د.یوسف گۆران: دەبێت پڕۆگرامەکانى خوێندن ڕەنگدانەوەى پێداویستیەکانى کۆمەڵگە بێت

IMG_5936_0.JPG

 وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕاگەیاند: وەزارەت پڕۆژەیەکى ستراتیژى بەدەستەوەیە بۆ بەرەوپێشبردنى ئاستى خوێندنى باڵا, پڕۆگرامەکانى خوێندن, بەرزکردنەوەى ئاستى زانستى مامۆستا, خوێندکار لەسەرجەم قۆناغ و بەشەکانى خوێندن، لەو چوارچێوەیەشدا چەند هەنگاوێکى جدیمان ناوە.

ئەو ڕاگەیاندنەى د.یوسف گۆران لە میانەى کۆبونەوەیەکیدا هات لەگەڵ ڕاگرى کۆلێژ و سەرۆکى بەشەکانى ئەندازیارى لە زانکۆ حکومى و تایبەتیەکانى هەرێمى کوردستان, کە ئەمڕۆ دوشەممە, ڕێکەوتى (١٥/٦/٢٠١٥) لە هۆڵى کۆبونەوەکانى دیوانى وەزارەت بەڕێوەچو.

لەو کۆبونەوەیەدا کە بەئامادەبونى د.دڵشاد کاکەسور بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى ئەندازەو پڕۆژەکان لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى  و، نوینەرى یەکێتیى بەڵێندەرانى کوردستان و, سەندیکا و یەکێتیى ئەندازیارانى کوردستان ئامادەیبون, لەسەرەتادا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتى: کارى ئەندازیار جیاواز لە هەر کاریکى دیکە بەرچاو و دیارە, بۆیە دەبێت وانەکانى خوێندن لە کۆلێژەکانى ئەندازیارى و ناوەندەکانى خوێندن ڕەنگدانەوەى پێداویستیەکانى کۆمەڵگە بن، لەو چوارچیوەیەشدا دەخوازین بەسەرجەم پڕۆگرامەکانى خوێندندا بچینەوەو بەبایەخدان بەکواڵیتی و گونجاندن لەگەڵ پێشکەوتن و گۆڕانکارییەکانى سەردەم سیستەمێکى نوێ دابڕێژین کە هەموکات خوى نوێ بکاتەوەو کۆمەڵگەکەمان بەرەوپیش بەرێت.

د.یوسف گۆران ئامادەبوانى کۆبونەوەکەى ڕاسپارد بەوردى دەستنیشانى گرفتەکان بکەن و، لە پێشنیازەکانیان بۆ پەرەپێدان و گۆڕانکارى لە پڕۆگرامەکانى خوێندن بایەخ بەچۆنێتى پتەوکردنى پەیوەندییەکانى نێوان کۆلێژەکانى ئەندازیارى و ڕێکخراوە پەیوەندیدارەکان و بازارى کار بدەن, هەروەک بایەخدانى زیاتر بەبابەتى پراکتیکى و, زمانى ئینگلیزى لە بەشەکانى ئەندازیارى بەخاڵێکى گرنگ لە قەڵەمدا، وتیشى: دەبێت لە زوترین کاتدا کارەکانتان تەواو بکەن بۆ ئەوەى بڕیارى پیویستیان لەبارەوە بدەین تا لە ساڵى داهاتودا بچێتە بوارى جێبەجێکردنەوە.

پاشان ئامادەبوانى کۆبونەوەکە لەخستنەڕوى بۆچونەکانیاندا چەندین پێشنیازیان خستەڕو بۆ چۆنێیەتى پێداچونەوە بە پڕۆگرامەکانى خوێندن و بەرزکردنەوەى ئاستى دەرچوان لە بەشەکانى ئەندازیارى و پرکردنەوەى پێداویستیەکانى بازار بەکادرى خۆماڵى.