناخەش ڕادەگەێنین، بەوەش سەرجەم کاروبارەکانى دیوانى وەزارەت بەئەلیکترۆنی دەکرێن.
لەو چوارچێوەیەدا، د.خەتاب مستەفا بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى توێژینەوە و پەرەپێدان باسى لە دواین هەنگاوەکانى بەئەلکیترۆنیکردنى کاروبارەکانى دیوانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کرد.
لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا، نوێنەرى کۆمپانیاى جێبەجێکرا باسى لە چۆنیەتى هەنگاوەکانى جێبەجێکردنى پڕۆژەکەو ئەو بەرەبەستانە کرد کە لە ماوەى کارکردنیان ڕوبەڕویان بۆتەوە، هەروەک وردەکارییەکانى چۆنیەتى بەئەلکیترۆنیکردنى سەرجەم بەڕێوەبەرایەتیەکان باسکرد.
هەر لەو کۆبونەوەیەدا، د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، ڕاویژکار و بەڕێوەبەرە گشتیەکانى دیوانى وەزارەت چەند سەرەنج و بۆچونێکیان لەبارەى وردەکارییەکانى پڕۆسەکە ئاڕاستەى لایەنى جێبەجێکار کرد.