کۆلێژەکانى ئەندازیارى گۆڕانکارییان تێدا دەکرێ

kobnewe legel kolizhekani andazyari

لە چوارچێوەى نەخشە ڕێگە و پلانى ستراتیژى وەزارەت بۆ گۆڕینى پڕۆگرامەکانى خوێندن و، ڕێکخستنەوەیان بەپییى گۆڕانکارییەکانى سەردەم، بەسەرپەرشتى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کۆمیتەى پێداچونەوە بەپرۆگرامەکانى خوێندن لە کۆلێژ و بەشەکانى ئەندازیارى دەستى بەکارەکانى خۆى کرد.

لەو کۆبونەوەیەدا، کە ئەمڕۆ دوشەممە، ڕێکەوتى (٣١/٧/٢٠١٧) لە دیوانى وەزارەت بەئامادەبونى د.نەژدەت ئاکرێى بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى توێژینەوە و پەرەپێدان و، د.داود سلێمانى ئەتروشى بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى ئەندازە و پڕۆژەکان و، ڕاگرى سەرجەم کۆلێژەکانى ئەندازیارى لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان و، نوێنەرى سەندیکا ئەندازیارانى کوردستان بەڕێوەچو گفتوگۆ لەبارەى هەنگاوەکانى گۆڕینى پڕۆگرامەکانى خوێندن لە کۆلێژەکانى ئەندازیارى کرا.

بۆ ئەو مەبەستە و، لەسەرەتاى کۆبونەوەکەدا، د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و تویژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: وەزارەتى خوێندنى باڵا هەنگاو بەهەنگاو دەستیکردوە بەگۆرین و ڕێکخستنەوەى سەرجەم بەشە زانستیەکان لە زانکۆکانى کوردستان، بۆ ئەو مەبەستەش هاوشانى سەرۆک و شارەزایانى بەشە پسپۆڕییەکان، لەهەمان کاتدا گوێ لە سەندیکا و ڕێکخراوە پیشەییەکانیش دەگرین، چونکە دواجار ئەو دەرچوان دەبێ بۆ بازارى کار ئامادە دەکەن، وتیشى لە ماوەى ڕابردودا توانیومانە گۆڕانکارى بنەڕەتى لەبەشەکانى یاسا و زانستە ئییسلامیەکان بکەین، لەهەمان کاتدا هەنگاوەکانى گۆڕانکارى لە بەشەکانى کۆلێژە پزیشکیەکان، زانستە سیاسیەکان و کۆلێژەکانى کشتوکاڵ گەیشتونەتە قۆناخى کۆتایى، بۆیە هاوشێوەى ئەو بەشانە دەمانەوێ گۆڕانکارى لە بەش و کۆلێژەکانى ئەندازیارى بکەین.

د.یوسف گۆران ڕایگەیاند: تا ڕادەیەک دەرچوانى کۆلێژەکانى ئەندازیارى نەیانتوانیوە هاوتەریب لەگەڵ پێشکەوتنەکانى سەردەم ڕێکەن، ئەوەش گرفتى گەورەى دروست کردوە، چونکە بەش و کۆلێژەکانى ئەندازیارى لە هەر کۆمەڵگەیەک بەردى بناخەى پێشکەوتن و گەشەپێدانى کەرتى ئاوەدانى ئەو وڵاتەن، بۆیە بەسود وەرگرتن لە گۆڕانکارییەکانى جیهان لە بوارى ئەندازیارى و، ڕەچاوکردنى پێداویستیەکانى بازارى کارى کوردستان دەمانەوێ کۆلێژەکانى ئەندازیارى دابڕێژینەوە بۆ ئەوەى سود لە تواناى دەرچوانى ئەو کۆلێژانە وەربگرین، بۆ ئەوەش ئەندامانى کۆمیتەکەى ڕاسپارد لە داڕشتنەوە و گۆڕانکارییەکاندا پێداویستیەکانى کوردستان لە بوارى ئاوەدانى و خزمەتگوزارى لەبەرچاو بگرن و، بزانن چ بەشێک پێویستە و، کامیان پێویست نیە، هەروەک لەسەر بنەماى بەرژەوەندى گشتى بڕیار بدەن کە کێ شایستە لە داهاتودا ببێتە ئەندازیار.

لە بەشى کۆتایى قسەکانیدا، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پاڵپشتى و پشتیوانى تەواوى خۆى بۆ سەرخستنى پێشنیازەکانى کۆمیتەکە دوپاتکردەوە و وتى: دەبێ وانەکانى خوێندن لە کۆلێژەکانى ئەندازیارى وا دابڕێژینەوە، کە  ڕەنگدانەوەى تەواوى پێداویستیەکانى کۆمەڵگە بن، وتیشى لە داڕشتنەوەى پڕۆگرامەکاندا بایەخ بەکواڵیتی و گونجاندن لەگەڵ پێشکەوتن و گۆڕانکارییەکانى سەردەم بدەن، بۆ ئەوەى کۆمەڵگەکەمان بەرەوپیش بەرێت.

هەر لەو کۆبونەوەیەدا، سەرجەم ئەندامانى کۆمیتەکە ڕاوبۆچونى خۆیان لەبارەى کێشەکان لە کۆلێژەکانى ئەندازیارى خستەڕو بەتایبەت کێشەى وەرگرتنى خوێندکاران لەو زانکۆیانە، کە داوایان کرد هاوشێوەى کۆلێژەکانى دیکە بکرێتە سیستمى وەرگرتنى ڕاستەوخۆى، هەروەک داوایان کرد ناوى بەشەکان گۆڕانکارى تێدا بکرێ و لەگەڵ گۆڕانکارى لە ناوەکان گۆڕانکارى لە ناوەڕۆکەکەش بکرێ، بەشێوەیەک ناوەڕۆکى پرۆگرامەکانى خوێندن ببەسترێتەوە بەبازارى کارى کوردستان و، ماوەى خوێندنیش لە کۆلێژەکانى یاسا زیاد بکرێ.