وەزارەتى خوێندنى باڵا ئاستى زانستى و کواڵیتى زانکۆ تایبەتەکان بەرز دەکاتەوە

logo we

لە چوارچێوەى پلانى ستراتیژى وەزارەت بۆ بەرزکردنەوەى ئاستى زانستى و، کواڵیتى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان، هاوشێوەى زانکۆ حکومیەکان لە ڕێگەى جێبەجێکردنى چەند پڕۆژەیەک توانیویەتى دەسکەوتى گەورە لەو بوارە بەدەست بهێنێت.

د.جەمال کەمال سەرپەرشتیارى خوێندنى تایبەت لە دیوانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەهۆى جێبەجێکردنى چەند پڕۆژەیەک لەسەرجەم ئاستەکان هەوڵیداوە ئاستى زانستى و کواڵیتى خوێندن هاوشێوەى زانکۆ و پەیمانگە حکومیەکان بەرز بکاتەوە، بۆ ئەوەش ڕونیکردەوە جێبەجێکردنى ڕیزبەندى نیشتیمانى زانکۆکان کاریگەرییەکى زۆرى کردۆتە سەر زانکۆ تایبەتەکان، چونکە ئەوان ئێستا رێگە و میتۆدى زانستى گرتۆتەبەر بۆ ئەوەى ساڵانە لە کاتى ڕاگەیاندنى ڕیزبەندى نیشتیمانى زانکۆکاندا شوین و پێگەیان دیار بێ.

سەرپەرشتیارى زانکۆ تایبەتەکان ئاشکراشیکرد، لەگەڵ جێبەجێکردنى پڕۆژەکان، ئاستى چاودێریکردن و لێژنەکانى چاودێریکردنیشیان زیاد کردوە، بۆ ئەوەش وتى: بەهۆى بەدواداچونە بەردەوامەکانمان بۆ تۆمارى ئامادەبوانى خوێندکاران لە زانکۆکان و، چاودێریکردنى هۆڵەکانى تاقیکردنەوە بونە هۆکارى ئەوەى (٢٥٤٠) خوێندکار کە لە قۆناخە جیاکانى خوێندنى زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان بون ناویان ڕەشبکرێتەوە و لە خوێندن بێبەش بکرێن، ئەوەشى ڕاگەیاند دروخستنەوەى ئەو ژمارەیەى خوێندکاران، کە دەکاتە ڕێژەى (٦,٥١%) خوێندکاران سەرجەمیان بەهۆکارى ئامادەنەبون و گزیکردن (قۆپیە) و، دەرئەنجامى لێژنەکانى بەرزەفتکردن بون، د.جەمال کەمال ڕەتیشیکردەوە کە ڕێگە بەزانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان درابێ یەک خوێندکاریش بەهۆى پێنەدان یان دواکەوتنى کرێى خوێندن لە خوێندن بێبەش کرابێت، زیاتر لەوەش جەختى لەسەر ئەوە کردەوە کە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى نوسراوى بۆ سەرجەم زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان کردوە کە نابێ هیچ خوێندکارێک بەهۆى دواکەوتن یان نەدانى کرێى خوێندن لە خوێندن و تاقیکردنەوە بێبەش بکرێ.

سەرپەرشتیارى خوێندنى تایبەت لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەوەشى ئاشکراکرد، کە هاوتەریب کارکردن لەسەر دۆسیەى خوێندکاران، کارى زۆریشیان لەسەر دۆسیەى مامۆستایان و بەرزکردنەوەى ئاستى زانستى مامۆستایان کردوە، لەو چوارچێوەیەدا ڕونیکردەوە کە ئێستا لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان دەبێ هەر مامۆستایەک بەپێى پسپۆڕى خۆى وانە بڵێتەوە، هەروەک هەوڵیشدراوە وانە و سەعاتى زیاترى وانەوتنەوە بدرێ بەو مامۆستایانەى کە پلەى زانستیان بەرزە، د.جەمال کەمال وتیشى (٢٣٠) مامۆستا لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان بەڕێنمایى نوێ نازناوى زانستیان پێدراوە، بەشێوەیەک سەرجەمیان دواى بەدەستهێنانى پێنچى ( IELTS) و هاوشێوەکانى، واتا دواى بەدەستهێنانى مەرجى زمان ئینجا نازناوى زانستیان پێدراوە و، ڕێگەیان پێدراوە لە زانکۆ و پەیماگەکاندا وانە بڵێنەوە.

لە کۆتایشدا، سەرپەرشتیارى خوێندنى تایبەت ڕاگەیاند: لە داهاتودا لە کارەکانیان بەردەوام دەبن و، ڕێوشوێنى جیا دەگرنە بەر تا ئاستى زانستى زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان بەرز بێتەوە، بەشێوەیەک بتوانن کادیرى بەتوانا و لێهاتو بۆ بازارى کارى کوردستان ئامادە بکەن.