وەزارەتى خوێندنى باڵا لیستی نوێى زانکۆ باوەڕپێکراوەکانى دەرەوەى وڵات بڵاو دەکاتەوە

yeksankrdni brwanam.jpg

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لیستی نوێى ئەو زانکۆیانەی دەرەوەی وڵات ڕادەگەیەنێت، کە لەمەودوا لەلایەن وەزارەتەوە پەسەندکراو و باوەڕپێکراون بۆ مەبەستی مۆڵەتی خوێندن و تواناسازی و هەموو جۆرەکانی دیکەی خوێندن لەدەرەوەی وڵات و یەکسانکردنی بڕوانامەکان.

ئەم لیستە، کە لەلایەن د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پەسند کرا، لەسەر بنەماو پێوەری زانستی ئامادەکراوە و، سوود لە سیستمە جیاکانی ڕیزبەندی نێودەوڵەتی و نیشتیمانی زانکۆکانی وڵاتانی جیهان وەرگیراوە.

ئەو خوازیارن دەیانەوێ لە دەرەوەی وڵات درێژە بە خوێندن بدەن، پێویستە ڕەچاوی ئەم خاڵانەی لای خوارەوە بکەن:

  1. لیستی نوێی زانکۆ پەسەندکراوەکانی دەرەوەی وڵات لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی کوردستان لە ڕێکەوتی (١ / ٩/ ٢٠١٧)ەوە کاری پێدەکرێت.
  2. پابەندبون بەم لیستە، پێشکەشکارانی هەموو جۆرەکانی خوێندنی باڵا (ماستەر و دکتۆرا) لەدەرەوەی وڵات دەگرێتەوە (مۆڵەتی خوێندن، تواناسازی، زەمالە)، هەروەك ئەو کەسانەش دەگرێتەوە کە ده‌خوازن بەشێوازی (نفقە خاصە و مۆڵەتی بێ موچە) دەیانەوێت درێژە بە خوێندن بدەن.
  3. ئەو کەسانەى لە دوای ئەم ڕێكەوته‌وه‌ داواکاری بۆ خوێندن لەدەرەوەی وڵات پیشکەش دەکەن، پێویستە (ئۆفەری خوێندن، کۆرسی زمان و کۆرسی ئەکادیمی) لەیەکێک لەو زانکۆیانە بەدەست بهێنن، کە لە لیستەکەدا ناوى هاتوە، بە پێچەوانەوە لە دوای گەڕانەوەیان مامەڵەی یەکسانکردنی بڕوانامەیان بۆ جێبەجێ ناکرێ.
  4. پێشکەشکارانی هەموو جۆرەکانی خوێندن لە دەرەوەی وڵات پێویستە بەر لە ڕۆیشتن سەردانی فەرمانگەی نێردراوان و پەیوەندییە ڕۆشنبیرییەکان لە دیوانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی بکەن، بۆ مەبەستی دڵنیابون لە بونی زانکۆکەیان لە لیستی زانکۆ پەسەندکراوەکانی وەزارەت و کردنەوەی فایلی خوێندن لە بەڕێوەبەرایەتی نێردراوان لە دیوانی وەزارەت.
  5. ئەو کەسانەى کە لە ده‌زگاو دامه‌زراوه‌كانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دانەمەزراون و خوازیارن لەدەرەوەی وڵات درێژە بە خوێندن بدەن و، دوای تەواوکردنی خوێندن دەیانەوێت لەهەرێمی کوردستان کار بکەن، پێویستە بە هەمان شێوە لە ڕێکەوتی (١/ ٩/ ٢٠١٧)ەوە پابەند بن بە لیستی نوێی زانکۆ پەسەندکراوەکانی دەرەوەی وڵات.
  6. بڕیاری پابەندبون بە لیستی نوێی زانکۆ پەسەندکراوەکانی دەرەوەی وڵات ئەو کەسانە ناگرێتەوە کە دانیشتوی دەرەوەی ئێراقن و ڕەگەزنامەی بیانیان هەیە.
  7. لیستی نوێی زانکۆ پەسەندکراوەکانی دەرەوەی وڵات ئەو کەسانەش ناگرێتەوە کە پێش ڕێکەوتی (١/ ٩/ ٢٠١٧) لە دەرەوەی وڵات دەستیان بە خوێندن کردوە، بەڵکو بە لیستى پێشتر مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێ.

