وەزیرى خوێندنى باڵا و کونسوڵى تورکیا پەرەپێدانى ئەکادیمى دوپاتدەکەنەوە

وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا له‌گه‌ڵ كونسڵی توركیا

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پەرەپێدانى زیاترى په‌یوه‌ندییه‌كان له‌ بوارە ئەکادیمیەکان و ئاڵوگۆڕى زانستى لەگەڵ کونسوڵى تورکیا دوپاتکردەوە.

ئەم جەختکردنەوەى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەمڕۆ سێشەممە ڕێکەوتى (٦/٨/٢٠١٩) لە میانى پێشوازیکردنى لە (هاکان کاراچاى) کونسوڵى گشتى تورکیا لە هەرێمى کوردستان هات.

لەسەرەتاى دیدارەکەدا، كه‌ ڕاوێژكار و ژماره‌یه‌ك له‌ به‌ڕێوه‌به‌ره‌ گشتیه‌كانی دیوانی وه‌زاره‌ت ئاماده‌یبون، کونسوڵى تورکیا پیرۆزبایى و هیواى سەرکەوتنى بۆ وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى خواست و وتى: دەمانەوێت پەیوەندییەکانمان لەگەڵ وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى زیاتر بەرەو پێش ببەین و ئاستى زانستى و ئەکادیمیمان پەرەى پێبدەین.

لە بەرامبەردا، د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دواى بەخێرهاتنى کونسوڵى تورکیا، ڕایگەیاند: ئامانجمان پتەوکردنى پەیوەندى و هەماهەنگى و هاوکاری زیاترە، بەشێوەیەک بتوانین ئاڵوگۆڕى زانستى و ئەکادیمى نێوانمان پتەوتر بکەین.

سەبارەت بە کارنامەى کارکردنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و کرانەوە بەڕوى دونیاى دەرەوە، د. ئارام محمد دوپاتیکردەوە دەمانەوێت لە پلانى ستراتیژى چوار ساڵى کارکردنمادا بەرەو پێشبردنى ئاستى زانستى و ئەکادیمى و بەنێودەوڵەتیکردنى زانکۆکان بکەینە پێشینه‌ی كار و پرۆژه‌كانمان، بۆ ئەوەش ڕونیکردەوە ڕەچاوکردنى کواڵێت و بنەما و پێوەرى زانستی و خوێندن و دەستەبەرکردنى پێوەرە جیهانییەکان لەو زانکۆیانەى کە لەسەر ئاستى دونیا لە پێشەوەن، كه‌ دەبنە هۆى بەرزرکردنەوەى ئاستى زانستى خوێندکارانمان، هۆکارێکە بۆ هەماهەنگیمان لەگەڵ وڵاتانى دەرەوە.