د.یوسف گۆران: ڕێنمایى پێدانى نازناوى زانستى بەمامۆستایانى وەزارەتى پەروەردە تەواو بوە

wezaret9888

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: لە بەر ڕۆشنایى ڕاسپاردە و بڕیارى ئەنجومەنى وەزیران، لەماوەى ڕابردودا لەلایەن لێژنەیەکى تایبەتەوە ڕێنمایى تایبەت بەپێدانى نازناوى زانستى بەمامۆستایانى پەروەردە ئامادەکرا و، لە ڕێکەوتى (٢/١/٢٠١٨) ڕێنماییەکەمان پەسند کرد و، ئاڕاستەى ئەنجومەنى شورا کراوە بۆ ئەوەى لە گۆڤارى وەقائیعى کوردستان بڵاوبکرێتەوە، وتیشى هەر کاتێک بڵاوکرایەوە ئەوکات مامۆستایانى هەڵگرانى ماستەر و دکتۆرا لە وەزارەتى پەروەردە دەتوانن بەپێیى پێوەرەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا لە زانکۆکان مامەڵەکانیان پیشکەش بکەن بۆ وەرگرتنى نازناوى زانستى.

ئەو ڕایگەیاندنەى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەمڕۆ سێ شەممە، ڕێکەوتى (٣٠/١/٢٠١٨) لە میانەى پیشوازیکردن لە وەفدێکى یەکێتیى مامۆستایانى کوردستان هات.

لە کۆبونەوەیەکدا، کە بەئامادەبونى د.وەلى سەرۆکى زانکۆى کۆیە بەرێوەچوو، گفتوگۆ لەبارەى پڕۆسەى پەروەردە و خوێندنى باڵا و دۆخى مامۆستایان لە ناوەندەکانى خوێندن کرا.

لەسەرەتاى کۆبونەوەکەدا، مامۆستا عەبدول واحید سکرتێرى یەکێتیى مامۆستایانى کوردستان لە وتەیەکدا بەناوى ئەندامانى سکرتاریەتى یەکێتیى مامۆستایانى کوردستان سوپاسى ئەو دەرفەت و پیشوازییەى کرد، هەروەک کورتەیەک لە کاروچالاکی یەکێتیەکەیانى پێشکەش بە وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کرد.

سکرتێرى یەکێتیى مامۆستایان وتى: یەکێتیەکەمان خۆى بەنمایندەى سەرجەم مامۆستایان لە وەزارەتى پەروەردە و خوێندنى باڵا دادەنێت و، بەشێکیشین لە باش بەڕێوەچونى ئەو پڕۆسەیە لەسەرجەم ناوەندەکانى خوێندن، وتیشى بۆیە هەموو هەوڵێک دەدەین خوێندن باشتر بکەین، مامۆستا عەبدول واحید جەختى لەسەر ئەوەش کردەوە کە یەکێتیى مامۆستایان لەگەڵ پڕۆسەکانى بونیادنانى ژێرخان و سەرخانى هەرێمى کوردستانین و، ناخوازین پڕۆسەى پەروەردە پەکى بکەوێ، چونکە هەڵپەساردنى دەوام واتا پەکخستنى ژیان، لەو چوارچێوەیەدا لەگەڵ سەرجەم ناوەندە کاریگەرییەکان لە گفتوگۆى بەردەوام بوین بۆ گەیاندن و چارەسەرکردنى کێشەکانى مامۆستایان، چونکە پێمان وایە پەروەردە پەیوەندى بە ئێستا و ئایندەوە هەیە و بابەتێکى ستراتیژییە.

سکرتێرى یەکێتیى مامۆستایانى کوردستان وتیشى بەهۆى ئەوەى مامۆستایان ڕوبەڕوى هەڕەش و توندوتیژى دەبنەوە، بۆیە وەک یەکێتیەکەمان پڕۆژەی یاسایەکى پاڕێزبەندیمان بۆ مامۆستایان لە ناوەندەکانى خوێندن ئامادەکردوە، داواشى کرد وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هاریکاریان بن بۆ سەرخستن و دەوڵەمەندکردنى پڕۆژەکە.

لە بەرامبەردا، د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى سەربارى نرخاندنى کارو پڕۆژەکان و دیدگاى یەکێتیەکەیان بۆ پڕۆسەى خوێندن و پەروەردە لە ناوەندەکانى خوێندن، پاڵپشتى و پشتیوانى وەزارەتى بۆ یەکێتیى مامۆستایانى کوردستان دوپاتکردەوە، وتیشى مامۆستایان کۆڵەگەیەکى گرنگى پرۆسەى خوێندنن لە ناوەندەکانى خوێندن، لەماوەى ڕابردودا هەوڵى زۆریاندا بۆ ئەوەى پڕۆسەى خوێندن پەکى نەکەوێ، بۆیە مامۆستایان هەمیشە جێگەى ستایش و ڕێزن.

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەوەشى ڕاگەیاند: لە بۆردى پەروەردە و خوێندنى باڵا لە سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران داکۆکى تەواومان لە مامۆستایان کردوە، سەبارەت بەپێدانى نازناوى زانستى بەهەڵگرانى بڕوانامەى ماستەر و دکتۆرا لە وەزارەتى پەروەردە، د.یوسف گۆران ڕایگەیاند: لە بەر ڕۆشنایى ڕاسپاردە و بڕیارى ئەنجومەنى وەزیران، لەماوەى ڕابردودا لەلایەن لێژنەیەکى تایبەتەوە ڕێنمایى تایبەت بەپێدانى نازناوى زانستى بەمامۆستایانى پەروەردە ئامادەکرا و، لە ڕێکەوتى (٢/١/٢٠١٨) ڕێنماییەکەمان پەسند کرد و، ئاڕاستەى ئەنجومەنى شورا کراوە بۆ ئەوەى لە گۆڤارى وەقائیعى کوردستان بڵاوبکرێتەوە، وتیشى هەر کاتێک بڵاوکرایەوە ئەوکات مامۆستایانى هەڵگرانى ماستەر و دکتۆرا لە وەزارەتى پەروەردە دەتوانن لە زانکۆکان مامەڵەکانیان پیشکەش بکەن بۆ وەرگرتنى نازناوى زانستى.

لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا، چەند بابەتێکى دیکەى پەروەردەى و بارودۆخى مامۆستایان و خوێندکاران لە ناوەندەکانى خوێندن تاوتوێ کرا.