وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: پاراستنى کوالێتى خوێندن و بەرزکردنەوە ئاستى زانستى و ئەکادیمى زانکۆکانى کوردستان و پێشکەشکردنى باشترین خزمەتگوزارى زانستى بە هەرێمەکەمان، لە پێشینهی کارەکانمان دەبێت.
ئەو دوپاتکردنەوەى د.ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەمڕۆ یەکشەممە, ڕێکەوتى (٢١/٧/٢٠١٩) لە میانەى پێشوازیکردنى لە (د. سەلام خۆشناو) بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى حکومەتى عێراق هات, کە بەمەبەستى پیرۆزبایکردن لە د.ئارام محمد وەک وەزیرى نوێى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى سەردانى وەزارەتی کردبوو.
لەو چوارچێوەیەداو، لەسەرەتاى دیدارەکەدا بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئاماژەى بە پەرەپێدان و هەماهەنگى زیاتر لە نێوان هەرێم و ناوەند كرد، بهتایبهت لە بوارى خوێندنى باڵا و گەشەپێدان و، ئەو پرۆژە هاوبەش و ئەکادیمیانەى کە ئامانج لێى بەرژەوەندى فێرخوازانى هەرێمى کوردستانە.
لەبەرامبەردا، د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دواى بەخێرهێنانى وەفدى میوان، ڕایگەیاند: لەئێستاى عێراقدا دەرفەتێکى گرنگ هاتۆتە پێش بۆ دەستبەکردنى ماف و داخوازییەکانى خەڵکى کوردستان و چارەسەرکردنى کێشەکانى نێوانمان، لەم نێوەندەشدا بەهێزبونى پەیوەندیەکانى هەرێم و ناوەند وا دەکات لەبوارى خوێندنى باڵاشدا وەزارەتەکەمان سودمەند بێت لەکۆى ئەو بەرنامەو پڕۆژە هاوبەشانەى هەیە، وەک سكۆلهرشیپ و خولەکانى ڕاهێنان و گەشەپێدانى توانا مرۆییەکان....
وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتیشى: بە پشتیوانى هەمولایەک و وەک یەک تیم کار دەکەین بۆ ئەوەى ئەو پەیوەندیانەمان بەهێزتر بکەین و ئاڵوگۆڕى زانستى و ئەکادیمى لەنێوانمان زیادبێت و، هەردولا بتوانین بۆ پێشخستنى وڵاتەکەمان کارى پێکەوەیى ئەنجامبدەین. بۆ ئەمەش دوپاتیکردەوە پێشخستنى کەرتى خوێندنى باڵاى کوردستان و بەرزکردنەوە و پاراستنى کوالێتى خوێندن لە ئاستى زانستى و ئەکادیمى و پێشکەشکردنى باشترین خزمەتگوزارى زانستى، له پێشینهی كارهكانمان دەبێت.
هەر ئەمڕۆ وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەمیانى سەرپەرشتىکردنى کۆبونەوەیەکى راوێژکار و بەڕێوەبەرانى گشتى وەزارەت، ئاماژەى بەوە کرد کارى لە پێشینەمان دەستکردن و گەشەپێدانە بەو کاروبارانەى کە لە پلانماندایە، بۆ ئەوەش فەرمانیدا کە هەمومان وەک یەک تیم لەبەر ڕۆشنایى و بەرژەوەندییە باڵاکانى هەرێمەکەمان بەردەوامى بە کارەکان بدەن و خزمەتکردنى هاوڵاتیان بکەنە بنەمای کاروبارەکانیان لە وەزارەتەکەمان بەزووى ڕابپەڕێنین.
لەلایەکى دیکەشەوە هەر ئەمڕۆ د. ئارام محمد بە بەجیا پێشوازى لە ژمارەیەک لە سەرۆکى زانکۆ حکومى و تایبەتەکانى هەرێمى کوردستان کردو, لە کۆى دیدارەکاندا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى جەختى لەسەر درێژەدان بەکاروانى خزمەت و خەباتى زانستى کردەوە.