 

بۆ بینینى لیستى ناوى زانکۆ باوەڕپێکراوەکان تکایە کلیک لێرە بکە (لیستى ناوى زانکۆ باوەڕپێکراوەکان)...

لەلایەکى دیکەوە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئاگادارى خوازیارانى خوێندن لە دەرەوەى وڵات دەکات جا بۆ هەر ئاستێکى خوێندن بێ (دبلۆم، بەکالۆریۆس، ماستەر، دکتۆرا، بۆرد، پۆست دکتۆرا)، پێویستە بەر لەوەى بڕۆنە دەرەوەى وڵات دەبێ لە فەرمانگەى نێردراوان و پەیوەندییە ڕۆشنبیرییەکان/ بەڕێوەبەرایەتى نێردراوان فایلی خوێندن بکاتەوە، بەپێچەوانەوە دواى گەڕانەوەى کارى یەکسانکردنى بڕوانامەى بۆ ڕایى ناکرێ.

 

هاوکات وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى خوازیارانى خوێندنى پزیشکى ئاگادار دەکات، بەتایبەت ئەوانەى دەخوازن لە دەرەوەى وڵات درێژە بەخوێندن بدەن لە بوارە جیاکانى پزیشکى و بڕوانامەى بەکالۆریۆس بەدەست بێنن، پێویستە بەر لە ڕۆیشتنیان پشتگیرى و لارینەبونى وەزارەتى تەندروستى بهێنن و، لە فەرمانگەى نێردراوان و پەیوەندییە ڕۆشنبیرییەکان/ بەڕێوەبەرایەتى نێردراوان فایلی خوێندن بکاتەوە، بەپێچەوانەوە دواتر لە گەڕانەوەى یەکسانکردنى بڕوانامەکەى بۆ ناکرێ.

 

هەر لەو چوارچێوەیەدا و، بەئامانجى کارئاسانیکردنى پڕۆسەى یەکسانکردنى بڕوانامەکان لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، لەسەر ڕاسپاردەى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پڕۆسەى یەکسانکردنى بڕوانامەکان بەئەلیکترۆنى کرا و، لە ئێستادا بەشێوەى ئەلکیترۆنى کاروبارى یەکسانکردنى بڕوانامەکان بەڕێوەدەچێ.

 

بەئەلیکترۆنیکردنی پڕۆسەی یەکسانکردنی بڕوانامەکان هەنگاوێکی دیکەى گرنگی وەزارەتەکەمان، چونکە پێشتر فشارێکی زۆر لەسەر ئەو بەڕێوەبەرایەتیە هەبو، ڕایکردنی کاروبارەکانی یەکسانکردنی بەو سیستمە کلاسیکیە نەیدەوانی لەگەڵ پێشهاتەکاندا بڕوات، بۆیە لێرە بەدواوە هاوڵاتیان دەتوانن هەر لە ماڵی خۆیان بەبێ ئەوەی ڕێگەیەکی دور ببڕن دەتوانن مامەڵەکانیان بۆ پڕۆسەی یەکسانکردنی بڕوانامەکان دەست پێ بکەن، ئەوەش دەسکەوتێکی گەورەیە بۆ هاوڵاتیان، چونکە بەهیچ شێوەیەک مامەڵەی بەشێوەی دەستی لە هاوڵاتیان وەرناگیرێت، لەهەمان کاتدا بەدەسکەوتێکی گەورەتر بۆ بواری ئەکادیمی لە کوردستان دادەنرێ.

 

لەو پڕۆسەیەدا، خوازیاران بەشێوەی ئۆنلاین دەتوانن داواکاری بۆ یەکسانکردنی بڕوانامەکان لە ڕێگەى وێبسایتێک پێشکەش بکەن، لەسەر ئەو وێبسایتەدا سەرجەم زانیاری و دۆکیۆمینتەکانی پێشکەشکردن، لیستی ناوی زانکۆ باوەڕپێکراوەکان و پرسیارە دوبارەکان دانراوە، بۆیە خوازیار بەر لەوەی داواکاری بەشێوەی ئۆنلاین پێشکەش بکات دەبێ سەرجەم زانیارییەکان بەوردی بخوێنێتەوە پاشان داواکاری پێشکەش بکات، ئەوەش وادەکات هیچ مامەڵەیەکى هاوڵاتیان دو مانگ زیاتر نەخاێنێت.

 

کلیک لێرە بکە بۆ ئەوەى بەشێوەى ئۆنلاین یەکسانکردنى بڕوانامەکانت بۆ بکرێ (یەکسانکردنى بڕوانامە)..