وەزارەتى خوێندنى باڵا بەهیچ شێوەیەک دژى زمانى کوردى نیە

zmani kurdi xo

بەهۆى بەهەڵە تێگەیشتن لە بڕیارێکى ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، ژمارەیەک لە مامۆستایان و نوێنەرى ڕێکخراوەکانى کۆمەڵى مەدەنى خۆپیشاندانێکیان بۆ بەردەم وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەنجامدا.

لەو خۆپیشاندانەدا، کە ڕۆژى چوارشەممە ڕێکەوتی (15/3/2017) بەڕێوەچو، خۆپیشاندەران یاداشتێکیان خوێندەوە، لە یاداشتەکەیاندا، داوایان لە ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کرد بەو بڕیارەدا بچێتەوە کە تایبەت بە "ئەژمارکردنى کۆنمرەى زمانەکانى کوردى و عەرەبى بۆ پۆلى دوانزەى ئامادەیى بەشێوەیەکى ئارەزومەندانە".

دواى خوێندنەوەى یاداشتەکەیان، نوێنەرى خۆپیشاندەران بەگەرمى لەلایەن لێپرسراوانى باڵاى وەزارەت بەگەرمى پێشوازیان لێکرا، لە کۆبونەوەیەکدا کە د.کەریم عەبدول ڕاوێژکارى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، د.نەژدەت ئاکرێى بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى توێژینەوە و پەرەپێدان و، د.محمد سابر بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى خوێندن و پلاندانان و بەدواداچون و، د.خەتاب شێخانى بەرێوەبەرى گشتى فەرمانگەى کارگێڕى و دارایى ئامادەیبون، خۆپیشاندەران پەیامەکەیان گەیاندە وەزارەت.

لە بەرامبەردا، لێپرسراوانى وەزارەت جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە، کە ئەنجومەنى وەزارەت و وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى خۆیان بەخاوەن و خەمخۆرى زمانى شیرینى کوردى ئەزانێ، بۆیە چی بۆ بکرێ بۆ پێشخستنى ئەو زمانە درێخى نەکردوە ناکات، هەربۆیە لە ماوەى ڕابردودا لە رێگەى چەندین پڕۆژە توانیویەتى خزمەتێکى باش پێشکەش بەزمانى کوردى بکات، بەتایبەت لە ناوچە دابڕواوەکان، لەهەمان کاتدا لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکانیش، ئەوەشیان ڕاگەیاند: کە لە ئێستادا وەزارەت پڕۆژەیەکى تایبەتى هەیە بۆ بەنێودەوڵەتیکردنى زمانى کوردى.

د. خەتاب ئەحمەد بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى کارگێڕی و دارایی وتى: لایەنێکى گرنگى دەرچونى بڕیارەکەى ئەنجومەنى وەزارەت بریتییە لەو چاکسازى و گۆڕانکارییانەى وەزارەتەکەمان دەیکات لە سیستمى وەرگرتن لەزانکۆ و پەیمانگەکان بەشێوەیەک سیستمەکە لە بەرژەوەندى گشتى خوێندکاران و ڕەچاوکردنى لایەنى پسپۆرى و تایبەتمەندییە، بۆ ئەوەش وتى: وەزارەت ساڵى پار بڕیارى وەرگرتنى ڕاستەوخۆى زانکۆیى جێبەجێکرد و، ئەم شێوازى وەرگرتنە سەرکەوتنى باشى بەدەستهێنا و رەنگدانەوەى باشى بەدواى خۆیدا هێنا، جیا لەوەش بڕیارى لادانى ٣ کۆنمرەى پۆلى ١٢ى ئامادەیى و بەئەلیکترۆنىکردنى سیستمى وەرگرتن و چەندین نمونەى دیکەى زیندووى لە چاکسازى لە سیستمى ناوەندى وەرگرتن خستەڕوو کە ئەم بڕیارەى ئەنجومەنى وەزارەتیش درێژە پێدەرى چاکسازى و بەرەوپێشبردنى سیستمەکەیە.

لەبەشێکى دیکەى قسەکانیدا بۆ مامۆستایانى بەشى کورد بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەی کارگێڕى و دارایى لە وەزارەت ڕایگەیاند: وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى خۆى بەخاوەنى پەرەپێدانى زمانى کوردى دەزانێ و، لەم کابینەیەى حکومەتدا چەندین پڕۆژەى بۆ خزمەتکردن بەزمان و ئەدەبى کوردى جێبەجێکردوە، لە گرینگترینیان دەستپێکردنى (پرۆسەى ناساندن و بەنێودەوڵەتى زمانى کوردى) و بایەخدان بەزمانى کوردى، ئەم پڕۆژەیە یەکێکە لە بەرنامە گرنگەکانى وەزارەتەکەمان کە تایبەتە بەدابینکردنى زەمالەى زمان و ئەدەبى کوردى بۆ خوێندکارانى بیانى و، ئەوەش بریتیە لە پڕۆژەیەکى نەتەوەیى وەزارەتەکەمان بۆ خزمەتکردن بەزمانى کوردى. هەروەها جێبەجێکردنى پڕۆژەى خوێندنى زمان و ئەدەبى کوردى بۆ ئەو خوێندکار و مامۆستایانەى، کە کوردى زمانى دایکیان نیە و لە زانکۆ تایبەتەکان دەخوێنن و وانە دەڵێننەوە، هەروەها بڕیارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بۆ وەرگرتنى خوێندکارانى قوتابخانە کوردییەکان لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان، ئەوا بۆ ماوەى دو ساڵە ئەو قوتابخانانە زیاتر و زیاتر ئاوەدان بونەتەوەو خوێندکاران ڕو لەو قوتابخانانە دەکەن کە خوێندن تێیاندا بەزمانى شیرینى کوردیە و بەمەش لە زانکۆ و پەیمانگەکانى هەرێمى کوردستان وەردەگیرێن.

سەبارەت بە بڕیارەکەى ئەنجومەنى وەزارەتیش، لێپرسراوانى وەزارەت، ئەوەیان ڕاگەیاند: ئەو بڕیارەى ئەنجومەنى وەزارەت بەهیچ شێوەیەک دژى زمانى کورد نیە، بەڵکو لە چوارچێوەیەى ئەو چاکسازیانە دێ، کە وەزارەتەکەمان بۆ ڕێکخستنەوە و باشترکردنى ناوەندى وەرگرتن داڕیشتوە، ڕونیشیان کردەوە بڕیارەکە زمانى کوردى و خوێندنى کوردى قەدەغە نەکردوە، هەروەک بۆ سەرجەم دەرچوانى پۆلى دوانزە نیە، بەڵکو تەنها ئەو خوێندکارانە دەگرێتەوە کە دەچنە کۆلێژەکانى پزیشکى و کۆلێژى ئەندازیارى و کۆلێژى زانست، لەوەشدا خوێندکاران سەرپشک کراون، ئەوەى خوازیار بو ئەوا نمرەکانى بۆ ئەژمار دەکرێ.

لە کۆتایشدا، لێپرسراوانى وەزارەت بەڵێنیان بەخۆپیشاندەراندا دەقى یاداشتەکەیان بەرز بکەنەوە بۆ ئەنجومەنى وەزارەت، چونکە بڕیارەکە لە ئەنجومەنى وەزارەت دەرچوە، کە بەرزترین دەسەڵاتە لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و سەرۆکى سەرجەم زانکۆکانیش تیایدا ئەندامن.